هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق هێزە خێڵەکییەکان لە ئەنبار بەهێزدەکات

خالید تائی

چەکدارانی خێڵەکی له‌ ئەنبار لەکاتی هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای ئەندامانی داعشدا کە خۆیان لە بیابان شاردۆته‌وه‌ لە باکوری قائیم لە 14 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: هێزی خێڵەکی فوراتی باڵا]

چەکدارانی خێڵەکی له‌ ئەنبار لەکاتی هەڵمەتێکی گەڕان بەدوای ئەندامانی داعشدا کە خۆیان لە بیابان شاردۆته‌وه‌ لە باکوری قائیم لە 14 حوزەیران. [خاوەنی وێنە: هێزی خێڵەکی فوراتی باڵا]

حکومەتی عێراق چەند پلانێکی هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی چەکدارانی خۆجێی ناونوسکراو لە هێزە خێڵەکییەکانی پارێزگای ئەنباردا، بەرپرسێکی خێڵەکی چوارشەممە (19 حوزەیران) وتی.

سەرکردەی هێزە خێڵەکییەکانی ئەنبار، شێخ تەقەتەری سەمەرمەد عوبێدی بە دیارونای وت: "حکومەت هێزە خێڵەکییەکان لە پارێزگاکە بەهێزدەکات، کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی 10,000 چەکدارە."

وتی لەوانە نزیکەی 7,500 چەکداریان لە ناوچه‌كانی خۆرهەڵاتی ئەنباری وەك رەمادی و فەلوجەوە ناونوسکراون، لەکاتێکدا 2,500 چەکداریان لە ناوچه‌كانی خۆرئاوای پارێزگاکە وەك هیت، حەدیسە و قائیمن.

وتیشی: "ئەم چەکدارانە بەفەرمی بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی و موچەی مانگانەیان هەیە و ئەرکی ئەمنی بەڕێوەدەبەن بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریستان و پشتیوانیکردنی سوپا و پۆلیس لە چەندین بواری جیاوازی بەرپرسیارێتیدا."

عوبێدی وتی: "نزیکەی 4,000 چەکداری دیکە هەن کە بەشێکن لەوەی ناسراوە بە 'لیستی بێ'."

روونیکردەوە ئەندامانی 'لیستی بێ' پێشتر "راهێنانی سەربازییان پێکراوە و فەرمانی کارگێڕییان پێبووە کە بە فەرمی بە چەکدار ناسێنراون، بەڵام نەچوونەتە ناو هێزە خێڵەکییەکان و موچەی مانگانەیان پێنەدراوە".

وتی حکومەت پلانی هەیە ئەوانە بخاتە ریزی هێزەکانی وەزارەتی بەرگرییه‌وه‌ و وتیشی دەناسێنرێن بە هێزەکانی "حەشدی بەرگری".

عوبێدی وتی موچەکانیان لەسەر بودجەی وەزارەت دەدرێت و بڕە پارەکە لەو موچەیە دابیندەکرێت کە پێشتر دەچوو بۆ ئەندامانی هێزەکانی سەحوەی عێراقی.

'هەنگاوێکی پێویست'

وتی دامەزراندنی ئەو چەکدارانە "هەنگاوێکی پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش" لە پارێزگاکە و ئاماژەیکرد بەوەی هێزەکانی ناوچەکە دەتوانن یارمەتی هێزە ئەمنیەکان بدەن بۆ پاراستنی بیابانه‌ بەرفراوانه‌كه‌ و سنووری خۆرئاوا و رەواندنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لە شارەکان.

عوبێدی وتی: "خێڵەکیەکان ناوچەکەیان شارەزان و ئەزمونی شەڕیان هەیە بەهۆی شەڕكردنیانه‌وه‌ لەگەڵ تیرۆریستان. هەربۆیەش زیادکردنی بەشداریی ئەمنییان هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا."

هێزە خێڵەکییەکان لەمڕۆدا بەشدارییەکی چالاکیان هەیە لە هەڵمەتە بەردەوامەکاندا بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

وتی: "هێزەکانی سوپا لە فیرقەکانی 7 و 8، بە پشتیوانی خێڵەکییەکان، 12 تیرۆریستیان کوشتووە لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکاندا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە بیابانی مەحبوبیەی نزیك دەریاچەی سەرسار و لە وادی حەکوم له‌ باشوری قائیم."

ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی تێکشکاندنی 11 حەشارگەی چەکدارەکانیش، لەنێویاندا شوێنی پشوودان و ئامێر و جبەخانەی چەك.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

تۆماركردنی ناوم.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌