http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/04/29/feature-04

×
×
ئاساییش |

هێزەکانی عێراق 11 گوند لە خۆرهەڵاتی دیالە دەپارێزن

خالید تائی

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە لیوا عەبدولموحسین عەباسی (ناوەڕاست) تاوتوێی پلانەکانی دەکات بۆ پاراستنی قەزای خانەقین لە خۆرهەلاتی دیالە لە 27 نیسان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق یەکشەممە (28 نیسان) دەستیانكرد بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بەنێو قەزای خانەقینی خۆرهەڵاتی دیالەدا لە گەڕاندا بەدوای پاشماوە و شانە نوستوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، بەرپرسێکی سەربازی وتی.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، لیوا عەبدولموحسین عەباسی بە دیارونای وت "یەکە گه‌وره‌كانی پۆلیسی دیالە، فیرقەی 5 ی سوپا، هێزەکانی حەشدی شه‌عبی، خێڵەکیەکان و هێزی ئاسمانی عێراق" بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.

وتی هێزە هاوبەشەکان یەکشەممە 11 گوندیان بەدرێژایی رووباری ئەڵوەند شه‌نوكه‌وکردووە: حوڕییە، شا محەمەد، مەلەك شا، عەلی داود، مەردان، محەمەد عەباس، ئەحمەد بەگ، شێخ رەحیم، عەلی سەعدون، ئوخوە و ئیمام بابا محەمەد.

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجێتی "بەتەواوی بوونی تیرۆریستان بسڕێتەوە".

هێزە ئەمنیەکان بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنێكدا بۆ كردنه‌ ئامانجی پاشماوەکانی داعش لە قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە لە 15 تشرینی یەکەم 2018. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی دیالە]

عەباسی وتی: "گوندەکان پارێزراون و پارێزگاریی ورد بە دانیشتوانەکانیان بەخشراوە."

وتی هەوڵە ئەمنیەکان تا ئێستا بوونەتە هۆی "دەستگیرکردنی کەسێك کە بە تۆمەتی تیرۆریزم داواکراوە و تێکشکانی دوو حەشارگەی دوژمن".

وتیشی پێش شه‌نوكه‌وکردنەکە، هێزە ئەمنیەکان توانییان چەندین ناوچە بگرن کە پاشماوەکانی داعشیان تێدابوو، لەنێویاندا حه‌وزی وەقف لە دیالە.

وتی: "لە ئێستادا ناوچەی حه‌وزه‌كه‌ پارێزراوە لە چەکدارانی داعش. خێڵەکیەکانی موخەیسە و ئەبی سەیدا (باکوری دیالە) لەمڕۆدا چالاکانە بەشدارن لە پشتگیریكردنی ئاسایشی حه‌وزه‌كه‌دا."

پلانی ئاسایشی رەمەزان

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە پلانێکی ئەمنی جێبەجێدەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ناوچەکەدا "بۆ رێگرتن لەوەی پاشماوەکانی داعش ئاسایشی هاوڵاتیان بشێوێنن لەکاتی مانگی رەمەزاندا".

وتی پلانەکە تەرکیزی لەسەر "بەهێزکردنی بنکەکان و ناوچەکانی چاودێرییە، لەنێویاندا مزگەوتەکان، ناوچەی کاتبەسەربردن و گردبوونەوەی مەدەنیەکان".

وتیشی فەرماندەییەکە کردەی گەڕان لە گوندەکان و ناوچە بێ دانیشتوانەکاندا ئەنجامدەدات لە خۆرهەڵاتی دیالە و نزیك بە سنووری سەلاحەدین "بۆ هێشتنەوەی فشار لەسەر دوژمن تا هیچ دەرفەتێکی پێنەدرێت خۆی رێکبخاتەوە".

عەباسی وتی لە ئەنجامدانی ئەم کارەدا "هاریکاری كراوه‌ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکاندا کە رۆڵێکی گرنگیان هەیە له‌ شەڕی دژی تیرۆریزمدا".

وتی: "هەروەها کاریشدەکەین بۆ خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەمدواییانە 500 خێزانمان گەڕاندۆتەوە بۆ ماڵەکانیان."

وتیشی: "مەبەستمانە هەموو خێزانە ئاوارەکان بگەڕێنینەوە،" بە تەرکیزی سەرەتایی لەسەر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی باشوری بەهرەز و بەنی وەیس و بەلەدروز.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha