هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پۆلیسی عێراق لە کوشتنی گوندنشینانی دیالە دەکۆڵێتەوە

فارس عومران

بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە 2 حوزەیران سەردانی دیمەنی تیرۆرکردنێك دەکەن لە گوندی ئەبو خەنزیری دیالە کە تێیدا سێ پیاو لە یەك خێزان کوژرابوون. [خاوەنی وێنە: پەرلەمانتاری عێراقی غەیدا کەمبەش]

بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە 2 حوزەیران سەردانی دیمەنی تیرۆرکردنێك دەکەن لە گوندی ئەبو خەنزیری دیالە کە تێیدا سێ پیاو لە یەك خێزان کوژرابوون. [خاوەنی وێنە: پەرلەمانتاری عێراقی غەیدا کەمبەش]

پۆلیسی عێراق لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی سێ پیاو دەکەن لە یەك خێزان رۆژی شەممە (1 حوزەیران) لە گوندی ئەبو خەنزیری ناحیەی ئەبو سەیدای پارێزگای دیالە، وتەبێژێکی پۆلیس وتی.

رووداوەکە بۆتە هۆی کاردانەوەی تووڕەی بەرپرسانی عێراق له‌ ناوچەکە و یاساناسان، کە "ئەندامانی میلیشیا چەکدارەکانیان" تۆمەتبارکرد بە دەست هەبوون لە تیرۆركردنەکاندا.

وتەبێژی پۆلیسی دیالە عەقید غالیب عەتیە بە دیارونای وت سەرکردە ئەمنییەکان هەنگاویان ناوە بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە دوای تیرۆركردنەکان.

وتی فەرماندەیی پۆلیس لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕی دەستپێکردووە لە رووداوەکە، کە لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە ئەنجامدەدرێت، بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کێ لەپشتیانەوە بووە و دەستنیشانکردن و رادەستکردنی ئەنجامدەران.

عەتیە بەڵێنیدا: "هاوڵاتیان بەمزوانە زانیارییان پێدەدرێت دەربارەی وردەکارییەکانی ئەم تاوانە و تاوانی هاوشێوە لە رابردوودا."

ئاماژەیکرد بەوەی پۆلیسی دیالە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و فیرقەی 5ی سوپا زنجیرەیەك رێکاریان گرتۆته‌به‌ر هاوکات بە لێکۆڵینەوەکە.

ئەمانه‌ش جێگرتنەوەی یەکە ئەمنیەکان لەخۆدەگرن کە بەرپرسن لە پاراستنی گوندەکە لەگەڵ زیادکردنی ئامادەیی سەرباز لە ناوچەکە، جگه‌ له‌ لێپرسینەوە لەو کەسانەی لە بازگەکە کاریان کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، دانیشتوانی گوندەکە وتیان چەکدارەکان بە ئۆتۆمبیل بەنێو بازگەکەدا هاتن، هێرشیانکردە سەر قوربانیەکان لە دوکانەکەیاندا لە ناوبازاڕ و رۆیشتن، بەبێئەوەی بوەستێنرێن کە بە بازگەکەدا گەڕانەوە.

کپکردنەوەی ناکۆکی تائیفی

عەتیە وتی دۆخی گوندەکە "ئارام و سەقامگیر و کۆنترۆڵکراوە".

وتی رۆژێك پێش ئەوەی گوندنشینەکانی ئەبو خەنزیر بکوژرێن، سێ کەسی دیکە، لەنێویاندا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان، لە گوندی هاوسێی مەحولە تیرۆرکران.

عەتیە وتی لایەنانی شاراوە کە دەیانەوێت ناکۆکی تائیفی لەنێوان خەڵکی ئەو دوو گوندەدا دروستبکەن لەپشت کوشتنەکانەوەن.

وتیشی: "پێشتر هەوڵی لەمشێوەیە بۆ نانەوەی ئاژاوە هەبووە، به‌تایبه‌تی لەنێوان دانیشتوانی شارۆچکەکانی موخەیسە و کەرمەدا، بەڵام شکستیان پێهێنراوە بەهۆی سووربوونی خەڵك و ویستیان بۆ پێکەوە ژیان."

وتی دانیشتوانی ئەم ناوچانە دەیانەوێت "دڵنیابن لەوەی پارێزگاکەیان بە سەقامگیری ماوەتەوە" و جەختیکردەوە لەوەی ئەوان "رێگە نادەن [بە گروپە چەکدارەکان] بۆ پێشێلکردنی ئاسایشی هاوڵاتیان و هەڕەشەکردن لە ژیانیان".

وتیشی بەهۆی ئەم رووداوەوە هیچ دانیشتوویەکی ئەبو خەنزیر ئاوارە نەبووە و دەنگۆ و قسەڵۆکی سەر تۆڕە کۆمەڵاتیەکانی رەتکردەوە دەربارەی هەڵاتنی بەکۆمەڵ لە گوندەکە.

هه‌روه‌ها وتی: "دووبارەی دەکەینەوە کە ئەو زانیارییە بەتەواوی ساختەیە و لەوکاتەوەی تاوانەكه‌ روویداوە تا ئێستا یەك حاڵەتی ئاوارەیی رووینەداوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500