هەرچەندە چوار ساڵ و نیو تێپەڕیوە بەسەر سهندنهوهی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، قەزای شەنگال له پارێزگای نەینەوا هێشتا دەناڵێنێت بەدەست وەستانی خزمەتگوزارییەوە، بەرپرسێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.
قائیمقامی قەزای شەنگال، فەهد حامید چوارشەممە (3 نیسان) وتی: "پەرلەمانی عێراق دووساڵ لەمەوبەر دەنگیدا بۆ دداننان بە شەنگالدا وەك ناوچهی کارەسات."
وتی هەرچەندە هەنگاوەکە مەبەستی بوو بنیاتنانەوە دەستپێبکات، شتێکی ئەوتۆ نەکراوە بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ژێرخان و خزمەتگوزاریی قەزاکە.
حامید وتی: "رادهی وێرانبوونی ناوەندی قەزاکە دەخەمڵێنرێت به لهسهدا 85 و ئاستی چاککردنەوەی بیناکان و ناوچەکانی خزمەتگوزاری لەژێر ئاستی پێویستدایە."
حامید وتی دەگمەنیی خزمەتگوزاری گشتی و هەنگاوە خاوەکانی بنیاتنانەوەی شەنگال مانای وایە "زۆربەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی قەزاکە هیشتا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین".
وتی: "به ههمووی 100,000 کەسێك ئێستا لە تهواوی ناوەندی قەزاکە و گوند و کۆمەڵگەکانیدا دەژین."
ئاماژەیکرد بەوەی نزیکەی 300,000 دانیشتوی ئاوارەی شەنگال لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەکاتێکدا 100,000 ئاوارەی دیکەی قەزاکە ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون لەم چەند ساڵەی دواییدا.
حامید وتی: "نزیکەی 2,300 خێزان ماوەی چەند ساڵێکە لە کەمپەکانی سەر لوتکە و قهدپاڵی چیای شەنگالدا دەژین و کێشەیان هەیە لەگەڵ سەرمای توندی زستان و گەرمای هاوین."
دۆخی گەڕانەوە لەبارنیە
حامید وتی ئەم خەڵکە، لەگەڵ 14,000 کەس کە ئێستا لە ناحیەی سنونێی باکوری قەزای شەنگالن، "ناتوانن بگەڕێنەوە بەهۆی وێرانبوونی ماڵ وترس له تەقینەوە".
وتی: "پێنج بینای نیشتەجێبوون و 20 گوندیش لە باشوری قەزای (شەنگال) هێشتا بەتەواوی لە مین و بۆمبی دەستکرد پاکنەکراونەتەوە، بۆیە ناتوانین دانیشتوانەکەیان بگەڕێنینەوە."
وتیشی: "لە قەزاکە خاکی کشتوکاڵی و باخی فراوانی لێیە، بەڵام ئەمڕۆ فەرامۆشکراون و خاوەنەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە و بەدەستیان بهێننەوە لەبەرئەوەی لە پاشماوەی شەڕ پاکنەکراونەتەوە لەگەڵ بۆمبی نەتەقیو."
ههوهها وتی: "دۆخی خزمەتگوزاری سەختە و داوا لە حکومەت دەکەین هەموو هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی ئازاری خەڵك و گەڕانەوەی قەزاکە بۆ دۆخی پێشووی خۆی."
قەزای شەنگال کەوتۆتە خۆرئاوای نەینەوا و زۆربەی دانیشتوانەکەی ئێزدیی عێراقین کەمەینەتییهكی زۆریان چەشت بەدەستی داعش.