بەرپرسانی عێراق وتیان تیمی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا هاوکاربوون لە پاراستنی بنیاد و چاکردنهوه و پاراستنی ئاودا بۆ خەڵكی عێراق لەڕێی بەشداربوونیانهوه لەو پرۆژە گەورانەدا كه ئامانجیان پاراستنی بەنداوی موسڵ بووە.
لەوکاتەوەی دەستی بە کار کرد لە 1986، بەنداوی موسڵ پێویستی بە چاودێری و چاککردنەوەی تایبەت هەبووە، لەبەرئەوەی لەسەر خاکێك بنیاتنراوە کە گەچی تێدایە، کە لە ئاودا دەتوێتەوە و بەئاسانی دادەخورێت.
ئەمەش لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدەدرا بەڵام کارەکانی چاکكردنەوە راوەستان بەهۆی رەوشی ئەمنی و هێرشی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه لە ئابی 2014.
بۆ ماوەی شەش هەفتە -- تا هێزە عێراقییەکان بەنداوەکەیان لە دەست داعش گرتەوە بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی -- هیچ کارێکی دهستپێداهێنان و چاککردنەوە ئەنجامنەدرابوو.
لهمیانهی نیگەرانییهكی نێودەوڵەتیدا لەمهڕ تێكشكانی بەنداوەکە، حکومەتی عێراق داوای كۆمهكی لە تیمی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا کرد.
لە ئازاری 2016، حکومەتی عێراق گرێبەستێكی 296 ملیۆن دۆلاری بۆ چاکردنەوەی خێرا ئیمزاکرد لەگەڵ گروپی ترێڤی، کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵییە و گرێبەستەکە لەلایەن تیمی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.
فەیلەقی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا (USACE) تیمێکی کۆکردەوە لە ستافی سەربازیی ئەمریکی و پسپۆڕانی حکومەتی ئەمریکا و کارمەندانی هونەریی کەرتی تایبەت بە گرێبەست بۆ چاودێریکردنی گروپی ترێڤی کە ئەرکی کتوپڕی پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ئەنجامدەدا، بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بەنداوەکە.
فەیلەقەکە لە بەرامبەردا کۆمپانیای ئەندازیاریی نێودەوڵەتی (AECOM)ی بەکرێگرت بۆ دابینکردنی پشتیوانی مەیدانی. به زیادكردنی AECOM، تێکڕای نزیکەی 70 ئەندازیار کاریاندەکرد لە شوێنەکە تا یارمەتی پرۆژەکە بدەن.
راهێنانی چڕوپڕ
کۆمپانیا ئەندازیارییەکە رایگهیاند كه لەوکاتەوەی گروپی ترێڤی دەستی بە کارەکانی کرد، ستافی عێراقی و ئەندازیارەکان راهێنانی چڕوپڕیان بینیووە لەسەر بەکارهێنانی ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆژی لە خوێندنگایەك کە لە بهنداوهكه دروستکراوە بۆ راهێنان.
ئەوەش بنیاتنان و کارەکانی چاکردنەوە و لەبغکردن لەخۆدەگرێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی تونێلەکانی ئاودهركردن له ژێر بەنداوی موسڵدا.
تیمی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکاش راهێنانیان بە ستافە عێراقییەکان کردووە بۆ ئەوەی توانای تەکنیکی بهدهستبهێنن تا بتوانن خۆیان ئۆپەراسیۆنی چاکكردنەوە بەڕێوەبەرن.
لەبەر ناسەقامگیریی ئەو خاکەی بەنداوی موسڵی لەسەر بنیاتنراوە، كاروباری دهستپێداهێنان و چاککردنەوە پێویستی بەوەیە کە چیمەنتۆ بكرێته قوڵایی خاکی بناغەی بەنداوەکەوه بۆ دروستکردنی بەربەست دژی داخوران بە ئاو.
بەگوێرهی راپۆرتێکی 2007، نزیکەی 200 تەن چیمەنتۆ لە ساڵێکدا پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بەنداوەکە بتوانێت خۆیڕابگرێت لەبەرامبەر فشاری ئەو ئاوەدا كه لە دوای خۆیەوە هەڵیگرتووە.
راوێژکاری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق، عادل موختار وتی: "ستافە نیشتمانییەکە توانا و ئەزموونی باشیان وەرگرتووە لە بهكارهێنانی ئامێرە مۆدێرنەکاندا بۆ تێكردنی چیمەنتۆ له پەیکەری بەنداوەکە لەگەڵ چاودێریکردنی توانا و رێژەی ئاوی هەڵگیراو."
بە دیارونای وت: " ئەندازیارەکانمان، سوپاس بۆ ئەو شارەزاییە نێودەوڵەتییەی بەدەستیانهێناوە، زۆر باشتربوون و باشتر ئامادەن بۆئەوەی کارە پێویستەکان ئەنجامبدەن تا بەشێوەیەکی باش کارەکانی چاودێریكردن و بهڕێوهبردنی بەنداوەکە جێبەجێبکەن."
موختار وتی دوای سەردەمی ترس له داعش کە بووە هۆی راوەستانی کارەکانی دهستپێداهێنان و چاككردنهوه، بەنداوەکە ئێستا "لە رەوشێکی زۆر پارێزراودایە".
وتی: "چاککردنەوە و تێكردنی [چیمهنتۆ] ههموو كاتژمێرێك بەردەوامه و رهوتی ئاوه هەڵگیراوهكهش بە دەروازەکاندا بە باشی بەڕێوەدەچێت."
وتیشی: "بەنداوەکە بە ئاسایی کاردەکات و کاری زۆر باشی بەخۆوە بینی لەکاتی هەڵمژینی ئاوی لافاودا زستانی پارساڵ، ئەمەش بەرهەمی کارەکانی نۆژەنکردنەوەیە کە بۆی کرابوون."
بەنداوەکە باش کاردەکات
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، جەمال عادل لە سەردانێکیدا بۆ بەنداوەکە لە 29 ئایار وتی بەنداوی موسڵ "لەم کاتەدا لە باشترین ئاستیدا کاردەکات".
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی تیمی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا و ترێڤی گروپ بۆ تاوتوێکردنی رادەستکردنی کارەکانی چاكکردنەوە وتی بناغەکانی بەنداوەکە ئەمڕۆ لەسەر "چیایەك چیمەنتۆ" راگیراون.
شارەزای سیاسەتی بەنداو و ئاو، رەمەزان حەمزە، بە دیارونای وت بەنداوەکە ئێستا ئاوی هەڵگیراوی زیاتر لە "هەشت ملیار مەتر سێجایە".
وتی: "ئاستی ئاوی بەنداوەکە گەیشتۆتە 325 مەتر سەروو ئاستی دەریا، کە زیادکردنێکی بێوێنەیە و ساڵانێکی زۆرە ئەمە نەبینراوە و ئەمەش بەهۆی باران بارینی زۆرەوەیە."
وتیشی: "باران رەوشی ئاوی عێراقی پتەوکرد و هەوڵەکانی حکومەت بەو ئاراستەیە ئەنجامدران کە پێویستی ئاو بۆ جوتیارەکان دابینبکات."
دڵنیایی خۆشی دەربڕی لەسەر توانای ستافە عێراقییەکان بۆ فێربوون لە شارەزا ئەمریکی و ئیتاڵییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی چاککردنەوە لە بەنداوی موسڵ.
باشکردنی ژێرخانی ئاو
حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ باشکردنی ژێرخانی ئاوی وڵات.
جگە لە بەنداوی موسڵ، کاردەکات بۆ بنیادنانهوهی بەنداوی بادوش لە پارێزگای نەینەوا، چونکە ئەو بەنداوە چەندین دەیەیە لەکارکەوتووە.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو له 18 ئایار دەستیکرد بە لێكۆڵینهوه تەکنیکیەکان بۆ ئامادەکردنی پرۆژەکە.
بەنداوی بێخمە لە هەولێر بەهامنشێوە دانراوە کاری لەسەربکرێت، بۆ پشتیوانیکردنی ئاودێریی زیاتر لە 560 هێکتار زەوی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی 1,500 میگاوات کارەبا.
عێراق پلانیشی هەیە 30 بەنداوی بچوكیش نۆژەنبکاتەوە لەسەر سنووری ئێران بۆ کۆنترۆڵکردن و سوودوەرگرتن لە ئاوی لافاو کە لە كێوه بەرزەکانەوە دێن.
حەمزە وتی عێراق پێویستی بە "نزیکەی پێنج بەنداوی مەزن هەیە بۆ هەڵگرتنی ئەو ئاوانەی کە لە رووباره هەرێمییەکانهوه یان له ئاوی بارانەوە دێنە وڵاتەكهوە."
وتیشی: "پلانێك بۆ داهاتوش پێویستە جێبەجێبکرێت و خەرجیی پێویست دەبێت دابینبکرێت بۆ پرۆژەکان بۆ پاراستن لە کاریگەریەکانی وشکەساڵی کە دەکرێت زۆر لەوانەی ساڵانی پێشوو خراپتر بێت."
سەرۆکی لیژنەی پلاندانانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی بە دیارونای وت لیژنەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی داوا لە حکومەتی فیدراڵ بکات بەنداوی بچوکتر دروستبکات.
وتی: "لێكۆڵینهوهكان و پێشنیارەکان دانراون بۆئەوەی سوود لە ئاوی باران وەربگیردرێت لەڕێی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی بچوكهوه لە دۆڵەکاندا و ئاوە كۆكراوهكانیان بنێردرێت بۆ ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگاکە."
وتیشی: "نەینەوا سەبەتەی نانی عێراقە و دروستکردنی بەنداوەکان لە پارێزگاکە پشتیوان دەبێت بۆ پاراستنی رێژەی خۆراك لە وڵات و پتەوکردنی ئابوریی نیشتمانی و رەوتی گەشەسەندن."
ههروهها وتی ئاو سەرچاوەیەکی بەنرخە و" ئامانجی ئێمە ئەوەیە گەشەی پێبدەین بهو شێوهیهی کە پێویستە".