هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

3 کارمەندی فریاگوزاری لەنێو 15 کوژراودان له‌ هێرشێکی رژێمی سوریادا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

وێنەیەك لە ڤیدیۆی چالاکوانانی پارێزگای ئیدلیبی سوریا کچێکی منداڵ نیشاندەدات کە دەڵێت ئەو تیرۆریست نیە، لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا و سوریادا بۆ سه‌ر ناوچەکە کە مەدەنیانی بێتاوان دەکەنە ئامانج.

وێنەیەك لە ڤیدیۆی چالاکوانانی پارێزگای ئیدلیبی سوریا کچێکی منداڵ نیشاندەدات کە دەڵێت ئەو تیرۆریست نیە، لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا و سوریادا بۆ سه‌ر ناوچەکە کە مەدەنیانی بێتاوان دەکەنە ئامانج.

بۆمبارانی رژێم 15 مەدەنی کوشت، لەنێویاندا حەوت منداڵ و سێ کارمەندی فریاگوزاری لە ئەمبولانسێكدا لە باکوری خۆرئاوای سوریا رۆژی پێنجشەممە (20 حوزەیران)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ منداڵەکان لە چەندین ناوچەی ژێردەستی توندڕەوان لە پارێزگای ئیدلیب کوژران.

هێرشێکی ئاسمانیی رژێم ئەمبولانسێکی کردە ئامانج لە شارۆچکەی مەعەرەت نوعمان و سێ کارمەندی فریاگوزاری لەنێودا کوشت، لە دوایین بۆمبارانی کوشندەدا بۆ سەر ناوچەیەکی فراوانتر.

وێنەگرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە شوێنه‌كه‌ ئەمبولانسێکی تێکشکاوی بینی لەگەڵ کارمەندانی فریاگوزاری کە رزگاربوویەکی برینداریان هەڵگرت لە ئۆتۆمبیلەکەدا.

ئەندامێکی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) دەبینرێت منداڵێکی برینداری هەڵگرتووە بۆ نێو ئەمبولانسێك دوای هێرشێکی ئاسمانی لە پارێزگای ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

ئەندامێکی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) دەبینرێت منداڵێکی برینداری هەڵگرتووە بۆ نێو ئەمبولانسێك دوای هێرشێکی ئاسمانی لە پارێزگای ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

رێکخراوی کۆمەکی بەنەفسەج رایگەیاند كه‌ دوو لە کارمەندانی کوژران.

ئەندامێکی بۆردی بەڕێوەبردنی ئەو رێکخراوە خێرخوازییە، فوئاد عیسا، وتی: "بەئامانجکردنێکی راستەوخۆی ئەمبولانسەکە بوو، دوو [كارمه‌ندی كۆمه‌كی] کوشت."

وتی ژنێكیش لە ئەمبولانسەکەدا مرد لەکاتێکدا بۆ چارەسەرکردن دەگوازرایەوە.

چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا کە ناوچەی شاری ئیدلیب و شارۆچکەکانی حیش، کەفەر سجنە، شێخ مستەفا و سوفوحونیان کردە ئامانج زۆر قوربانییان جێهێشت.

بەگوێرەی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) زۆرترین ژمارەی قوربانی لە شارۆچکەی به‌نین بوو، کە لانیکەم چوار هێرشی ئاسمانی کرایە سه‌ر و هەشت مەدەنییان کوشت و چەندینی دیکەیان بریندارکرد، هەندێکیان لە دۆخێکی هەستیاردان.

'رزگارکردنی خاکەکە'

روانگەکە رایگەیاند كه‌ شەڕ پێنجشەممە بەردەوامبوو لە باکوری پارێزگای حەما و لانیکەم 22 چەکداری دژە رژێم و 21 هه‌واداری رژێم کوژران لە پێکدادانەکانی دەوروبەری گوندی تەل مەلەحدا.

راشیگەیاند كه‌ زیاد لە 90 چەکدار کوژران لە هەمان ناوچە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا.

وەزیری دەرەوەی سوریا، وەلید موعەلیم چوارشەممە بەڵێنی گەڕانەوەی تەواوی دەسەڵاتی رژێمی دا بۆ ئیدلیب لە دوایین هۆشدارییدا لەو جۆرە لە حکومەتی دیمەشقەوە.

بە کەناڵی تەلەفزیۆنی مەیادینی نێو بەیروتی وت: "ئیدلیب پارێزگایەکی سوریایە و ئۆپەراسیۆنەکان کە سوپای سوریا ئەنجامیاندەدات لەسەر خاکی سوریا مافی رەوای خۆیەتی بۆ رزگارکردنی خاکەکەی."

بەگوێرەی روانگەکە، حکومەتی سوریا و روسیا بۆمبارانیان زیادکردووە لە ناوچەکە لە کۆتایی نیسانەوە، کە زیاد لە 440 مەدەنییان کوشتووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت کە زیاد لە 23 نەخۆشخانە و ئەمبولانسێك لە کۆتایی نیسانەوە لە ناوچەی ئیدلیب لێیان دراوە. نزیکەی 330,000 کەس ناچار بە هەڵاتن لە شوێنی خۆیان کراون.

بەڕێوبەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان مارك لۆوکوك سێشەممە هۆشدارییدا لەوەی جیهان رووبەڕووی "کارەساتێکی مرۆیی [دەبێتەوە] كه‌ لەبەرچاوماندا روودەدات".

سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس هەمان رۆژ داوای لە روسیا و تورکیا کرد "دۆخەکە سەقامگیر بکەن" و هؤشدارییدا لەوەی "مەدەنیەکان باجێکی مەترسیدار دەدەن".

چالاکوانان هاشتاگێك بەگەڕدەخەن بۆ تیشکخستنە سەر توندوتیژی

لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و روسیادا، چالاکوانانی ناوچەکە لە ئیدلیب هاشتاگی (#I_am_not_a_terrorist)یان خستەگەڕ بۆ تیشکخستنە سەر ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر دانیشتوانی بێتاوانی پارێزگاکانی ئیدلیب و حەما دەکرێت.

ئیدلیبی وتی هاشتاگەکە بەفراوانی بەکارهێنرا لەلایەن چالاکوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه‌ کە وەك رێگەیه‌ك بۆ دەرخستنی کرده‌وه‌كانی توندوتیژی بینییان لەلایەن رژێم و روسیاوە دژی مەدەنییەکان لەژێر پاساوی "شەڕی تیرۆریستان"دا.

بە دیارونای وت هاشتاگەکە یاوەری دەکرا بە ڤیدیۆیەك کە وێنەی چەند مەدەنییەکی تێدابوو لە ناوچەی بەئامانجکراو کە خۆیان و كاره‌كانیان دەناساند و رایاندەگەیاند کە ئەوان تیرۆریست نین.

وتی زۆرینەی ئەوانەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتن وتیان کە "دژی رژێمن بەڵام تیرۆریست نین" و وتیشی ڤیدیۆکە بە وێنەی کچێك کۆتایی دێت کە تەمەنی له‌ پێنج ساڵ تێناپه‌ڕێت، دەلێت "من تیرۆریست نیم".

ئیدلیبی وتی هاشتاگەکە "بە فراوانی لەسەر فەیسبوك و تویتەر بڵاوکرایەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی مەدەنیەکانی ناوچەکە ستایشیان کرد بەوەی باشترین رێگەیە بۆ گواستنەوەی دەنگیان بە جیهان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

وێنه‌ی شه‌هیده‌كانی دیمه‌شق\شام

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌