هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێرشێکی روسیا لە بنکەیەکی کڵاوسپیەکان دەدات لە ئیدلیب

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کارمەندان دەڕواننە بینایەکی بەرگری شارستانی لە شاری کەفر نەبلی پارێزگای ئیدلیب دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی روسیاوە بۆمباران کرا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کارمەندان دەڕواننە بینایەکی بەرگری شارستانی لە شاری کەفر نەبلی پارێزگای ئیدلیب دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی روسیاوە بۆمباران کرا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هێرشێکی ئاسمانی روسیا دووشەممە (13 ئایار) بینایەکی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان)ی لە شاری کەفر نەبلی ئیدلیب تێکشکاند، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.

چالاکوانێكی خه‌ڵكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت لە هێرشەکەدا ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی کڵاوسپیەکانیش تێکشکێنران.

وتی هێرشەکە نەبووە هۆی هیچ قوربانیەك، چونکە لەوکاتەدا کارمەندانی فریاگوزاری لە بیناکەدا نەبوون.

وتیشی لە چەند خولەکێکی کەمدا دەزگاکە دووجار کرایە ئامانج، کە دەکرێت ئاماژە بێت بە نیازی لەکارخستنی.

چەکدارانی بەرەی ئازادی سوریا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ شەڕ بۆ گرتنه‌وه‌ی گوندی حەمامیاتی پارێزگای حەما. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

چەکدارانی بەرەی ئازادی سوریا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ شەڕ بۆ گرتنه‌وه‌ی گوندی حەمامیاتی پارێزگای حەما. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ناوچەکە، ئونەیدە زیکرە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت "دوو موشەکی بەهێز لە ناوەندەکەیان دا" چەند خولەکێك دوای ئەوەی ستافەکەی لە شوێنی هێرشەکە چوونە دەرەوە لە گوندێکی نزیك.

عەساف وتی هێرشە ئاسمانیەکان بەتایبەتی بە دڕندانە شاری کەفر نەبل دەکەنە ئامانج و لە ژمارەیەك ماڵی مەدەنییان داوە و بوونه‌ته‌ هۆی ژمارەیەکی بەرز لە قوربانی له‌نێو مەدەنیەکاندا.

وتیشی ژمارەی كوژراوان و برینداران هێشتا دیار نیە بەهۆی دۆخی مەترسی و پاشاگەردانییه‌وه‌ له‌ ناوچەکە.

روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ لانیکەم 42 چەکدار کوژران لە 24 کاتژمێردا لە یەکشەممەوە بۆ دووشەممە بەهۆی پێکدادانه‌وه‌ لە ناوچەی جەبەل ئەکراد لە پارێزگای لازقیە نزیك بە سنووری پارێزگای ئیدلیب.

هێرشی پێچەوانە ئەنجامدرا

عەساف وتی گروپە چەکدارەکان لە ئیدلیب و حەما هێرشێکی پێچەوانەیان دژی رژێمی سوریا و میلیشیا چەکدارەکان ئەنجامدا لەو ناوچانەی ئەم هێزانە چەند رۆژێك پێشتر چووبوونە ناوی.

وتی چەکدارانی بەرەی سوریای ئازاد، تەحریر شام، جەیش عەززە و جەیش نەسر بینراون لەکاتی هێرشکردنە سەر گوندی حەمامیاتی پارێزگای حەمادا.

عەساف وتی سەرچاوەکان وتیان ئەو گروپانە چوونە ناو گوندەکە و سوپای سوریا کشایەوە له‌وێ و لە گردێكی دەرەوەی گوندەکە.

وتیشی گروپە چەکدارەکان توانییان بچنە گوندی جیبینیشەوە.

هه‌روه‌ها وتی شەڕی توند بەردەوامە لە چەندین ناوچە، لەنێویاندا حەرش کەرکات لە باکوری حەما و ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەکانی کەرناز و جەنابرە نیزك بە شارۆچکەی ستراتیژیی کەفر نەبودە.

ئەم ناوچانە کەوتنە دەستی هێزەکانی رژێملە هەفتەی رابردوودا.

شەڕی توند لە ناوچەکانی تەل مەلەح و تەل عوسمانیش روویدا، کە هێزەکانی بەرەی سوریای ئازاد بینراون بە پشتیوانی تانك تۆپبارانی سەخت دەکەن بۆ رێخۆشکردن بۆ چوونە ناو ناوچەکەوە.

تاوسەندنی سەربازی 'دەبێت بوەستێنرێت'

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، دووشەممە نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی رایگەیاند كه‌ 18 بنکەی تەندروستی لە ناوچەکە لەکارخراون لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا.

وتەبێژی نوسینگەکە لە سوریا، دەیڤد سوانسۆن وتی: "هێرشەکان بۆ سەر دەزگا تەندروستیەکان لە باکوری خۆرئاوای سوریا بەردەوامن بۆ خستنەوەی قوربانیی کارەساتبار لەنێو خەڵکە مەدەنیەکەدا."

وتی: "توندوتیژی لەوشێوەیە قێزەونە. نەخۆشخانەکان دەبێت وەك شوێنێکی پارێزراو بن و بمێننەوە کە تەواو بێلایەنن."

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی دووشەممەدا، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاند کە تاوسەندنی سەربازی لە باکوری خۆرئاوای سوریا "دەبێت بوەستێت".

راشیانگەیاند: "هێرشی دڕندانەی ئێستای رژێمی سوریا و پشتیوانانی بۆ سەر ملیۆنان مەدەنی کە لە ناوچەکە دەژین دەربارەی شەڕی تیرۆریزم نیە. دەربارەی پێشرەویی گرتنەوەی بێبەزەییانەیەتی لەلایەن رژێمەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500