چالاکوانێکی سوری وتی تادێت توڕەیی رای گشتی زیاتردەبێت لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمدا لە سوریا بەهۆی کەمیی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییهوه.
چالاکوان محەمەد بهیك، كه خهڵكی ناوچه گوندنشینهكانی دیمەشقه، وتی ریزی درێژی ئۆتۆمبیل و هاوڵاتیان لە چاوەڕوانیی کڕینی بوتڵی غازی ناوماڵدا وێنەیەکی ئاساییە لە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی رژێمدا.
بە دیارونای وت ئەمە بەتایبەتی لە دیمەشق و حەلەب و شارە گەورەکانی دیکەی ژێردەستی رژێمدا دەبینرێت لەگەڵ ناوچەکانی کەنار دەریا و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه خاوەن شۆفێرەکان هەندێكجار 12 کاتژمێر دەوەستن بۆئەوەی چەند لیترێك بەنزینیان دەستبکەوێت.
بهیك وتی بۆ غازی ناوماڵیش هەمان رەوشە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه هەندێك لە ناوچە گوندنشینهكانی دیمەشق زیاتر لە دوو مانگە غازی ناوماڵیان نییە.
بهیك وتی نرخی فەرمیی بوتڵێك غاز 2,650 لیرەی سورییە (5.50 دۆلار) بەڵام دەستناکەوێت.
وتی لە بازاڕی رەشدا دەتوانیت بوتڵی غاز بە 7,000 لیرەی سوری (13.60 دۆلار) بکڕیت -- دووقاتی نرخی فەرمی -- 20 لیتر بەنزینیش لە بازاڕی رەشدا دەگاتە 10,000 لیرەی سوری (19.40 دینار).
کاریگەریەکان لەسەر هاتوچۆی گشتی
بهیك وتی بە هۆی کەمیی بەنزین و نرخی بەرزەوە، شۆفێری ئۆتۆمبیلە بازرگانییەکانی وەك تەکسی و شۆفێری پاسەکان نرخەکانیان دووقات کردووە، ئەمەش بێزاریی ئەو هاونیشتمانیانی لێکەوتۆتەوە کە ئەم خزمەتگوزارییانە بەردەوام بەکاردەهێنن.
وتیشی لەهەمانکاتدا رژێم هەوڵیداوە لە دژواری رەوشەکە کەمبکاتەوە لەێی دەرکردنی بەیاننامە و ئامارەوە کە دیدگایەکی هەڵە لەسەر راستییەکان نیشاندەدەن.
وتی: "چیتر بابەتەکە نهێنی نییە، ریزی درێژی ئۆتۆمۆبیلەکان چەندین جار دەبنە هۆی داخستنی شەقامەکان و دووڕیانەکان و وەستانی ترافیك و قەرەباڵغی."
بهیك ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه مازۆت (نەوت) لە بازاڕ نەماوە، هەرچەندە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ زستان خواستی کەمتری لەسەرە.
وتی زۆربەی هاوڵاتیان لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم گوێدرێژ و ئەسپ بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆ بەهۆی کەمیی بەنزینەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ گواستنەوە تا دێت وەك دیاردەیەکی ئاسایی لێدێت.