هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پاسداران بەناوی بنیاتنانەوەوە لە سوریا ئامادەیی زیاترده‌كات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئاڵای ئێران دەبینرێت بەسەر ئۆتۆمبیلێکەوە کە کاری حکومی دەکات لە شاری دیمەشقی سوریا. [خاوەنی وێنە: جەمیل عەبد]

ئاڵای ئێران دەبینرێت بەسەر ئۆتۆمبیلێکەوە کە کاری حکومی دەکات لە شاری دیمەشقی سوریا. [خاوەنی وێنە: جەمیل عەبد]

رێکخراوێك کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی ماددی دەکرێت و سەر بە حیزبوڵای لوبنانیە کارەکانی لە سوریا فراواندەکات بەناوی ئەنجامدانی بنیاتنانەوە و دابینکردنی کۆمەكەوە، چالاکوانانی سوری بە دیارونایان وت.

چالاكوانه‌كان جیهاد بینایانتۆمەتبارکرد بە شاردنەوەی ئامانجی سەرەکی خۆی: بەکرێگرتنی لاوان بۆ خزمەتکردن لە ریزەکانی حیزبوڵادا و بەدەستهێنانی گرێبەستی گەورەی عەقارات کە پشتیوانی گرنگی ماددی بۆ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) بەدەستدەهێنێت.

پارێزەرێكی سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت رێکخراوەکە ماوەیەکە داروپەردوو لادەبات و چەند بینایەك لە چەند ناوچەیەکی سوریا نۆژەندەکاتەوە "جگە لە دابەشکردنی کۆمەکی خواردەمەنی و پارە، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان".

وتی سەرەڕای رووکاری ئاشکرای مرۆیی چالاکییەکانی رێکخراوەکە، "قازانجی راستەوخۆیان بۆ پاسدارانە" بە ئاسانکاری بۆ فراوانبوونی بەنێو سوریادا و "بردنەوەی زۆرێك لە گرێبەستەکانی کەرتی گشتیی حکومەتی سوریا".

وتی ئەمە وادەکات جیهاد بینا داهاتی نوێ بەدەستبهێنێت لە گەنجینەی سوریا، راستەوخۆ بێت یان لەڕێی لایەنەکانی سەر بە خۆیەوە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی سورییەوە.

تەرکیز لەسەر شارۆچكه‌یه‌كی سنووری

بەسام ئاماژەیکرد بەوەی لەڕێگەی جیهاد بیناوە، پاسداران تەرکیز دەخاتە سەر هەوڵەکانی لەنێو شاری ئەلبوکەمالی دێرەزووردا، کە لەوبەری شاری قائیمی عێراقه‌ لەسەر سنوورەكه‌.

وتی پێگە ستراتیژییەکەی وادەکات شارەکە کلیلی سەرەکی بێت بۆ پاسداران "کە هەوڵدەدات کۆنترۆڵی ئەلبوکەمال بکات تا رێگەیەکی سەلامەت و هەمیشەیی هەبێت بۆ عێراق".

وتیشی میلیشیاکانی سەر بە پاسداران ئامادەییەکی بەهێزیان هەبووە لە ناوچەکە لەوکاتەوەی دەستیان بە فراوانکاری کردووە، بەتایبەتی حیزبوڵا، کە بەچڕی له‌ ئەلبوکەمالدا جێگیربووه‌ و ژمارەیەك نوسینگەی جیهاد بینای لەوێ کردۆتەوە.

بەسام وتی: "شایەتحاڵان دەڵێن ئۆتۆمبیلەکانی رێکخراوی جیهاد بینایان بینیووە کە یاوەری کراون بە هێزەکانی حیزبوڵا لە کاتی دانانی کارگۆی کۆمەکدا و ئەوانیدی چوونەتە نێو ئەو گەڕەکانەی کە بوونەتە ناوەندی سەربازی یان بۆ نێو ئەو شارۆچکانەی بوونەتە بنکەی سەربازی بۆ میلیشیاکان."

وتیشی ئەم ئۆتۆمبیلانە یاوەری و پارێزگاریی سەربازییان پێدراوە، "کە ئاماژەیەكه‌ بەوەی چەکیان پێیە".

'ئامرازی فراوانکاری'

بەسام وتی جیهاد بینا لەلایەن حیزبوڵاوە لە بەیروت دامەزرا و بووە هێڵی پێشەوەی فراوانخوازیی ئێران لە لوبنان بەناوی کاری پەرەپێدانەوە.

وتی کاتێك شەڕ لە سوریا دروستبوو، "رێکخراوەکە بووە ئامرازی فراوانخوازی لە سوریا لەڕێگەی ئەو کۆمەکەی دابەشدەکرا لە ناوچە دوورەدەستەکان کە کارەساتیان تێدا دروستبووە بەهۆی ئاکامە ئابورییەکانی شەڕی بەردەوامەوە".

وتیشی کاتێك رێکخراوەکە جێپێی خۆی قایمکرد، "توانی چەند ناوەندێك دابمەزرێنێت لە ناوچەکانی دیکەی وەك دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری، هه‌روه‌ها دێرەزوور و هەندێك ناوچەی حەلەبیش".

بەسام ئاماژەیکرد بەوەی جیهاد بینا "سەرەتا چەند ناوەندێکی خزمەتگوزاری پزیشکیی کردەوە کە دەستیان دەگەیشت بە خێزانەکان و دەیانتوانی خەریکی راکێشانی خەڵك بن".

چالاکوانێكی خۆجێی، جەمیل عەبد بە دیارونای وت لە دێرەزوور رێکخراوەکە کۆنترۆڵی ده‌یان ماڵ و موڵکی کردووە بە کڕینیان لە خاوەنەکانیان یان بەکرێگرتنی دوورمەودای خانووبه‌ره‌ و زەوی.

وتی ئەم چالاکیانە تەرکیزیان لەسەر گەڕەکی جه‌معیاته‌ له ئەلبوکەمال، "کە کرایە بنکەی سەربازی و شوێنی نیشتەجێبوونی چەکدارەکانیان و خێزانەکانیان".

فشار لە سورییەکان دەکرێت بۆ فرۆشتن

عەبد وتی: "لەلایەن میلیشیاکانەوە فشار لە دانیشتوانیش دەکرێت لە شارەکە تا ناچاربن موڵکەکانیان بفرۆشن، جا لەڕێگەی هەڕەشەوە بێت، دەستگیرکردن یان داخستنی دوکانەکانیان."

ئاماژەیکرد بەوەی زۆربەی مامەڵەکان لەڕێگەی نوسینگەی ئاسایشی هاوڕێیانه‌وه‌ دەکرێت، کە مامەڵەکان رێکدەخات و تەواویان دەکات دوای ئەوەی خاوەنی موڵەکەکە لەلایەن جیهاد بیناوە دەنێردرێتە لایان.

وتی جگە لە بەدەستهێنانی موڵك، جیهاد بینا لاوانیش رادەکێشێت بۆ نێو حیزبوڵا بە موچەی مانگانەی نزیکەی 200 دۆلار و ئاماژەیکرد بەوەی حیزبوڵا بەمدویایانە دەستیکردووە بە پێدانی موچەکانیان بە لیره‌ی سووری.

وتیشی ئەمە دەکرێت ئاماژەبێت بەوەی "پاسداران و میلیشیاکە دراوی بیانییان نەماوە".

هه‌روه‌ها وتی دامەزراندن لەنیو حیزبوڵادا "بە فشارکردن ئەنجامدەدرێت لەو لاوانەی کە دەبێت خزمەتی سەربازی یان یەدەگ ئەنجامبدەن،" جگە لە قۆستنەوەی دۆخی دارایی سەخت و بێکارییان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

شەرەفمەندانەترە لە کەنداو.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌