هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

ژمارەیەکی زۆر ئاوارە دەگەڕێنەوە حەمدانییە

خالید تائی

ئاوارە عێراقییەکانی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان له‌ ئەیلولی 2017 . [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاواره‌كانی عێراق]

ئاوارە عێراقییەکانی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان له‌ ئەیلولی 2017 . [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و ئاواره‌كانی عێراق]

شارەوانیی شارۆچکەی حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا هەینی (12 تەمموز) وتی ژمارەیەکی بەرچاوی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ماڵه‌كانیان دوای رزگاربوونی ناوچەکەیان لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

سەرۆكی شارەوانی، فەیسەڵ ئەسکەندەر بە دیارونای وت: "لە چەند مانگی رابردوودا، پیشکەوتنێکی بەرچاومان بینیوە لە بارەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان لە ناوەندی قەزای حەمدانییە و ناحیەکانی دەوروبەری."

وتی ئەوانەش ناحیەکانی قەرەملیس، بەرتەلە و قەرەقۆش و بەعشیقە لەخۆدەگرن.

وتیشی: "رێژەی گەڕانەوەی شەبەك و کاکەییەکان گەیشتۆتە له‌سه‌دا 90 و نزیکەی نیوەی خێزانە مەسیحییەکانی شارۆچکەکەش -- كه‌ دەوروبەری 24,000 کەس دەبن -- گەڕاونەتەوە."

داگیرکاریی داعش وێرانکاریی هێنا بۆ شارۆچکەی حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: شارەوانی حەمدانییە]

داگیرکاریی داعش وێرانکاریی هێنا بۆ شارۆچکەی حەمدانییە لە پارێزگای نەینەوا. [خاوەنی وێنە: شارەوانی حەمدانییە]

ئەسکەندەر وتی بەڵام خێزانەکانی خێڵە عەرەبەکان بەتایبەتی ئەوانەی باشوری حەمدانییە، وەك گوندی خازه‌ر، هێشتا ئاوارەن.

وتیشی: "نزیکەی 130,000 کەس گەڕاونەتەوە لە کۆی ئاوارەکانی حەبانییە کە 190,000 کەس بوون و ئاوارەبوون دوای ئەوەی داعش ناوچەکانی گرتن لە ناوەڕاستی 2014."

'رەوشی ئەمنی رێگر نییە لە گەڕانەوە'

جەختیکردەوە له‌وه‌ی رەوشی ئەمنی رێگرنییە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان، چونکە هێزەکانی عێراق شارۆچکەکەیان بە دەستی پۆڵاینیان پاراستووە لەکاتێکدا رەوشی ئەمنیش باشە.

وتی زیاتر لەوەش، خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە سەرەکییەکان باشتربوون دوای ئەوەی چەندین پرۆژە کە لەلایەن داعشەوە تێکدرابوون چاککرانەوە.

ئەسکەندەر وتی کێشەی سەرەکی لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو 60,000 ئاوارەیەی دیکەدا ئەوەیە كه‌ "زۆربەی خانووەکانیان بەتەواوی رووخاون و ئەو بڕە پێویستەی داراییان نییە تا درووستیان بکەنەوە".

وتیشی: "هەزاران خانوو چاککردنەوەیان نیوەی تەواوبووە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بە هاوکاریی دەزگا نیشتمانییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،" كه‌ یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ کەمکردنەوەی کێشەی خێزانە ئاوارەکانی حەمدانییە.

ئەسکەندەر داوای لە حکومەت کرد "قەرەبووی دارایی ئاوارەکان بکاتەوە تا بتوانن ماڵەکانیان درووستبکەنەوە و ئاوارەییان کۆتایی پێبێت."

داواشیکرد "بودجەی شارۆچکەکە لەلایەن دەوڵەتەوە زیادبکرێت بۆئەوەی ئارامی بەرقەراربێت و پرۆژەکانی بنیاتنانەوە جێبەجێبکرێن".

وتی: "هەندێك لەو بینایانه‌ی لەلایەن تیرۆریستەکانەوە تێکدران، وەك کڵێسا و شوێنە پیرۆزەکان، جگە لە هاوکاری دارایی پێویستیان بە شارەزایی تەکنیکی و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی هەیە بە دروستکردنەوەیان."

ئەسکەندەر وتی بینایان تێدایە تەمەنی زیاتر لە 500 ساڵە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500