بەرپرسانی عێراقی لە دوای شکستهێنان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگای ئەنبار.
بەڕێوبەری لیژنەی وەبەرهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، حەمید ئەحمەد هاشم وتی پارێزگاکە "سەرچاوەی بەرفراوانی ئابوریی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی شیاو سودی لێنەبینراوە لە ئەنجامی شەڕ و دۆخی سەختی ئاسایشدا".
بە دیارونای وت لەدوای دەرکردنی داعشەوە "پارێزگاکەمان بەگشتی پارێزراو و سەقامگیرە و رێگەمان پێدەدات بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ وەبەرهێنانبۆ گەورەترین کۆمپانیا جیهانییەکان".
وتی بەرپرسانی ناوچەکە "هەوڵدەدەن سەرنج رابکێشن بەرەو پارێزگاکە و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە دەربارەی ئەوەی چیتر زۆنی مەترسیدار و دژ بە وەبەرهێنان نیە، بەڵام ئێستا سەلامەتە -- نەك تەنیا لە شارەکان بەڵكو تەنانەت لە ناوچە بیابانیەکەشی".
هاشم وتی: "پێشنیازی ژمارەیەك دەرفەتی وەبەرهێنانمان کردووە و کاردەکەین بۆ تیشکخستنە سەر سەرچاوەی بەرفراان لە بیابانی ئەنبار."
وتی: "ئەم ناوچەیە سێیەکی رووبەری وڵات پێکدەهێنێت و بەگوێرەی توێژینەوە جیهانییە جیۆلۆجییەکان یەدەگێکی بەرفراوانی سەرچاوەی خاوی سروشتیی تێدایە."
وتیشی: "سەرەڕای گازی سروشتی، بڕێکی زۆر فۆسفات و لممان هەیە کە بەکاردێن بۆ دروستکردنی شوشە، کە ناسراوە بە ستاندەری بەرزی پوختییهكهی، لەگەڵ بەردی کلس کە بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، ههروهها قوڕی سیرامیكیش."
ههوهها وتی وەبەرهێنان بانگێشتی کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیارییش دەکرێت.
هاشم وتی بۆ نیشاندانی باشتربوونی ئەمنیەت بۆ وەبەرهێنەرەکان لە ئەنبار، لیژنەی وەبەرهێنان نەخشەڕێگەیەکی پێشنیازکردووە لە چەند پرۆژەیەك کە هەوڵی راکێشانی بۆنە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ئابوری دەکات".
زیندووکردنەوەی کەرتی نەوت
هاشم داوای لە وەزارەتی نەوت کرد بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی پارێزگاکەدا، لەنێویاندا گاز و نەوت، تا کۆمپانیا جیهانییەکان کێبڕکێی لەسەر بکەن.
پسپۆڕی نەوتی عێراقی، حەمزە جەواهیری بە دیارونای وت: "سێ ئهمباری گازی سروشتی و یەك ئهمباری نەوت لە کێڵگەی گازی عەکاز دۆزراونەتەوە."
یەدەگەکانی گاز لە عەکاز، نزیك بە شارۆچکەی قائیمی سنووری ئەنبار، دەخەمڵێنرێت بەوەی زیاد لە پێنج ترلیۆن پێی سێجایان تێدایە و بە گەورەترین دادەنرێن لە عێراق.
جەواهیری وتی: "هەوڵ هەیە بۆ بنیاتنانەوەی دووبارەی ئەم کێڵگە گازییە، بەتایبەتی دوای باشترکردنی دۆخی ئەمنی، کە بە مەرجێکی سەرەکی دادەنرا بۆ دەستپێکی هەر کارێکی بنیاتنانەوە."
وتی کۆمپانیای گازی کۆری (كۆگاز) لە 2011 گرێبەستێکی بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی گازی عەکاز لە چەند کێبڕکێکارێکی دیکەی بیانی بردەوە.
جەواهیری وتی کێڵگەی عهكاز گرنگە لە دیدگای ستراتیژییەوە چونکە یارمەتی عێراق دەدات بەرەو گەیشتن بە پشتبەخۆبەستن، ئەمەش وادەکات ببێتە هەناردەکارێکی گازی سروشتی.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، بۆ گەیشتن بە ئاستی پشتبەخۆبەستن، عێراق پێویستە 600 ملیۆن پێی سێجای دیکە لە رۆژێکدا بەرهەمبهێنێت.
جەواهیری وتی: "لەئێستادا عێراق نیوەی خواستەکانی لە گاز بەرهەمدەهێنێت و نیوەکەی دیکەی هاوردە دەکات. حکومەت خەریکی بنیاتنانی پێنج وێستگەی گازی سروشتییە تا بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت."
وەبەرهێنانی بیانی
جەواهیری وتی: "بیابانی ئەنبار ناوچەیەکی باشە لە دیدگای وەبەرهێنانەوە بەهۆی سەرچاوە بەرفراوانه سروشتییهكان لەژێر خاکەکەیدا."
وتی: "لە دۆخێکدا کە ئەم سەرچاوانە بەشێوەیەکی دروست سوودیان لێببینرێت، داهاتی بەرچاو زیاد دەبێت بۆ گەنجینەی دەوڵەت، کە ئابوریی دەبوژێنێتەوە."
وەبەرهێنە بیانییەکان خواستی خۆیان نیشانداوە بۆ وهبهرهێنان له بیابانی ئەنبار.
ئابوریناس مەجید سواری بە دیارونای وت: "نوێنەری کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی سعودیە کە سەردانی عێراقیان کرد لە سەرەتای نیساندا، بەرپرسانی عێراقیان بینی و تاووتوێی دەرفەتەکانی وەربەهێنانیان کرد لە بیابانی خۆرئاوای ئەنبار."
وتی زۆربەی گفتوگۆکان دەربارەی گازی سروشتی و فۆسفات بوون.
وتی خواستێکی بەهێز هەیە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە بیابانییەکە و وتیشی کەشی باشتربووی ئەمنی لە تەواوی ئەنبار وایکردووە وەبەرهێنەران بتوانن بچنە چەندین کەرتی جیاوازەوە.
ههروهها وتی ئەم وەبەرهێنانە ژمارەیەك سودی هەیە لەڕووی خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و دروستکردنی دەفەتی کارهوه.
ئهم وتارهم بهدڵه دهربارهی عێراق و حهزدهكهم وتاری زیاتر لهسهر عێراق بخوێنمهوه. بۆنمونه دهربارهی بهرگری، سیاسهت، گهشتوگوزار، ژێرخان، كاروكاسبی و هتد.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت