هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق ناوی منداڵانی لەدایکبووی ناوچەکانی داعش تۆماردەکات

خالید تائی

بەرپرسێکی ئەمنی سەرپەرشتی دەرکردنی بەڵگەنامە دەکات بۆ خێزانێك لە پارێزگای نەینەوا لە 18 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بەرپرسێکی ئەمنی سەرپەرشتی دەرکردنی بەڵگەنامە دەکات بۆ خێزانێك لە پارێزگای نەینەوا لە 18 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بەرپرسانی عێراق لە 1 حوزەیران دەستیانکرد بە تۆمارکردنی ئەو منداڵانەی لەو ناوچانە لەدایکبوون کە پێشتر لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کۆنترۆڵکرابوون.

دادگاکانی عێراق ماوەیەکە بە هاوبەشی کاربەدەستانی ئەمنی کاردەکەن بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ منداڵانی تۆمارنەکراو بەگوێرەی ناسنامەی شوناسی دایکوباوکیان یان بەپێی شایەتیی شایەتحاڵان.

ئەم هەنگاوە کۆتاییده‌هێنێت بە یەکێك لە ئاڵۆزترین کێشەکانی قۆناغی داعش، کە وایکرد هەزاران منداڵ بەڵگەنامەی فەرمیان نەبێتلەبەرئەوەی ئەو بەڵگەنامانەی گروپەکە دەریکردوون لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دانیان پێدا نانرێت.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، عەلی بەیاتی وتی هەنگاوی تۆمارکردنی ئەو منداڵانە "دەستپێشخەرییەکی گرنگە" چونکە دادپەوەرانە نیە ئەو منداڵانە لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەشبکرێن لەو وڵاتەی تیایدا لەدایکبوون.

ژنان بەڕیز وەستاون لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ داواکردنی بەڵگەنامەی فەرمی لە پارێزگای نەینەوا لە 25 حوزەیران 2017. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

ژنان بەڕیز وەستاون لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ داواکردنی بەڵگەنامەی فەرمی لە پارێزگای نەینەوا لە 25 حوزەیران 2017. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بە دیارونای وت: "بەدەستهێنانی بەڵگەنامەکان مانای وایە دەتوانن سوود لە تەواوی مافەکانی هاوڵاتیبوون و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگا ببینن تا داهاتوویان پارێزراو بێت."

وتی پێشتر کە خێزانەکان داوایان پێشکەشدەکرد بۆ تۆمارکردنی منداڵەکانیان، تووشی ژمارەیەك بەربەست دەبوونەوە، چونکە ئەو هاوسەرە عێراقیانەی لەژێر فەرمانڕەوایی داعشدا هاوسەرگیرییان کردبوو دەبوو یەکەمجار رەوابوونی هاوسەرگیرییەکەیان بسەلمێنن.

بەیاتی وتی: "کێشەکە قوڵتریش دەبێتەوە گەر یەکێك لە دایك و باوکەکە، بەتایبەتی باوکەکە، مردبێت، ون بووبێت یان پەیوەندیی بە گروپە تیرۆریستییەکەوە هەبێت."

وتی ئه‌وه‌ ئەرکی کاربەدەستانی ئەمنییە کە پشکنینی ئەمنیی دوورودرێژ ئەنجامبدەن، بەتایبەتی لەدۆخێکدا باوکەکە چەکدارێکی بیانیی داعش بووبێت کە هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکی عێراقی کردبێت.

وتیشی: "بەهیواین دوای ئەم بڕیارە کێشەکە بەجددیتر وەربگیرێت سەرەڕای سەختی و ئاڵۆزی، کە دەکرێت ببێتە هۆی چارەسەرکردنی هەندێك لە حاڵەتەکان."

بەیاتی داوای دەرکردنی یاسایەکی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو منداڵانەی رەسەنیان نازانرێت و ئەوانەی ناتوانرێت دڵنیایی بدرێت لەبارەی دایکوباوکیانەوە، لەگەڵ داوای قەرەبووکردنەوەی خێزانی منداڵە هەتیوکەوتووەکان.

جەختیکردەوە لە گرنگی دادپەروەریی ئینتیقالی لەنێو کۆمەڵگە رزگارکراوەکاندا "بۆ پاراستنی مافی خێزانەکان و ئەو منداڵانەی لەکاتی فەرمانڕەوایی تیرۆریستاندا لەدایکبوون، لەنێویاندا منداڵانی چەکدارانی داعش".

چارەسەری مرۆیی

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، غەزوان داودی وتی: "بڕیارەکە ترسی لەدایکبوونی نەوەیەکی نوێی تیرۆریستان یان تاوانباران دەڕەوێنێتەوە."

بە دیارونای وت لەم چەند مانگەی دواییدا، ئەنجومەنەکە چەندین "داواکاریی بەدەستگەیشتووە لە خێزانەکانەوە، بەتایبەتی لە ژنانی چەکدارانی داعشەوە، بۆ دەستێوەردان و دەستبەجێ تۆمارکردنی منداڵەکانیان".

وتی: "ئێمەش بەردەوام داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەمان کردووە و داوادەکەین بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت." ئاماژەشیکرد به‌وه‌ی منداڵان لە دایکوباوکانی داعش نابێت بەرپرس رابگیرێن بۆ تاوانەکانی دایکوباوکیان.

داودی وتی ئەم منداڵانە "نابێت بەبێ بەڵگەنامەی پێویست جێبهێڵرێن کە لە داهاتوودا رووبه‌ڕووی ئەگەری تاوانکاری، توندوتیژی، تۆڵە و هەستی پەراوێزخستن و جیاکارییان بكاته‌وه‌".

داواشیکرد ئەو کێشە ئاڵۆزە بە چەند قۆناغێك چارەسەربکرێت.

وتی: "سەرەتا دەبێت کێشەی ئەو منداڵانە چارەسەربکەین کە دایکوباوکیان هێشتا زیندوون و دواتر ئەو هەتیوانەی کە دایکوباوکیان نەزانراوە."

ئەیسەر فەخری کە وانەی دەروونناسی دەڵێتەوە لە زانکۆی بەغدا وتی بڕیاری تۆمارکردنی منداڵانی لەدایکبووی ناوچەکانی ژێردەستی داعش "چارەسەری کێشەیەکی مرۆیی سەخت دەکات".

بە دیارونای وت ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو "منداڵانەیە کە لە دۆخێکی نائاساییدا لەدایکبوون و ئێستا تەمەنیان لەنێوان 2 بۆ 5 ساڵدایه‌".

فەخری وتی بڕیارەکە هه‌لی ئەوە زیاد دەکات کە ئەو منداڵانە ببنە تاکی شیاو بۆ تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی عێراقی و ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەمە پێویستی بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پشرتگیری و چارەسەری دەروونناسیشە.

وتی هەنگاوەکەی حکومەت "بەڕە لەژێرپێی ئەو تیرۆریستانە دەردەهێنێت کە سوود لەم منداڵانە دەبینن" بە مێشك شۆردنەوەیان بە ئایدۆلۆژیای توندڕەو و راکێشانیان بۆ نێو ریزەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500