هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق بە پلانێکی ئەمنی نوێوە رووبەڕووی هێرشەکانی داعش دەبنەوە

خالید تائی

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لەکاتی پشکنینی گوندەکانی ناوچەی بەعاجی نەینەوادا لەم وێنەیەدا کە 18 ئایاری 2018 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازێکی عێراقی ئاماژەی سەرکەوتن دەکات لەکاتی پشکنینی گوندەکانی ناوچەی بەعاجی نەینەوادا لەم وێنەیەدا کە 18 ئایاری 2018 بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق ئاسایشی گوندە دوورەدەستەکان بەهێزدەکەن دوای زیادبوونی هێرشەکان لەلایەن پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ و پلانێکی نوێیان داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە.

هەنگاوە ئەمنییە زیادکراوەکان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمدواییەدان کە مەدەنییه‌كان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان کردە ئامانج.

لە 9 ئایار، بەڕێوبەری گوندی لەزاکە نزیك بە موسڵ کوژرا، لەگەڵ چوار ئەندامی خێزانەکەی. چەند رۆژێك دواتر، لە 14 ئایار، پاشماوەکانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی حەبیب عەبدوڵا لە خۆرهەڵاتی دیالە و دوو مەدەنییان کوشت.

هەروەها هێرشیشیان کردە سەر ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵیی جێگیرکراو لە گوندەکانی خۆرئاوای کەرکوك، چوار ئەفسەریان کوشت و سێ کارمەندی ئەمنیی دیکەیان بریندارکرد.

فەرماندە ئەمنی و خێڵەکییەکان لە نەینەوا پێکەوە کاردەکەن بۆ ریشەکێشکردنی چالاکییه‌كانی داعش، لەم وێنەیەدا کە 15 ئایار بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]

فەرماندە ئەمنی و خێڵەکییەکان لە نەینەوا پێکەوە کاردەکەن بۆ ریشەکێشکردنی چالاکییه‌كانی داعش، لەم وێنەیەدا کە 15 ئایار بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]

بەگوێرەی بورهان عاسی، جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، "ئەندامانی داعش کە هەڵاتبوون لە شەڕەکانی رزگاری" بەرپرسن لەم هێرشانە.

بە دیارونای وت: "تەنیا هەندێکیان ماون، بەڵام توانیویانە چالاکانە بسوڕێنەوە، سوودیان لە جوگرافیای ناوچەکە بینیووە کە خاکێکی کراوە و ئاڵۆزە."

وتی: "زۆربەیان لە گوندە دوورەدەستەکان دەژین و رێگە خۆڵەکان شارەزان، کە وادەکات بتوانن هێرشی لەناکاو ئەنجامبدەن و بەخێرایی هەڵبێن."

عاسی وتی دوایین هێرشەکانی داعش، بەتیابەت لە گوندەکانی رەشاد و ریاز لە خۆرئاوای کەرکوك جێگەی نیگەرانیین، بەڵام جەختیکردەوە لەوەی هێزە ئەمنییەکان پابەندن بە دەرکردنی دوایین پاشماوەکانی گروپەکە.

وتیشی: "هاوکات بەم هێرشە تیرۆریستیانە، ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو ئەنجامدراون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە، بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش کە خۆیان شاردبووه‌وە."

وتی حەشارگە نهێنیەکان کە ئەم چکەدارانە لە دۆڵی شای و فوراتی باڵا و ئەبو خەنجەر بەکاریاندەهێنا "هەموویان سوتێنران".

هاریکاریی خێڵەکانی ناوچەکە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە 10 ئایار قایلبوو بە چەکدارکردن و زیادکردنی هاریکاری لەگەڵ خێڵەکییەکانلە گوندە دوورەدەستەکانی پارێزگاکە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسەین شەبیب وتی: "ئەمە دژە هەنگاوێکی کارایە، لەبەرئەوەی ئەندامانی تیرۆریست سوود دەبینن لەو راستییەی کە مەدەنیەکان بێچەکن تا ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامبدەن بێئەوەی هیچ بەرگرییەکیان رووبەڕوو ببێتەوە."

وتی: "زیاد لە 60 گوندمان هەیە لە بەشی باشور و خۆرئاوای نەینەوا کە خێڵەکانی بەدرانی و حەدیدییان لێ دەژین."

بە دیارونای وت ئەم خێڵانە "چەکی پێویستیان نیە" بۆ پاراستنی خۆیان و ئاماژەیکرد بەوەی "هەڵکوتانە سەری تیرۆریستان لەسەر ئەم گوندانە بەردەوامە".

شەبیب وتی چەکدارکردنی خەڵكە مەدەنیەکە پێویستە، "بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی دروستکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ببینرێت کە بەگوێرەی پێویستی پاڵپشتی کراوە، راهێنانی سەربازیی پێکراوە و لەلایەن فەرماندەییەکی ناوەندییەوە بەڕێوە دەبرێت".

وتی هێرشەکانی داعش "لەمدواییانەدا زیادیانکردووە"، کە زۆربەیان "ئەو گوندانە دەکەنە ئامانج کە لە بیاباندان، لەبەرئەوەی پاراستنیان سەختە چونکە لە خاکێکی فراواندا بڵاوبوونەتەوە".

شەبیب وتی: "هێزە ئەمنییەکان درك بەو هەڕەشەیە دەکەن کە بەهۆی ئەم ناوچەیە لەسەر تەواوی وڵات دروستدەبێت و هەڵمەتەکانیان لەوێ بێ پشوودانە."

وتی: "لەئێستادا کاردەکەن بە ئاراستەی چڕکردنەوەی ئەم هەڵمەتانە و فراوانکردنی رووماڵی ئەمنی لەوێ."

فشار لەسەر پاشماوەکانی داعش

لە 18 ئایار، سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی ئەنجامدا کە 10 گوندی رووماڵکرد لە بیابانی بەعاج لە پارێزگای نەینەوا.

هێزە ئەمنییەکان چوار حەشارگەی داعشیان رووخاند و دەستیانگرت بەسەر 200 حوشتردا کە پێشتر داعش دزیبوونی بەمەبەستی بەقاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.

پسپۆڕێكی ئەمنیی عێراقی ئەحمەد شەریفی چالاکیە زیادبووەکانی پەیوەستکرد بە وتارەکەی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادییەوەکە لە 29 نیسان لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە و تێیدا داوای لە شوێنکەوتوانی کرد لە هێرشەکانیان بەردەوامبن.

بە دیارونای وت: "گروپەکە دەستیکردووە بە پەیڕەوکردنی ستراتیژیه‌تی شەڕی نهێنی ... کە پشتدەبەستێت بە تاکتیکی لێدە و راکە کە لە شوێنی نهێنییەوە ئەنجامدەدرێن و گوند و ناوچە دوورەدەستەکان دەکەنە ئامانج لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئاسایشیان لاوازە."

شەریفی تکای لە هێزە ئەمنیەکان کرد بەردەوامبن لە فشار خستنە سەر چەکدارانی داعش و وتی پشتیوانیی چەکدارکردنی دانیشتوانی ئەم شارۆچکانە دەکات چونکە "ئامرازی بەرگریکردن لە خود پشتیوانی ده‌كات لە تێکشکاندنی توانای پاشماوەكانی تیرۆریستان بۆ ئەنجامدانی هێرش".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500