هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

سوپای پاسداران زەوییەکی زۆر دەکڕێت لە دێرەزوور

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شەقامێك لە شاری مەیادین لە دێرەزوور بۆته‌ وێرانە. چالاکوانان دەڵێن رەوشی خراپ و نەبوونی پشتگیریی حکومەت بۆ بنیاتنانەوە کارئاسانی كردووه‌ بۆ سوپای پاسداران بۆ کڕینی خانووبەرە لەو شوێنە. [خاوەنی وێنە: جەمیل عابد]

شەقامێك لە شاری مەیادین لە دێرەزوور بۆته‌ وێرانە. چالاکوانان دەڵێن رەوشی خراپ و نەبوونی پشتگیریی حکومەت بۆ بنیاتنانەوە کارئاسانی كردووه‌ بۆ سوپای پاسداران بۆ کڕینی خانووبەرە لەو شوێنە. [خاوەنی وێنە: جەمیل عابد]

چالاکوانێکی ناوخۆیی دەڵێت سوپای پاسداران دەستیکردووە بە کڕینی زەوییەکی زۆر لە پارێزگای دێرەزوور لە سوریا.

چالاکوانێكی دێرەزوور، جەمیل عابد بە دیارونای وت رژێمی سوریا راستەوخۆ پارەی کڕینیان دەدات یان لەلایەن کەسی نێوەندکاری سوریەوە دەکڕدرێن کە کاردەکەن بۆ سوپای پاسداران.

عابد وتی لەو دوو رێگایەوە دەرئەنجام سوپای پاسداران "زەوی زۆر و خانوەکان و دوکانەکان" دەکڕێت لە چەند بەشێکی دێرەزوور، بەتایبەتی لە چواردەوری ئەلبوکەمال و مەیادین.

هه‌وڵی ئێران بۆ پته‌وكردنی هه‌ژمونی له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا له‌ خزمه‌تی ئه‌جه‌نداكه‌یدایه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی رێڕه‌وێك بۆ لوبنان و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست كه بتوانێت‌ له‌ڕێیه‌وه‌ شه‌ڕكه‌ران و چه‌ك بگوێزێته‌وه‌ و بازرگانییه‌كه‌ی به‌رفراوانتربكات.

وتی رژێمی سوریا کارئاسانی بۆ کڕینیان دەکات و ئەفسەرانی سوپای پاسداران کاردەکەن لەگەڵ دەزگاکانی حکومەتی سوری بۆ کڕینی ئەو کارگانەی خاوەنەکانیان ئامادە نین -- ئه‌و سوریانه‌ی چەندین ساڵە لە دەرەوەی وڵاتن.

وتی هەرکە پارەکە دەدرێت، روپەلی فەرمی پڕدەکرێتەوە لە وەزارەتی پیشەسازی سوریا.

عابد وتی لەحاڵەتی دیکەشدا ئەفسەرانی سوپای پاسداران یان نوێنەرەکانیان پارەیەکی زۆر دەدەن بۆ کڕینی زەوی، هەندێكجار سێ جار زیاتری پارەی بازاڕ دەدەن بە موڵکێك و تەماح دەخه‌نه‌ به‌رده‌م خاوەنەکە تا بیفرۆشێت.

وتی ئەم رێگایە "تاڕادەیەك سەرکەوتوو بووە" بەهۆی رەوشی ئابوری سوریا و ئەو هەژارییەی باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمەکەدا.

هاوکارەکانیان ناسراونەته‌وە

وتی هەندێك لەو سوریانەی هاوکاریی سوپای پاسداران ده‌كه‌ن بۆ ئەم کارە ناسراونەتەوە، دوو پیاو لەوانه‌ دانیشتووی گوندی حوسەینییەن و میلیشیایەکی سەر بە سوپای پاسدارانیان دروستکردووە.

وتی دوو پیاوەکە موڵکێكی زۆریان کڕیوە و ئەندامانی میلیشیاکانیان خستۆتە سەر ئەو موڵکانەی کڕیویانن تا ئیمزا دەکرێن و دەخرێنە سەر سوپای پاسداران.

عابد وتی: "میلیشیاکە هەڕەشەی کرووە لەو خاوەن موڵکانەی رەتیانکردۆتەوە موڵکەکانیان بە سوپای پاسداران بفرۆشن، تا ناچاریانبكات په‌سه‌ندی بكه‌ن."

وتی: "مەدەنیەکان لەم هەرێمە دەچنە پاڵ سوپای پاسداران چونکە پەیوەندیەکی گرژیان لەگەڵ رژێمی سوریا هەیە، کە پەشیمانبۆتەوە لە چەندین بەڵێنی درابوون بە پیاوانی خێڵەکان."

ئەو بارگرژییانە زیادیانکرد دوای ئەوەی هێزەکانی رژێم 40 گەنجیان دەستگیرکرد لە مەیادین و په‌لكێشیانكردن بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ .

عابد وتی دەستگیرکردنەکان دوای ئەوە روویاندا کە رژێم بەڵێنیدابوو بە ریشسپییەکانی خێڵەکان تا ماوەیەکی درێژ گەنجەکان خزمەتی سەربازی زۆرەملێ نەکەن یان هه‌ر بەتەواوی لێیان ببوورن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500