هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هاوپەیمانێتی رەگداکوتاوی نێوان ئەمریکا و عومان

ئەحمەد سەید لە مەسقەت

هێزەکانی ئەمریکا بەشداریده‌كه‌ن لە مانۆڕێکی سەربازی سێ هەفتەییدا لەگەڵ هاوپەیمانە عومانییەکان کانوونی دووەم لە بنکەیەکی بیابانی بەردەڵاندا لە رابکوت. [فایل]

هێزەکانی ئەمریکا بەشداریده‌كه‌ن لە مانۆڕێکی سەربازی سێ هەفتەییدا لەگەڵ هاوپەیمانە عومانییەکان کانوونی دووەم لە بنکەیەکی بیابانی بەردەڵاندا لە رابکوت. [فایل]

مانۆڕی ئینفێرنۆ کریك مانۆڕێكە دووبارە دەبێتەوە و دانراوە بۆ ئەوەی پەیوەندی سەربازی نێوان سوپای ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی شاهانەی عومان پتەوبکات. [فایل]

مانۆڕی ئینفێرنۆ کریك مانۆڕێكە دووبارە دەبێتەوە و دانراوە بۆ ئەوەی پەیوەندی سەربازی نێوان سوپای ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی شاهانەی عومان پتەوبکات. [فایل]

شارەزایان و شرۆڤەکاران بە دیارونایان وت پەیوەندی پتەوەی رەگداکوتاوی نێوان ئەمریکا و عومان خزمەتی هەردوولا دەکات و زۆر هاوکاری ئارامی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتیش دەبێت.

وتیان هاوکاری دوولایەنە لەو ئاستە بڵندەدا لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەکەدا بەڵگەکەی ئەو مانۆڕە سەربازییەی راهێاننە کە لە میرنشینەکە ئەنجامدرا.

مانۆڕی "ئینفێرنۆ کریك 19"ی سوپای شاهانەی عومان کە سێ هەفتەی خایاند و لەگەڵ سوپای ئەمریکا بەڕێوەچوو لە کانونی دووەم ئەنجامدرا لە شارۆچکەی رابکوت کە لەسەر دەریایە و کەوتۆتە باشوری عومان.

مانۆڕە هاوبەشەکە بەشێکە لە کاری هاوبەشی سەربازی نێوان هەردوو وڵاتەکە و هەل دەداتە هەردوولا تواناکانی شەڕیان پتەوبکەن و ئامادەییان دژی مەترسییەکانی هەرێمەکە باشتر بێت.

ئەفسەرانی باڵای هێزە چەکدارەکانی سوڵتان، پۆلیسی شاهانەی عومان و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە و ژمارەیەك ئەفسەری پلە باڵای ئەمریکی دەبینرێن لە کاتی مانۆڕی ئینفێرنۆ کریك 19. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی عومان]

ئەفسەرانی باڵای هێزە چەکدارەکانی سوڵتان، پۆلیسی شاهانەی عومان و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە و ژمارەیەك ئەفسەری پلە باڵای ئەمریکی دەبینرێن لە کاتی مانۆڕی ئینفێرنۆ کریك 19. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی عومان]

هۆکارێکیشە بۆ لێکتێگەیشتن لە مانای چالاکییەکانی نێوان هەردوولا، بۆیە پێكه‌وه‌کاركردنی دوولایەنە باشتر دەکات.

مێژووی دۆستایەتی

شرۆڤەکاری ستراتیژی، قەیس بن مەحمود وتی پەیوەندی نێوان عومان و ئەمریکا بە فەرمی لە 1833 دەستیپێکرد، لەوکاتەشەوە هەردوو وڵات لەسەر زۆر بابەت کاریان کردووە، وەك بەرگری و ئەمنییەت.

بە دیارونای وت هەردوولا لە ساڵی 1980 رێکەوتنی کاری هاوبەشی سەربازییان ئیمزاکرد، کە لە ساڵی 2010 نوێکرایەوە.

وتی عومان هاوکاریش بووە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا و ئەندامە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە عێراق و سوریا.

میرنشینەکە چەندین ئامێری سەربازیشی لە ئەمریکا وەرگرتووە لە ساڵانی رابردوودا بۆ نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئازاری پار وتی عومان دوو دەستە فڕۆکەی جەنگی F-16 و سێ فڕۆکەی بارهەڵگری C-130J، چەکی سیستەمی F-16 و 20 ئۆتۆمبیل بۆ کاری جۆرا و جۆر وەرگرتووە.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو ئامێرانە "وادەکەن عومان بتوانێت خۆی بپارێزێت دژی مەترسییەکان لە هەرێمەکە و هەلیشی دەداتێ بتوانێت لەگەڵ سیستەمە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان زیاتر کارەکانی بگونجێت."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی ئەوەش دەبێتە هۆی "وەستانەوە بەرامبەر ئەگەری مەترسی هەرێمی وەك فڕۆکەی بێفڕکەوان و موشەك و فڕۆکەی جەنگی، ئەمەش بەرگری خاکی عومان زیاتر دەکات و پشتیوانییه‌كیش دەبێت بۆ ئاسایشی هەرێمی".

بن مەحمود وتی راهێنان و بەرنامەکانی نۆژەنکردنەوە هاوکارییەکی گەورەی به‌مۆدێرنکردنی سوپای شاهانەی عومان بوون.

وتی: "بڕوامان وایە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بۆتە هۆی ئەوەی کاری هاوبەش لە کەنداو بۆ دڵنیابوونەوە لە ئارامیی هەرێمەکە ئەنجامبدرێت." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجومەنی کاری هاوبەشی کەنداو هاوپەیمانی هەرێمیی گرنگن.

هاوکاریكردن له‌ بواری بەرگریدا

شارەزای ستراتیژی، سەیف بن سوڵتان، بە دیارونای وت مانۆڕی راهێنانە سەربازییەکەی "ئینفێرنۆ کریك 19" کە بەمدواییانە ئەنجامدرا "بەشێکی دیکەیە لە زنجیرەی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات".

بەشداربووان لە لایەنی عومانییەوە بریتیبوون لە فەوجی 11ی پیادە، یەکەی تۆپخانەی سوڵتانی عومان، پەڕەشووت و ئەندازیاری و هێزی ئاسمانی شاهانەی عومان.

هێزەکانی ئەمریکا بریتیبوون لە یەکەکانی فیرقەی پیادە.

مانگی تەمموز، وەزیری دەرەوەی عومان یوسف بن عەلاوی بن عەبدوڵا و وەزیری بەرگری ئەمریکای ئەوکاتە جەمیس ماتیس لە مەسقەت کۆبوونەوە.

بن سوڵتان وتی هەردووکیان جه‌ختیانکردەوە لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عومان بۆ بەرگری و چەندین بابەتی ئەمنییەتی هەرێمییان تاوتوێ کرد.

وتیشی بابەتەکانی باسکران بریتیبوون له‌ "شەڕ لە یەمەن، ئازادی چاودێریکردن و کاری هاوبەشی هەمەلایەنە بۆ شەڕکردن دژ بە تیرۆریزم".

وتی ئەو کۆبوونەوانە جەختدەکەنەوە كه‌ "عومان هاوپەیمانێکی ستراتیژی هەرێمییە بۆ ئەمریکا و چەند بوارێكی نوێش لەپێشە بۆ پتەوکردنی کاری هاوبەشی بەرگری و پتەوکردنی ئەمنییەتی کەنداو دژ بە ئەگەری مەترسییەکان".

هاوبه‌شێكی ستراتیژی

نوسەرێكی شارەزای کاروباری ئەمنی، ناسر بن حەمود وتی "ئەمریکا هاوپەیمانێکی ستراتیژی عومانە دەتوانێت هاوکاری بکات بۆ دروستکردنی هێزەکانی بەرگری" بە سیستمی سەربازی و ئامێری پێشکەوتوو.

بە دیارونای وت: "عومان بەشدارە لە پاراستنی رێرەوی بازرگانیی جیهان، بەتایبەتی نەوت، لە رێگای پاراستنی گەروی هورمزه‌وه‌."

وتی میرنشینەکە رێکاری گرتۆتەبەر بۆ پشتیوانی هەوڵەکانی دژ بە تیرۆریزم و لە 2015 بووەتە ئەندام لە هەنگاوی ئەمنییەتی بارەکان لە بەشی باج و پاراستنی سنوور کە سەر بە وەزارەتی بەرگری نیشتمانیی ئەمریکایە.

لەژێر ئەم هەنگاوەدا، میرنشینەکە رازیبووە بە پشکنینی پێشوەخت بۆ ئەو کەلوپەلانەی دەنێردرێنە ئەمریکا لە بەندەری سەڵاڵە، بۆ ئەوەی رێگربن لە بە نایاسایی بازرگانیكردن به‌ چەك و شمەکی دیکەوه‌.

بن حەمود وتی زیاتر لەوەش، "رۆڵی ئەمریکا لە دابینکردنی ئامێری مۆدێرندا بۆ میرنشینەکە كه‌ یارمەتی داوە بۆ ئەوەی رۆخی دەریاکانی بپارێزێت و رێگری بكات لە چەتەگەری دەریایی و دزەکردن [...] ناکرێت پشتگوێبخرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500