هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق هاوڵاتیەکانی لە کەمپی ئەکدای سوریاوه‌ دەگەڕێنێتەوە

خالید تائی

بەرپرسانی عێراق سەرپەرشتی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقیەکان دەکەن کە لە کەمپی ئەکدای سوریا دەژیان لە 22 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

بەرپرسانی عێراق سەرپەرشتی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقیەکان دەکەن کە لە کەمپی ئەکدای سوریا دەژیان لە 22 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چوارشەممە (8 ئایار) رایگەیاند گروپێکی نوێی لە عێراقیەکان گەڕاندۆتەوە لە کەمپی ئەکدای سوریاوە وەك بەشێك لە بەرنامەی حکومەت بۆ هاندانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە بۆ وڵاتەکە.

بەڕێوبەری شاندەکە عه‌لیه‌ حسێن بەزاز بە دیارونای وت شاندی وەزارەت بۆ هەرێمی کوردستان "104 ئاوارەی عێراقی گەڕاندۆتەوە کە لە کەمپی ئەکدای دەوروبەری حەلەب دەژیان نزیك بە سنووری تورکیا".

وتی ئەمە دووەم گروپی گەڕاوەکانە لەمساڵدا، دوای ئەوەی لە 22 شوبات 199 ئاوارەی عێراقی لە ئەکداوە گەڕێندرانەوە.

وتی ئەمەش ژمارەی تەواوی گەڕاوەکان لە دەستپێکی 2017وە دەگەیەنێت بە 3,022 عێراقی و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم گەڕانەوەیە بەشێكە لە بەرنامەیەکی چڕوپڕی حکومەت کە دوو ساڵ لەمەوبەر بەگەڕخرا بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هەموو ئاوارە عێراقیەکانی دەستی تیرۆریزم.

ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە کەمپی ئەکدای سوریا دەژیان گەشت دەکەنەوە بۆ وڵاتەکەیان لە 30 ئازار 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە کەمپی ئەکدای سوریا دەژیان گەشت دەکەنەوە بۆ وڵاتەکەیان لە 30 ئازار 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

هەزاران عێراقی، بەتایبەتی دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا، ناچارکران هەڵبێن بۆ ناوچەکانی نزیك سنووری سوریا دوای ئەوەی لە ناوەندی 2014 رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستیگرت بەسەر شارۆچکەکانیاندا.

لە کۆتایی 2016، نزیکەی 12,000 عێراقی هەبوون، زۆربەیان هاوڵاتی تورکمان بوون و لە کەمپی ئەکدا نیشتەجێ بوون.

گەڕاوەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت

بەزاز وتی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقیەکان ئەنجامدەدرێن "بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی عێراقی لە ئەستەنبوڵ و کۆمسیۆنی باڵای ئاوارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان".

وتی: "پرۆسەکە سنوورداره‌،" لەبەرئەوەی ئاوارە عێراقیەکان یەکەمجار دەبێت بە کاربەدەستانی پەیوەندیدار لە کەمپەکە بڵێن کە حەزدەکەن بگەڕێنەوە.

ناوەکانیان لەڕێی کونسوڵخانەوە دەنێردرێت بۆ حکومەتی عێراق بۆ پشکنینی ئەمنی.

وتی دوای بەدەستهێنانی مۆڵەتی ئەمنی، تیمەکانی وەزارەت گەڕاوەکان دەگوێزنەوە لە کەمپی ئەکداوە بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل لە شارۆچکەی فیشخاپوری عێراق لەسەر سنوری تورکیا.

بەزاز وتی: "دواتر بە پاس دەیانگوێزینەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی رەسەنی خۆیان بە هاریکاری وەزارەتی گواستنەوەی عێراق."

وتی هەموو گەڕاوەکان لە وەزارەتەوە کۆمەکیان پێدەگات کە پاڵپشتی دارایی و خزمەتی دیکەی تێدایە کە كۆمه‌كی نیشتەجێبونیان دەكات، وەك یارمەتیدانی منداڵانیان تا لە قوتابخانەکان دابمەزرێن و ناسنامەی فەرمییان بۆ دەربکرێت.

وتیشی لە دوو ساڵی رابردوودا، وەزارەت رێخۆشکەریی کردووە بۆ گەڕانەوەی 3,732 عێراقی کە لە 2014 رۆیشتبوون بۆ تورکیا.

بەزاز وتی هه‌رچی ئەو 30,000 ئاوارە عێراقیەشه‌ کە لە کەمپی هۆلی سوریا دەژین، کەیسی ئەوان ئاڵۆزە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ هەیە، لەبەرئەوەی "ژمارەیەکی زۆر خێزانی داعشی عێراقی و بیانی بردراون بۆ ئەو کەمپە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500