هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

سورییەکان داوادەکەن رژێم بەرپرسیاربكرێت له‌ تاوانی جەنگ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوری منداڵێك دەگوێزنەوە کە لە هێرشی کیمیاییدا برینداربووە. چالاکوانانی سوری دەیانەوێت ئەندامانی رژێمی سوریا لە ئەوروپا دادگاییبکرێن له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی جەنگ کە لە کاتی شه‌ڕدا لە سوریا ئەنجامیانداوە، له‌نێویاندا هێرشە کیمیاییەکان. [خاوەنی وێنە: بەشیر بەسام]

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوری منداڵێك دەگوێزنەوە کە لە هێرشی کیمیاییدا برینداربووە. چالاکوانانی سوری دەیانەوێت ئەندامانی رژێمی سوریا لە ئەوروپا دادگاییبکرێن له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی جەنگ کە لە کاتی شه‌ڕدا لە سوریا ئەنجامیانداوە، له‌نێویاندا هێرشە کیمیاییەکان. [خاوەنی وێنە: بەشیر بەسام]

شارەزایان بە دیارونایان وت چالاکوانان هەوڵدەدەن ئەندامانی رژێمی سوریا لە ئەوروپا دادگاییبکرێن له‌سه‌ر ئەو تاوانانەی جەنگ کە لە کاتی شه‌ڕدا لە سوریا ئەنجامیانداون.

پارێزەرێكی سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت چەند گروپێك لە چالاکوانانی سوری، کە لەلایەن پارێزەرانی سوری و ئەوروپییەوە پشتگیریدەکرێن، سەرنجیان خستۆتە سه‌ر بابەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لە سوریا ئەنجامدراون.

وتی ئەوان تاوانەکان بەبەڵگە دەکەن بۆئەوەی دڵنیاببنەوە کە ئەنجامدەران -- كه‌ زۆربەیان ئەفسەری رژێم بوون و سوریایان جێهێشتووە لەگەڵ شەپۆلی پەنابەرانی سوریدا بۆ ئەوروپا -- دادگایی بکرێن.

وتی هەندێك ئەندامانی رژێم دۆزراونەتەوە و دراونەتە دادگا ئەوروپییەکان له‌ڕێی پرەنسیپی "دادوەری گەردوونی"یه‌وه‌.

ئەم پرەنسیپه‌ رێدەدات بە دەوڵەتان و رێکخراوە جیهانییەکان داوای دادگاییكردنی کەسانی تۆمەتبار بكه‌ن بێگوێدانە ئەوەی لەکوێ تاوانەکە ئەنجامدراوە.

بەسام وتی: "هەندێك لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەرفەتیان قۆستەوە دوای ئه‌وه‌ی چەند ناوچەیەك كه‌وتنه‌ ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی سوری تا ئەو فەرمانانە بەبەڵگە بکەن کە فەرمانده‌ باڵاکانی سوپا دەریانکردبوون بۆ دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان."

وتی ئەو دۆكیومێنتانه‌ ناو و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر له‌خۆده‌گرن و "بەڵگەی زۆر بەنرخیان تێدایه‌ كه‌ بەکاردێن كاتێك تاوانبارەکان لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا دادگایی دەکرێن".

وتی چالاکوانان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بەبەڵگەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆی و چەندین لایەنی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئەو مەبەستە چەندین بەدواداچوون و تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە.

دۆزینەوەی بەرپرسانی سوری لە ئەوروپا

رۆژنامەوانی سوری محەمەد عەبدوڵا وتی زۆربەی لایەنەکان دەستیان هەبووە لە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا لە سوریا، بە گروپە توندڕەوەکانیشەوە وەك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و تەحریر شام.

بە دیارونای وت: "تاوانەکان هەمەجۆرن، وەك کۆمەڵکوژی و کوشتنی مەدەنیەکان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەگەڵ رفاندن و تاوانی دیکە کە سزایان له‌سه‌ره‌ به‌گوێره‌ی یاسای نێودەوڵەتی."

عەبدوڵا وتی بابەتی بەرپرسیاری و دادگایکردن "گۆڕانکارییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینی کاتێك چالاکوانان دەستیانکرده‌ بەدووكه‌وتنی ئەفسەر و سەربازەکانی رژێم کە داوای پەنابەرییان کردووە لە وڵاتانی ئەوروپا."

وتیشی زانیارییان ره‌وانه‌كردووه‌ لەسەر کارەکانی ئەو کەسانە بۆ داواكارانی گشتی، كه‌ لەو چالاکوانانەوە بەدەستهێنراون کە هێشتا لە سوریان.

پرۆفیسۆر لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی قاهیرە، وائیل شەریمی وتی دادگایکردنی ئەو تاوانبارانەی جەنگ کە لە سوریان سەختە لە رەوشی ئێستادا.

بە دیارونای وت ئاسانترە بڕیاری تۆمەتبارکردنیان بۆ دەرچێت لە هەندێك وڵاتی ئەوروپییەوە یان لە رێی دادگایەکی تایبەتەوە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.

وتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا سەخت دەبێت تا رژێم لە دەسەڵاتدا بێت، "چونکە به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی هه‌وادارانی دەپارێزێت تا خۆی بپارێزێت".

لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 70,000 پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی تۆمارکردووە لە دەسپێکی قەیرانی سوریاوه‌ لە 2011.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

نه‌فره‌تتان لێبێت! ئێوه‌ درۆزنی گه‌وره‌ن! ئێوه‌ ته‌نانه‌ت موسه‌یله‌مه‌ی كه‌زابیشتان تێپه‌ڕاندووه‌! ئێوه‌ خه‌تاكانی خۆتان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كه‌سانی تر!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌