هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

توندڕەوان لە باکوری خۆرئاوای سوریا لەمپەر دروستدەکەن لەبەردەم کۆمەكدا

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا، کە ناسراویشن بە "کڵاوسپییەکان"، دەگەڕێن بەنێو داروپەردووی بینایەکی رووخاودا دوای تەقینەوەیەك لە شارۆچکەی جسر شوغور لە خۆرئاوای پارێزگای ئیدلیب لە 24 نیسان. [عومەر حاج کەدور / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا، کە ناسراویشن بە "کڵاوسپییەکان"، دەگەڕێن بەنێو داروپەردووی بینایەکی رووخاودا دوای تەقینەوەیەك لە شارۆچکەی جسر شوغور لە خۆرئاوای پارێزگای ئیدلیب لە 24 نیسان. [عومەر حاج کەدور / ئاژانسی فرانس پرێس]

بە هەڕەشە و دەستێوەردان و تێکدانی گواستنەوەی کۆمەك -- کارمەندانی فریاگوزاری دەلێن توندڕەوان ئەو ئاستەنگانە زیادتردەکەن کە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە باکوری خۆرئاوای سوریای پڕ لە توندوتیژی، کە له‌وێ ئاگربەستێکی لاواز لەبەردەم مەترسیدایە.

ناوچەی ئیدلیب، کە لەلایەن هاوپەیمانێتی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، یەکێکە لە دوایین ناوچەکانی وڵات کە سەرۆك بەشار ئەسەد هێشتا نەیگرتۆتەوە.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان نزیکەی 2.7 ملیۆن لە نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتوانەکەی پێویستیان بە کۆمەکی مرۆیی هەیە.

زۆربەیان پشتدەبەستن بە خۆراك و دەرمان و کۆمەکی دیکە کە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە خێرمەندەکانی دیکە لە تورکیاوە بۆیان دەهێنن.

منداڵان لێفە و راخەریان هەڵگرتووە کە لە دەزگاکانی کۆمەکی کتوپڕەوە پێیانگەیشتووە لە کەمپی کاتیی ئاوارەکانی نزیك بە شارۆچکەی ئەتمەی سه‌ر سنووری تورکیا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا لە 10 کانونی دووەم. [عارف وەتاد / ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵان لێفە و راخەریان هەڵگرتووە کە لە دەزگاکانی کۆمەکی کتوپڕەوە پێیانگەیشتووە لە کەمپی کاتیی ئاوارەکانی نزیك بە شارۆچکەی ئەتمەی سه‌ر سنووری تورکیا لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا لە 10 کانونی دووەم. [عارف وەتاد / ئاژانسی فرانس پرێس]

رەیچڵ سیدەر لە ئەنجومەنی نەرویجی بۆ ئاوارەکان وتی بەڵام هەوڵەکان لەلایەن "دەسەڵاتی دیفاکتۆ"ی ئیدلیبه‌وه‌ "بە بەربەست و ئاستەنگ دروستکردن یان شکستپێهێنانی گواستنەوەی کۆمەکی مرۆیی، لەنێویاندا لێدان لە سەلامەتی کارمەندانی مرۆیی، بوونەتە واقیعێکی ناهه‌موار".

تەحریر شام و باڵە مەدەنیەکەی -- کە ناسراویشە بە "حکومەتی رزگاری" -- دەستیانگرت بەسەر ئیدلیبدا لە سەرەتای ئەمساڵدا.

کارمەندێکی فریاگوزاری لە ئیدلیب کە ویستی ناوی نەهێنرێت لەترسی تۆڵە لێکردنەوە وتی: "لە کانونی دووەمەوە دەستێوەردان زیادیکردووە."

وتی: "تاقە رێکخراوێکی کۆمەك نیە تووشی هەڕەشە و دەستگیرکردن و رێپێگرتن نەبووبێت لەبەر هۆکاری زۆر گەمژانە،" لەکاتێکدا ئیدلیب رووبەڕوویبۆمبارانی زیاتر لەلایەن رژێم و روسیای هاوپەیمانیه‌وه‌بۆتەوە لە مانگی رابردوودا.

وتیشی لە نیساندا توندڕەوان هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێکردووە لەبەرئەوەی رەتیکردۆتەوە سه‌به‌ته‌ خۆراكیان رادەستبکات کە ئەو و تیمەکەی لە کەمپێك لە باشوری ئیدلیب بەسەر ئاوارەکانیاندا دابەشدەکرد.

ئەو پیاوە 27 ساڵە وتی: "وتیان دەبێت کۆمەکیان بدەمێ چونکە ئەوان موجاهیدن."

وتیشی تەحریر شام حەوت مانگ لەوەوبەر چوار رۆژ دەستبەسەریانکرد لە شاری ئیدلیب دوای وێنەگرتنی کاروانەکانی کۆمەك بەبێ مۆڵەتی ئەوان.

هه‌روه‌ها وتی چەکدارەکان لێیاندا، دەستیانگرت بەسەر لاپتۆپەکەیدا و کامێراکەیان شکاند.

"وتیان دەبێت سوپاسی خودا بکەم کە بەزیندوویی ئازادکراوم."

'دەستێوەردان'

پاوڵ دۆنۆهۆی لە لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی وتی: "گروپەکانی کۆمەك رووبەڕووی دەستێوەردان دەبنەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئیدلیبەوە، وەك سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خەڵکی بێحاڵ یان هەوڵدان بۆ كاریگه‌ری هه‌بوون له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئەوانەی مافی كۆمه‌كیان هه‌یه‌ لەگەڵ شوێنەکانی گواستنەوەی کۆمەك."

دۆنۆهۆی نه‌یویست زانیاری زیاتر بدات بەڵام کارمەندێکی دیکەی مرۆیی لە ئیدلیب، کە ئەویش داوایکرد ناوی نەهێنرێت، وتی چەندین پرۆژەی دەزگا نێودەوڵەتیەکانی کۆمەك لەم چەند مانگەی رابردوودا رەتکراونەتەوە بەهۆی دەستێوەردانی لەو شێوەیەوە.

ئەو کەسە 29 ساڵە وتی پلانێك بۆ پێدانی ئاردی خۆڕایی بە نانەواخانەکانی ئیدلیب شکستیهێنا لەبەرئەوەی حکومەتی رزگاری سووربوو لەسەر سنوردارکردنی سودمەندان بۆ ئەوانەی پەیوەستن بەوانەوە.

وتیشی: "چالاکیەکانمان وەك رێکخراوێك لەبەر ئەم رووداوانە زۆر کەمبوونەتەوە."

هه‌روه‌ها وتی چینی دەسەڵاتدار هەوڵیش دەدات دڵنیایی بدات لەوەی کەسانی پەیوەست پێوەی تەنده‌ره‌كانی دەزگاکانی کۆمەك ببه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و ده‌زگایانه‌ هەوڵدەدەن رێگربن لەمە لەڕێگەی چاودێریكردنه‌وه‌.

وتی: "هەر پرۆژەیەك لە ناوچەکەدا ئه‌نجامبدرێت، پشکیان لێی دەوێت."

ئەو دەستێوەردانە بۆتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەوەی کاڵاکانی فریاگوزاری و پارەی کۆمەك دەکەونە بەر دەستێکی نەشیاو.

سیدەر لە ئەنجومەنی نەرویجی بۆ ئاوارەکان وتی: "لەو دۆخەدا، دەزگاکانی کۆمەك ناتوانن بەتەواوی خۆیان لە مەترسییه‌ رێگره‌كان لابدەن و دەمانەوێت بەخشەرانیشمان ئەمە بزانن."

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ هەنگاوی زیاتر پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئه‌و به‌لاڕێبردنانه‌دا.

رێکخەری ناوچەیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سوریا، پانۆس مومتزیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لەنێو هەنگاوەکاندا "لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە لەلایەن هاوبەشەکان و بەخشەرانه‌وه‌، تەنانەت له‌لایه‌ن كرێكاران و کارمەندان و چاودێریکەرانی لایەنی سێیەمیشەوە، وەك بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن -- باڕکۆد و ژماره‌ تەلەفۆنی فریاگوزاری -- تا بتوانرێت دڵنیایی بدرێت لەوەی کۆمەك گەیشتۆتە دەست خەڵکی شیاو."

'فشار تەنیا زیاددەکات'

بەڕێوبەری سوریای رێكخراوی فریاگوزاریی ئیسلامی، ئەحمەد مەحمود وتی هێشتا هیچ کەمبوونەوەیەکی به‌رچاو لە کۆمەکی مرۆیی رووینەداوە، بەڵام هەندێك لە بەخشەران پشتیوانییان بڕیوە.

وتی: "تائێستا، پێنج نەخۆشخانەی سەرەکی ناچاربوون بەتەواوی دابخرێن و حەوت دەزگای پزیشکی دیکە -- لەنێویاندا ئه‌و نەخۆشخانانەی تەرکیزیان لەسەر منداڵان و منداڵبوونە -- کارەکانیان بەشێوەیەکی زۆر کەمکردەوە بەهۆی نەمانی پشتیوانیی داراییەوە."

هەرچەند دەکرێت هۆکاری دیکەش هەبێت، "هەندێك بەخشەر رەنگە نیگەران بن لە گۆڕانی دەسەڵات لە باکوری خۆرئاوای سوریا، کە رەنگە کاریگەریی لەسەر بڕیاری پشتیوانییان دانابێت".

وتی: "لەبەرئەوەی دەزگا دوای دەزگا دەرگاکانیان دادەخه‌ن، فشار زیاتر دەبێت لەسەر ئەوانەی دەمێننەوە."

هه‌رچی حکومەتی رزگارییشه‌ نکۆڵی لە شکستهێنان بە هەوڵەکانی فریاگوزاری دەکات.

بەرپرسێکی حکومەتی رزگاری بەرپرس لە هەماهەنگیی کۆمەك کە ناوی خۆی وەك دکتۆر جیهاد برد، وتی ئیدارەکە "هەوڵدەدات کاری (مرۆیی) رێکبخات" بە بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ دەزگا فریاگوزارییەکان و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی کۆمەك.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "تا زیاتر بەرپرسیارێتی و دروستکردنی بڕیار بەش بکەین و زیاتر هەماهەنگی لە کارەکانماندا بکەین، ئەنجامەکان باشتر دەبن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500