هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

ئێران و به‌كرێگیراوانی کەرتی کشتوکاڵی له‌ عێراق تێکدەدەن

فارس عومران

جوتیارانی پارێزگای کەربەلا بەرهەمی گەنم کۆدەکەنەوە بۆ فرۆشتن بە گەنجینەکانی دانەوێڵەی حکومەت لە ئایاری 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق]

جوتیارانی پارێزگای کەربەلا بەرهەمی گەنم کۆدەکەنەوە بۆ فرۆشتن بە گەنجینەکانی دانەوێڵەی حکومەت لە ئایاری 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق]

رژێمی ئێران و به‌كرێگیراوانی لە شه‌ڕی ئابورییەوە تێوەگلاون لە عێراق، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا، جوتیارانی عێراقی و پسپۆڕانی ئەمنی دەڵێن.

یەکێك لە رەهەندەکانی تێکدانی ئابوری، هاتنه‌ناوه‌وه‌ی شەپۆلێكه‌ له‌ بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێرانی بۆ نێو عێراق، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێرانیدا سەپاند لە ئابی 2018 و پابەندیی عێراق بۆ پەیڕەوکردنی سزاکان وەك رێگەیەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

جوتیاران و خاوەنکارانی بواری کشتوکاڵی له‌ عێراق سکاڵا لەوە دەکەن دانەوێڵەی ئێرانی بازاڕە ناوخۆییەکانی پڕکردووە، بەتایبەتی سەوزە، هەرچەندە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەكردنی كاڵا کشتوکاڵییه‌كانی ئێرانی قەدەغەکردووە.

جوتیارێك لە بەغدا کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بە دیارونای وت: "رووبه‌ڕووی پیلانێك بووینه‌ته‌وه‌ لەبەرئەوەی چەند لایەنێکی دەسەڵاتدار هەن [کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە] نایانەوێت کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق گه‌شه‌بكات و لەجیاتی ئەوە دەیانەوێت بەگشتی جوتیارانی عێراق زیانمه‌ند بن."

وتی: "ئێمە پارە و هەوڵێكی زۆر ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ چاندنی دانەوێڵەکانمان و لەکۆتاییدا دانەوێڵەی ئێرانی وروژم دەهێنێت و بژێویی ئێمە دەبڕێت و هیچمان بۆ ناهێڵێته‌وه‌ جگە لە نائومێدی."

بەرهەمی دانەوێڵەی کوالیتی بەرزی عێراق ناتوانێت کێبڕکێ بکات لەگەڵ میوە و سەوزەی هەرزانی ئێرانی.

جوتیارێکی دیکە لە بەغدا، ئەبو حەسەن، وتی: "بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێت بەرهەمەکانمان بە نرخی بەرهەمهێنانیان بفرۆشین تا زەرەر نەکەین."

بە دیارونای وت: "سەرەڕای زیانەکانمان، ناتوانین کێبڕکێ لەگەڵ نرخی بەرهەمە ئێرانییەکان بکەین کە کوالیتیان لە بنەڕەتدا نزمە، بەڵام داوای زۆریان لەسەرە بەهۆی هەرزانییانەوە."

رێکەوتێکی گومانلێکراو

شەپۆلی شمەکی ئێرانی بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق هاوکات بە پەتای نێو کێڵگەکانی عێراق بۆ هەندێك وەك رێکەوتێکی نائاسایی وایە.

بۆنمونە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، پەتایەكی نەناسراو زیانی بە هەزاران دۆنم لە کێڵگەکانی تەماتە گەیاند لە پارێزگای بەسرە.

جوتیار جاسم حسێن بە خەلیج ئۆنلاینی وت: "لەکاتی چنینەوەی تەماتەدا، هەموو ساڵێك جوتیارانی عێراق تووشی زیانی زۆر دەبن بەهۆی بەرهەمی میوە و سەوزەی ئێرانییەوە، بەتایبەتی تەماتە، کە تام و رەنگی هەر هیچ نیە بەراورد بەوانەی عێراق."

وتی: "شەپۆلی میوە و سەوزە بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق لەکاتی وەرزی چنینەوەدا سیاسەتێکە بەمەبەستی لاوازکردنی ئابوریی عێراق و تێکشکاندنی کشتوکاڵی عێراقی."

کێڵگەکانی گەنم و جۆش زیانیان بەرکەوتووە.

پەنجەکان تەنیا ئاماژە بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ناکەن وەك هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان کە زیاد لە 16,000 هێکتار کێلگەی چێنراو بە دانەوێڵەیان سوتاند، بەڵکو بە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش کە ئامانجیان دڵنیابوونە لەوەی "عێراق وه‌ك هاوردەکاری خۆراك، بەتایبەتی هی ئێرانی، بمێنێته‌وه‌ و هەرگیز نه‌توانێت ئاسایشی خۆراکیی هەبێت،" پسپۆڕێكی ستراتیژی، عەلا نەشو وتی.

ئاگرەکان هیوای عێراقیان نەهێشت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی ساڵانەی گەنمی ناوخۆ بۆ 4.5 ملیۆن تەن، کە دووهێندەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی وەرزی چنینەوەی رابردووە بەهۆی ئاوی بارانی زۆره‌وه‌ لە زستانی ساڵی رابردوودا.

نەشو وتی: "[میلیشیا] ئێرانییەکان تێوەگلاون لە هەموو ئەو بەڵایانەی بەسەر عێراقدا هاتووە، لەبەرئەوەی بەڵگەی تێوەگلان هەیە لە حاڵەتی گڕتێبەرداندا لەگەڵ ژەهراویکردنی رووبارەکان و بڵاوبوونەوەی پەتای کشتوکاڵی."

پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانیی عێراق

راوێژکار لە ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، غازی فەیسەڵ حسێن وتی رۆڵی ئێران لە تێکشکاندنی ئابوریی عێراقدا ئاشکرایە.

بە دیارونای وت: "ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای کزکردنی سەرچاوەکانی نەتەوەکانی دیکە و کۆنترۆڵکردنی بەرهەمی ئابورییانە، کە دواجار دەبێتە هۆی هەژمون و دەستێوەردان لە پرۆسەی بڕیارداندا."

وتی لەڕێی ئەم ستراتیژەوە، ئێران توانیوێتی "پلان و پرۆگرامە نیشتمانیەکانی [عێراق] کەمبایەخبکات بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانەوە و بووژانه‌وه‌ی کشتیاری، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جوتیارەکان و خاوەن ئاژەڵەکان لەگەڵ لەمپەردانان له‌به‌رده‌م سەرکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ و خۆراكدا لە وڵاتەکە بەگشتی".

وتی پشتبەستنی عێراق بە هاوردەی خۆراك هه‌ر بەتەنیا لە ئێرانەوە ساڵانە 6 ملیار دۆلار زیاد دەکات.

وتیشی: "کاریگەریی ستراتیژی لەوشێوەیە زیانی بە هەموو کەرتە ئابورییەکانی [عێراق] گەیاندووە، نەك تەنیا کشتوکاڵ."

ئابوریناس باسم جەمیل ئەنتۆنی وتی: "ئێران هەموو رێگەیەك بەکاردەهێنێت بۆ هاتنەناو بازاڕی عێراقەوە بەمەبەستی خۆلادان لە سزا ئابورییەکانکە بوونەتە بار بەسەر ئابورییەوە."

ئەمە روونە لە قەبارەی گەشەکردووی بازرگانی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا، کە زیادیکردووە بۆ زیاتر لە 13 ملیار دۆلار لە ساڵی رابردووەوە.

وتی: "دەبێت حساب بۆ بەرژوەندییە نیشتمانییەکانمان بکەین و بەرهەمی کشتوکاڵیمان بپارێزین بە قەدەغەکردنی هاوردەی هەڕەمەکی و سەپاندنی باجی بازرگانیی بەرز بەسەر ئەو شمەکانەدا كه‌ دێنە وڵاتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500