هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پەیکەرتاشانی موسڵ رەمزە بەناوبانگەکانی شارەکە نۆژەندەکەنەوە

خالید تائی

پەیکەرتاشانی موسڵ لە 13 نیسان کاردەکەن لەسەر پەیکەرێکی جێگرەوەی 'فرۆشیاری خۆشاو'. پەیکەرەكه‌ی پێشوو لەلایەن داعشەوە روخێنرا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی موسڵ ئای]

پەیکەرتاشانی موسڵ لە 13 نیسان کاردەکەن لەسەر پەیکەرێکی جێگرەوەی 'فرۆشیاری خۆشاو'. پەیکەرەكه‌ی پێشوو لەلایەن داعشەوە روخێنرا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی موسڵ ئای]

تیمێكی پەیکەرتاشان ماوەیەکە کاردەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو پەیکەرانەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە روخێنراون بۆ شێوەی پڕشکۆی پێشوویان.

دوای سێ مانگ لە کارکردنی سەخت، تیمەکە مانگی رابردوو توانی یەکەمین دانە لە پرۆژەکانی تەواو بکات، پەیکەری فرۆشیاری خۆشاو، بۆ جێگرتنەوەی ئەو دانەیەی کە باڵی کێشابوو بەسەر فلکەی سەواسی شارەکەدا تا ئه‌وكاته‌ی لەلایەن داعشەوە روخێنرا.

پەیکەرتاش عومەر خەفاف وتی تیمەکە، کە لەلایەن نزار عەبدوللەتیفەوە پێشەنگی دەکرێت و هاوڕێیانی پەیکەرتاش محەمەد نزار و خالید عەبادییان تێدایە، "سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی کەلەپوری" شارەکە.

بە دیارونای وت: "بە 'فرۆشیاری خۆشاو' دەستمانپێکرد، کە بە کەلەپورێکی فۆلکلۆری دادەنرێت کە موسڵی رازاندبووه‌وە پێشئەوەی تیرۆریستان دابەزنە سەری و بیڕوخێنن، لەگەڵ پێگە مێژووییەکانی دیکە.'

دوو پەیکەرتاش لە 13 نیسان پەیکەری 'فرۆشیاری خۆشاو' نۆژەندەکەنەوە، کە لەلایەن داعشەوە روخێنرا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی موسڵ ئای]

دوو پەیکەرتاش لە 13 نیسان پەیکەری 'فرۆشیاری خۆشاو' نۆژەندەکەنەوە، کە لەلایەن داعشەوە روخێنرا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی موسڵ ئای]

خەفاف وتی: "سەرەتا بە توێژینەوەیەکی چڕوپڕی پەیکەرە کۆنەکە دەستمانپێکرد کە لە 1970 دروستكرابوو لەلایەن تەڵاڵ سەفاوییەوە، پەیکەرتاشێکی موسڵ و ویستمان مۆرکی خۆمان لەسەر ئەم پەیکەرە نوێیە دابنێین."

وتی کاری نۆژەنکردنەوە لە دۆخێكی پڕ ئاستەنگدا ئەنجامدرا.

وتیشی: "پشتگیریی ناوخۆیی سنووردار بوو، بڕێكی کەمی نرخی ماددەکەی دابیندەکرد." هه‌روه‌ها وتی دۆزینەوەی شوێنکارێكیش کە رووبەره‌كه‌ی بەپێی پێویست بێت زۆر کێشە بوو.

خەفاف وتی: "هێشتا نەمانتوانیوە شوێنێکی گەورە بگرین بۆ کردنی بە شوێنکار، بۆیە دەبوو ماڵەکەی خۆم بەکاربهێنین. بەڵام دواجار توانیمان کارەکە تەواوبکەین (لە 18 نیسان)."

وتی: "ئەمە تەنیا دەستپێکی پرۆژەکانمانە." وتیشی تیمەکە مەبەستێتی "وەك خاڵی دەستپێکی کاری دیکەی پەیکەرتاشی بێت، بە هاوکاری شارەوانی خۆجێی و کاربەدەستانی خۆجێیی دیکە".

پلانی کاری زیاتری نۆژەنکردنەوە دانراوە

خەفاف وتی تیمەکە بەهیوایە پەیکەرەکانی دیکەی موسڵ نۆژەنبکاتەوە، لەنێویاندا ئەوەی عوسمان موسڵی و ئەبو تەمام و فەتات رەبیعی (کچی بەهار).

وتی پەیکەری لەمشێوەیە شوناسی کلتوری شارەکە بەرجەستە دەکات و بەوجۆرەش دەبێت پارەی پێویستی بۆ دابینبکرێت.

وتیشی پەیکەرە نوێکەی فرۆشیاری خۆشاو پێنج مەتر بەرزە و لە کۆنکرێت دروستکراوە نەك برۆنز. هەروەها دەبێت لە شوێنه‌كه‌ی پێشووی دابنرێته‌وه‌ لە گەڕەکی مەنسوری خۆرئاوای موسڵ.

وتی کاربەدەستانی شارەوانی لەئێستادا ئەو ناوچەیە نۆژەندەکەنەوە کە دەبێت پەیکەرەکەی تێدا دابنرێت، کە لە ناوخۆدا ناسراوە بە فلکەی سەواس.

حەیدەر ئیسماعیل، کە سەرپەرشتی پرۆژەیەکی شارەوانی دەکات بۆ گەشەپێدانی سەواس، بە دیارونای وت تیمەکەی ماوەیەکە بێ وەستان کاردەکەن بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە.

وتی ئەمەش دانانی بنکەی پەیکەرەکە لەخۆدەگرێت لەگەڵ چاندنی گیا و گوڵ لە ناوچەکە و دروستکردنی فوارەیەك بۆ جوانکردنی شوێنەکە.

وتی: "فلکەی سەواس مەیدانێکی دانسقە و کۆنە نزیك بەو شوێنه‌ی ناسراوه‌ بە رێگەی بەغدا و بە رووکاری کلتوریی شارەکە دادەنرێت." وتیشی ماوەیەکی زۆرە شوێنی خوازراوی دەستگێڕانی شەربەت بووە.

ئیسماعیل وتی پەیکەرەکە رەمزێکی خۆشەویست بووە لای دانیشتوانی موسڵ، لەبەرئەوەی شارەکە بەناوبانگە بە دروستکردن و فرۆشتنی ئەم خواردنەوەیە.

هەروەها شەرەف بەخشینە بە کاری سەختی کرێکار، کە رۆژه‌كانی ژیانی بە گەڕان لەسەر شەقامەکان بەسەردەبات بە سوراحیەکی گەورەوە لەسەر شانی تا رزقی خێزانەکەی پەیدابکات.

وتی: "بنیاتنانەوەی ئەم پەیکەرە دوای نۆژەنکردنەوەی فلکەکە خۆشی دەخاتە نێو خەڵکی موسڵەوە، لەبەرئەوەی ئەو رەمزە پەیوەندی بە کەلەپوری جەماوەریی شارەکەیانەوە هەیە."

چاککردنەوەی رەمزە کلتورییەکان

بەڕێوبەری رۆژنامەوانیی شانەی قەیران لە موسڵ عەلی محەمەد بە دیارونای وت شارەکە خوازیارە ئەم پەیکەرە چاکبکاتەوە لەگەڵ هەموو ئەو رەمزانەی دیکە کە زیانیان بەرکەوتبوو.

لەئێستادا ئەو شانەیە شارەکە بەڕێوەدەبات، دوای ئەوەی پارێزگاری نەینەوا لەسەرکار لابرا دوای رووداوی کوشندەی بەلەمەکەلە 21 ئازار.

وتی: "شانەکە لیژنەیەکی لە ئەندازیاران و بیناسازان و شوێنەوارناسان دامەزراندووە کە بەرپرسن لە سەرپەرشتیکردنی چەند پرۆژەیەکی هەمەجۆری پەیوەست بە زیندووکردنەوەی کلتوری مرۆیی موسڵەوە."

وتی: "کاری جددی بەردەوامە بۆ نۆژەنکردنەوەی رەمزە مێژووییەکان کە لەلایەن تیرۆریستانەوە روخێنران، بەناوبانگترینیانمزگەوتی گەورەی نوریبوو، کە داروپەردووه‌كه‌ی لێ لادراوە تا بناتنانەوەی ئاسانبکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500