لە کێبڕکێدا بۆ زیادکردنی ههژمونیان لە سوریا، روسیا و ئێران لە ناکۆکیەکی تووندان، بەجۆرێك لە سوودی ئێران نیە بەهۆی بێتواناییهوه بۆ بەپێی پێویست پشتیوانیکردنی دارایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) و میلیشیا هاوپەیمانەکانی، پسپۆڕان وتیان.
توێژەری سیاسی، عەبدولنەبی بەکار، پێشتر لەم هەفتەیەدا بە دیارونای دەستەخوشکی ماڵپەڕی مەشاریقی وت: "هەردوولا دەیانەوێت ههژمونی سیاسی و سەربازیی خۆیان فراوانبکەن و زۆرترین پشکی پرۆژەكانی بنیاتنانەوەیان بەربکەوێت،" هەرچەندە ئەمە لەسەر حسابی خەڵکی سوریایە.
پارێزەری سوری، بەشیر بەسام، بە مەشاریقی وت لەئێستادا لە سوودی روسیایە كه بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دامەزراندنی بوونی سەربازیی لە ناوچە گرنگەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێك ناوچە کە ئێستا لهژێردهستی پاسداراندان.
لەڕێی میلیشیاکانی سەر بەخۆیەوە، روسیا ماوەیەکە کاردەکات بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی پاسداران و میلیشیاکانی ههواداری لە ناوچه گوندنشینهكانی پارێزگای حەما له باکور، کە بارگرژییەکان زیادیان کردووە لەوکاتەوەی میلیشیاکانی سەر بە روسیا چەند ئەندامێکی حیزبوڵایان دەستبەسەرکرد.
حیزبوڵا، کە شانبەشانی رژێمی سوریا شەڕدەکات، پاڵپشتی دارایی راستەوخۆی لە ئێرانەوە پێدەگات.
وتی ئەم هەنگاوە لەکاتی "شەپۆلێك لە توڕەییدایە بەهۆی کەمبوونەوەی خەرجیەکانی حیزبوڵا و پاسدارانەوە"، کە هەم ئەم گروپانەی لاوازکردووە و هەم هەڕەشەیە بۆ پشتیوانییان لەلایەن مەدەنیەکانی سوریاوە.
وتی پارە و کۆمەکی لایەنەکانی سەر بە ئێران کە لە سوریا دەیانبەخشی، "فاکتەری سەرەکی بوون لە بردنەوەی مەدەنیەکان لە لایەنەکانی دیکە".
وتی لهگهڵ کەمکردنەوەی پشتیوانیی دارایی، له دهرهنجامی سزاكان و خراپ بەڕێوبردنیشدا، پشتیوانی بۆ بوونی ئێران لە سوریا "دەستدەکات بە کەمبوونەوە".
ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە لەبەرئەوەی زۆربەی سورییەکان و ئەندامە نائێرانیەکان پەیوەندییان بە ئێران و لایەنە هاوپەیمانەکانیەوە کرد کە لە سوریا شەڕدەکەن بە "هاندەری ئابوری و دارایی".
روسیا لە دەوروبەری حومس پێشڕەوی دەکات
چالاکوانێكی بواری میدیا، فەیسەڵ ئەحمەد بە مەشاریقی وت: "روسیا میلیشیایەکی نوێی پێکهێنا لە حومسی باکور لەژێر فەرماندەیی راستەوخۆی پۆلیسی سەربازیی روسیادا کە لە بنکەی حمهیمیم جێگیرکراون."
وتی ئەم میلیشیایە ئەرکی "پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە هەر بوون یان نفوزێکی میلیشیاکانی سەر بە پاسداران"، بەجۆرێك تەرکیزی لەسەر حیزبوڵایە، کە بە چڕی بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەیکرد بەوەی حیزبوڵاش چەند میلیشیایەکی سەر بەخۆی داناوە بەناوی "حیزبوڵای سوریا"وە.
ئەحمەد وتی میلیشیا نوێکەی سەر بە روسیا پێكهاتووە لە ئەندامانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن کە چەکەکانیان رادەستکرد بەگوێرەی رێککەوتنێکی ئاشتەوایی سەرپەرشتیکراو لەلایەن روسیاوە.
لەلایەن مەنهەل سەلوحەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە سەرکردەی جەیش تەوحید بوو، "ههروهها یەکەم کەس بوو خۆی رادەستبکات و پشتیوانی وەستاندنی شەڕ بكات لە ناوچەکە".
وتیشی پۆلیسی سەربازیی روسیا راستەوخۆ پشتیوانی میلیشیاکە دەکات، کە پەیوەستە بە فەیلەقی 5ی روسیاوە.
ههروهها وتی پۆلیسی روسیا لە چەندین ناوچە بەئاشکرا پشتیوانیی میلیشیاکەی کردووە، لەنێویاندا شاری تەلبیسە له باکوری حومس، کە چاوەڕواندەکرێت میلیشیاکە لەوێ بنکەیەك دابنێت.
ئەحمەد وتی: "ئەم میلیشیایە هەڵیکوتاوەتە سەر چەند گوند و شارۆچکەیەك [لە دەوروبەری حومس] و ئەندامانی حیزبوڵای دەرکردووە بە زۆر و هەندێکیانی دەستگیرکردووە." وتیشی ئەندامانی میلیشیاکە هەموو ئاڵاکانی حیزبوڵایان داگرتووە.
وتی ئەو گوندانە بریتین له گوندهكانی نەجمە، کوم، موختاریە، کەفر عەبد و حازمیە.
وتیشی میلیشیاکە توانیوێتی دەستبگرێت بەسەر بازگەیەکی گرنگی ئەمنیی حیزبوڵادا، مولوك، کە داڵانێکە لەنێوان شاری حومس و ناوچەکانی دەوروبەریدا.
سنووردارکردنی ههژمونی حیزبوڵا
ئەحمەد وتی ئەو میلیشیا نوێیەی لەلایەن سەلوحەوە سەرکردایەتی دەکرێت "دەوریەی ئەمنی چڕوپڕ ئهنجامدهدات بۆ رێگرتن لە دەرکەوتنەوەی حیزبوڵا" و وتیشی چەندین بازگەی داناوە تا ئەندامانی دەستگیربکات.
ههروهها وتی ئەو هێزانەی لەم بازگانەن بەڵگەنامەی کەسی دەپشکنن و بۆ هاوکارانی پاسداران دەگەڕێن کە لەلایەن پۆلیسی سەربازیی روسیاوە داواکراون.
رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا وتی: "ئەوەی لە دەوروبەری حومسی باکور روودەدات لەنێوان روسیا و پاسداراندا، بەڵگەی بێگومانی هەوڵی روسیایە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی حیزبوڵا لە ناوچەکە بۆ بچوککردنەوەی."
عەبدوڵا بە مەشاریقی وت چاوەڕواندەکات پلانەکە درێژببێتهوه بۆ باکوری حومسیش کە حیزبوڵا و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە ئێران بە فراوانی ئامادەییان هەیە.
وتی دوای دەستگرتن بەسەر بەشێکی گەورەی پارێزگاکانی دەرعا و حەلەب و حومسدا، روسەکان توانیویانە ههژمونی پاسداران سنوورداربکەن بۆ دێرەزوور.
وتیشی: "روسیا میلیشیای ناوچەیی دادەمەزرێنێت" بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوچانە و کۆنترۆڵی لیوای قودسی کردووە، کە پێشتر لەلایەن پاسدارانەوە پشتیوانی دەکرا.
وتی ناوچە کۆنترۆڵکراوهكان لەلایەن روسیا و ئێرانەوە بهناو یهكدا دهچن و روسیا هەوڵدەدات ئەمە چارەسەربکات بە "پاککردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی خۆی لە بوونی هەموو ئێرانیەکان".