http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/04/02/feature-02

×
×
ئاساییش |

فەرەنسا سوریا و روسیا بەرپرسیار دەکات له‌ هەر هێرشێکی کیمیایی دیکە

کارڤانسەرای و ئاژانسی فرانس پرێس

ڤیدیۆیەك کە لەسه‌ر تویتەر له‌لایه‌ن بەرگری شارستانی سوریاوه‌ بڵاوکراوەتەوە، منداڵان دەردەخات کە گوایە هێرشی کیمیایی لێیداون لە دوما، غوتەی خۆرهەڵاتی سوریا. [تویتەری بەرگری شارستانی سوریا / ئاژانسی فرانس پرێس] لە ڤیدیۆی دووه‌مدا، كه‌ لە پەیجی فەیسبوکی لیژنەی هەماهەنگی شاری دوماوە وەرگیراوە، منداڵان و گەورەکان نیشاندەدرێن چارەسەریان پێدەگات و دەشۆردرێن بە ئاو لە وێستگەیەکی تەندروستی لە دوما دوای هەمان هێرشی کیمیایی. [لیژنەی هەماهەنگی شاری دوما / ئاژانسی فرانس پرێس]

فەرەنسا به‌ وریایی ده‌مێنێته‌وه‌ بەرامبەر هەر بەکارهێنانێکی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە سوریا و هاوشانی هاوبەشە هاوپەیمانەکانیشی سوورە لەسەر سزادانی هەر کارێك لەلایەن رژێمی سوریاوە، بەرپرسانی فەرەنسا وتیان.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە 1 ئازار پشتڕاستیکردەوە کە کلۆر بەکارهاتووە لە شارۆچکەی دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە 2018، لە دوایین راپۆرتێکی زۆر چاوەڕوانکراودا لەسەر هێرشێكی کوشندە.

ئەو رێکخراوە لە شاری لاهای رایگەیاند دوو بتڵ کە دەکرێت کلۆریان تێدابووبێت خراونەتە خوارەوە لە گەڕەکێکی شارۆچکەکە، راشیگەیاند "بەڵگەی درووست" هەبوون لەسەرئەوەی کلۆری تیشکدەرەوە بەکارهاتووە وەك چەك لە 7 نیسانی رابردوو.

زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رژێمی سوریای بەشار ئەسەد و روسیای پشتیوانیان بە رووداوەکە تۆمەتبارکرد و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکاش هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی لە وەڵامدا.

کەشتیی جەنگی فەرەنسی چارڵز دیگۆڵ دەگاتە سنورەکانی سوریا لە 13 ئازار بۆ پشتگیریكردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە. [USCENTCOM]

بەگوێرەی بەرگری شارستانی سوریا کە ناسراویشە بە کڵاو سپییەکان، لە 7 نیسان، تەواوی ئه‌ندامانی چه‌ندین خێزان دۆزرانەوە کە "بە گاز مردبوون" لە شێڵتەر و ماڵەکانیاندا لە دوما. [کڵاو سپیەکان]

کوڕێکی سوری لە 22 کانونی دووەمی 2018 لە دوما ماسكێكی ئۆکسجینی به‌ ده‌می کۆرپەیەكه‌وه‌ گرتووه‌ دوای هێرشێكی کیمیایی. لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە 2011، حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تۆمەتبارکراوە بە بەکارهێنانی گازی کلۆر یان خەردەل دژی مەدەنیەکان. [حەسەن محەمەد / ئاژانسی فرانس پرێس]

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان-یڤس لۆ دریان لە بەیاننامەیەکدا لە 1 ئازار رایگەیاند: "رژێمی سوریا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە لە هێرشەکانیدا لە 2012وە، نەك تەنیا لە غوتە، بەڵکو لە خان شێخون، له‌تامینە، سەراقیب و دوما و بە هەزارانی کوشتووە و بریندارکردووە."

وتی: "توندترین سەرکۆنەی خۆمان دووبارە دەکەمەوە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هەر شوێنێکی دونیا و لە هەر دۆخێکدا بێت لەگەڵ سووربوونی فەرەنسا لە رووبەڕووبوونەوەی بێ پارێزبەندی."

وەزیری بەرگریی فەرەنسا، فلۆرێنس پارلی پابەندیی وڵاته‌كه‌ی دووبارەکردەوە دژی چەکی کیمیایی لە 18 ئازار لە وتەیەکدا لە واشنتۆن دی سی.

بە ئاماژەکردن بە هێرشی سزادەرانە دژی رژێمی ئەسەد لە نیسانی 2018 بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، وتی: "کاتێك ئەسەد چەکی کیمیایی بەکارهێنا، فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا بوون بۆ هێرشی ئامانجپێکان دژی وێستگە کیمیاییەکان."

پارلی وتی: "گەر پێویست بێت ئەنجامی دەدەینەوە."

بەگوێرەی بەیاننامەیەك لە ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکاوە، وتەکانی لەکاتێکدا بوون کە کەشتیگەلی جەنگیی هێرشبەری CTF473 گەیشتنە کەنارەکانی سوریا لە 13 ئازار بۆ پشتیوانیكردن له‌ کردەی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی ئاوێتەکراوی ئیرادەی خۆرسك.

لە بەیاننامەکه‌دا هاتووە كه‌ ئەو کەشتیگەلە جەنگییە پێکهاتووە لە چارڵز دیگۆڵی هەڵگری فڕۆکەی جەنگی و یاوەرانی لە کەشتی پشتیوانی، كه‌ هەندێکیان لەلایەن نەتەوە هاوپەیمانەکانەوە دابینکراون، راشیگەیاند کە بە گەیشتنی بە ناوچەکە، کەشتیگەلەکە كه‌شتیی رافایل و فڕۆکەكانی هاوکێی خستەگەڕ بۆ پشتیوانیكردن لە هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر خاك و کۆکردنەوەی زانیاری.

ئەو کەشتیگەلە جەنگییە لەوێیە وەك بیرخەرەوەیەك لەسەر سووربوونی هاوپەیمانێتیەکە بۆ رێگرتن لە توانای بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی.

مێژوویەك لە هێرش

لە دوایین راپۆرتی خۆیدا، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بانگەشەکانی رژێمی سوریای رەتکردەوە بەوەی گوایە گازەکە لە وێستگەیەکی ئۆپۆزسیۆنەوە لە ناوچەکە هاتووە.

رایگەیاند: "بە شیکاریکردنی زانیاریی کۆکراوە لەکاتی سەردانی شوێنەکەدا بۆ ئه‌و ئه‌مبار و وێستگانه‌ی گومانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاییان لێده‌كرێت، هیچ ئاماژەیەك نەبوو بەوەی وێستگەکە بەکارهاتووە لە دروستکردنیدا."

روسیا، کە پشتیوانی ئەسەدە، دووبارە راپۆرتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو نەهامەتیە لەلایەن خۆبەخشانی فریاگوزاریی سوریاوە "دروستکراوە" کە ناسراون بە کڵاو سپییەکان، کە رێکخراوێکی مرۆیی ناسراوە بە بەرگری شارستانی سوریا.

مۆسکۆ بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو جۆرە تۆمەتانەی ئارساتەکردووە وەك بەشێك لە هەوڵەکانی زانیاریی ساختە بۆ لادانی تۆمەت لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی له‌لایه‌ن سوریاوه‌.

بەرامبەر "تۆمەتی بەردەوامی" بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تیمێکی سەربەخۆی دۆزینەوەی راستیەکانی پێکهێنا لە 2014. لەوکاتەوە لە زیاد لە 70 کەیسی بەکارهێنانی گازی کیمیایی کۆڵیوەتەوە لە سوریا لە 2014وە.

لە 2015، رێكخراوه‌كه‌ پەیوەندیکرد بە نەتەوە یەکگرتوەکانه‌وه‌ بۆ پێکهێنانی پانێڵێکی لێکۆڵینەوە بە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەوانەی لەپشت هێرشە کیمیاییەکەی سوریاوەن.

لە تشرینی یەکەمی 2017، پانێڵەکە راپۆرتێکی تۆمەتبارکه‌ری راگەیاند کە دەڵێت هێزی ئاسمانی سوریا خەردەلی بەرداوەتەوە به‌سەر گوندی خان شێخونی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا لە نیسانی 2017 و بە دەیان مەدەنی کوشتووە.

روسیا، پشتیوانی باڵای نێودەوڵەتیی ئەسەد و حکومەتی سوریا هەردووکیان بەرپەچی بەکارهێنانی گازی خەردەلیان دایەوە و وتیان ڤیدیۆی قوربانییە توشبووەکان کە منداڵیشیان تێدایە، دروستکراو بووە.

راپۆرتێکی دیکەی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ده‌ره‌نجامگیریی كرد كه‌ "زۆر بۆی هەیە" خەردەل بەکارهاتبێت لە ئازاری 2017 لە گوندی له‌تامینە. رژێمی سوریا تۆمەتباریش کراوە بە بەکارهێنانی گازی کلۆر لە سێ گوند لە 2014 و 2015.

مۆسکۆ بەردەوام هەوڵی بەربەست دروستکردنی داوە لەبەردەم لێکۆڵینەوەدا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکەی. لە تشرینی دووەمدا، روسیا شکستی هێنا لە هەوڵەکەی بۆ رێگرتن لە دەسەڵاتی نوێی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆ سەپاندنی تاوانی جەنگ بە داواكردنی دەنگدان لەسەر بودجەی 2019ی رێکخراوەکە.

نیگەرانییه‌كانی ئیدلیب

بە تەرکیز خستنە سەر ئیدلیب، دوایین بنکەی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، نیگەرانی سەریهه‌ڵداوه‌ دەربارەی بەکارهێنانەوەی چەکی کیمیایی.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ واشنتۆن لە 14 ئازار روسیا و حکومەتی سوریای تۆمەتبارکرد بە بەرپرس بوون لە "تاوسەندنی توندوتیژی" لە پارێزگای ئیدلیب دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا هێرشیان ئەنجامدا لە پارێزگاکە، کە یەکەمین هێرشی لەوشێوەیە بوون لە ئەیلولەوە و لەوکاتەوەی ئاگربەستی تورکیا-روسیا ئەنجامدرا.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێریكردنی مافەکانی مرۆڤ، لانیکەم 13 مەدەنی کوژران، لەنێویاندا شەش کۆرپە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، رۆبەرت پالادینۆ وتی: "ئەمریکا بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەڕوانێتە توندوتیژیی تاوسەندوو لەمدواییانەدا لە ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری بەهۆی هێرشە ئاسمانییه‌كان و تۆپخانەکانی روسیا و رژێمی ئەسەدەوە."

وتیشی: "سەرەڕای بانگەشەکانی روسیا بەوەی تیرۆریستان دەکاتە ئامانج، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی مردنی دەیان مەدەنی و فریاگوزارانی خێرایان کردۆتە ئامانج لەکاتی هەوڵی رزگارکردنی خەڵكدا."

پالادینۆ وتی وەك بەشێك لە رێکەوتنی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا، "روسیا بەرپرسیارێتی تەواوی هەیە له‌م ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرانەیە".

ئاگربەستەکە مەبەستی بوو رێگربێت لە هەر هێرشێكی پلان بۆ دانراوی رژێم و روسیای پشتیوانی کە گروپە کۆمەککارەکان ترسیان لەوە هەبوو ببێتە هۆی روودانی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە دەستپێکی شەڕە هەشت ساڵانەکەوە تائێستا.

هێرشەکەی حکومەت بەری پێگیرا، بەڵام کەس بڕگەکانی ئاگربەستەکەی جێبەجێنەکردووە.

ئەم رووداوەی دوایی دواجار نیە کە روسیا و سوریا هەوڵی هەڵگیرسانی توندوتیژییان دابێت لە ئیدلیب. لە کانونی یەکەم، روسیا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئیدلیب دوای بڵاوکردنەوەی چیرۆکێکی ساختە دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە لە هەوڵێکدا بۆ لێدان لە ئاگربەستەکە.

پالادینۆ ئەوکاته‌ وتی روسیا و سوریا رووداوەکەیان بەکارهێنا "وەك دەرفەتێك بۆ لێدان لە بوونی متمانە بە ئاگربەستەکە لە ئیدلیب".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha