هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال هەڵدرایەوە

عەلا حسێن لە بەغدا لەگەڵ خالید تائی

ژنانی ئێزدی دەگرین لە مەراسیمی 15 ئازاردا لەکاتی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدیدا کە بەدەستی داعش کوژران لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراق]

ژنانی ئێزدی دەگرین لە مەراسیمی 15 ئازاردا لەکاتی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدیدا کە بەدەستی داعش کوژران لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال. [خاوەنی وێنە: دەزگای شەهیدانی عێراق]

حکومەتی عێراق 15 ئازار دەستیکرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئه‌و ئێزدیانه‌ی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌ کوژرابوون لە گوندی کۆچۆ لە شەنگال لە پارێزگای نەینەوای عێراق.

کەسوکاری کوژراوەکان دەستیانکرد بە گریان کاتێك شارەزایان لە دەزگای شەهیدانی حکومەت دەستیانکرد بە کارەکانیان.

چەکدارانی داعش سەدان کوڕی گەنج و ژن و پیاوی بەتەمەنیان کوشت كاتێك شەنگالیان داگیركرد لە ئابی 2014 و لە نزیکەی 70 گۆڕی بەکۆمەڵدا ناشتیانن.

ژنە گەنجە ئێزدییەکانیشیان رفاند و کردیانن بە کۆیلە.

دەزگا پەیوەندیدارەکانی عێراق یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدی دەستی داعش هەڵدەدەنەوە لە گوندی کۆچۆ لە شەنگاڵ، 15 ئازار. [خاوەنی وێنە: خەیری عەلی ئیبراهیم]

دەزگا پەیوەندیدارەکانی عێراق یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدی دەستی داعش هەڵدەدەنەوە لە گوندی کۆچۆ لە شەنگاڵ، 15 ئازار. [خاوەنی وێنە: خەیری عەلی ئیبراهیم]

خێزانی قوربانیەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی ئەو بۆنه‌ فەرمییە بوون کە بەڕێوەچوو بۆ دەستپێکردنی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ.

پارێزەری مافی مرۆڤی بەریتانی، کەریم خان، لەناو ئامادەبوواندا بوو، کە سەرۆکی تیمی نێودەولەتییە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش.

کۆمەڵکوژی لە کۆچۆ

سەرۆکی ئێزدیەکان لە دەزگایەکی هۆڵەندی، حەسۆ هورمی وتی: "دوای ئەوەی تیرۆریستان گوندی کۆچۆیان داگیرکرد لە 15 ئابی 2014، ئیدی بووە شوێنی خراپترین کۆمەڵکوژی دژی خەڵكی ئێزدی."

بە دیارونای وت نزیکەی 1,250 ئێزدی لە گوندەکە دەژیان، بەگوێره‌ی ئەو زانیاریانەش کە لەبەردەسدان، نزیکەی 400 پیاو لەوانە کوژران و ژنان و منداڵەکانیش بە دەستگیرکراوی رفێنران.

وتی: "تەنیا 19 ئێزدی لە هێرشەکەی داعشدا بۆ سەر گوندەکە رزگاریان بوو."

وتیشی نزیکەی 70 گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئێزدی هەیە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ "هەوڵی جددی هەیە بۆ ەوەی هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزدیەکان هەڵبدرێنەوە تا رادەی ئەو کارەساتە تراژیدییە بە جیهان بناسێنرێت".

وتی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکانە بەشدارن لە هەوڵەکانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕەکاندا و دەرهێنانی تەرمەکان و "هاوکاریش دەبن بۆ پرۆسە سەختەکانی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی بۆ تەرمەکان و دۆزینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان".

بە بەڵگەکردنی پرۆسەکە

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازڵ غەراوی وتی حکومەتی عێراق دەیویست دەستبکات بە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەکان بە ئامادەبوونی تیمێکی نێودەوڵەتی بۆئەوەی بەڵگەکان تۆماربکرێن.

بە دیارونای وت تیمە نێودەوڵەتییەکە چاودێریی پرۆسەکە دەکات و بەڵگەکان تۆماردەکات، راپۆرتێکیش بۆ سیستمی دادگا ئامادە دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ بەڵگەکانی تاوان دواتر دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ دادگایکردنی تاوانباران.

وتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان "گرنگترین بەڵگەی بەرجەستەی ئەو تاوانە توند و قێزەونانەن کە گروپەکە لە عێراق ئەنجامیداون".

غەراوی وتی حکومەتی عێراق پشتیوانیكردنی خێزانی قوربانیانی دەستی داعشی کردۆتە كاری پێشینه‌، بە ئێزدییەکانی شارۆچکەی شەنگالیشەوە لە پارێزگای نەینەوا.

وتی حکومەت کاردەکات بۆ دابینکردنی قەرەبووی دارایی و دروستکردنەوەی شارەکان و گوندەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵیان، هەرچەندە نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی کاری ئیداری ئاڵۆز رێگربووە لە دابینکردنی تەواوتی ئەو خزمەتگوزارییانە.

لە یەك خێزانی یه‌زیدیش دەستنەپارێزرا

یەکێك لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژییەکانی 2014، كێجی ئامۆ وتی تاوانبارانی داعش دەستیان نەپاراست تەنانەت لە یەك ئێزدی، بۆیه‌ "یەك خێزانی ئیزدی نییە کەسێکی بێسەروشوێن نەکرابێت و چاوەڕێ نەبێت لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بدۆزێنەوە".

ئەو یەکێك بوو لە سەدان ئەو پیاوانەی داعش پلانی دانابوو بیانکوژێت کە شەنگاڵیان داگیرکرد بەڵام لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە توانیبوویان هەڵبێن.

ناوبراو بە دیارونای وت: "هەندێك لە خێزانەکان بە تەواوی لەناوبران و کەسیان نەما، خێزانی دیکەش هەن كه‌ تەنیا یەك دوو کەسیان ماوە."

وتی ئەوەی ئەم خەڵكە به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن "ئەمڕۆ زۆر ناخۆشترە لەکاتێکدا چاوەڕێن ئەندامانی خێزانەکانیان بدۆزرێنەوە کە داعش ناشتوونی".

سەرۆکی بەرگری شارستانی نەینەوا، عەقید حوسام حەمدانی وتی دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵدانەوە تەواودەبێت، تەرمەکان دەدرێنە بەشی پزیشکی داد لە بەڕێوبەرێتی تەندروستی نەینەوا.

بە دیارونای وت تەرمەکان دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ كه‌سوكاریان بۆئەوەی بە دەستووری ئایینی خۆیان بەخاك بسپێردرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500