رکابەرە توندڕەوەکانی تەحریر شام و رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەخولێنەوە لە بازنەی توندوتیژیدا لە شاری ئیدلیب کە هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد کاتێك خۆکوژێك خۆی لەبەردەم رێستۆرانتێكدا تەقاندەوە، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
چالاکوان موسعەب عەساف بە دیارونای وت كه دوایینی ئەم پێکدادانەدا ئێوارەی سێشەممە (5 ئازار) روویدا کە بووە هۆی قوربانی لە هەردوو لا.
ئەم رووداوە کاتێك روویدا کە گروپێك چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر گردبوونەوەیەکی ئەندامانی تەحریر شام نزیك بە مزگەوتی شوعەیب لەنێو دڵی شاری ئیدلیبدا، کە بووە هۆی پێکدادانی توندوتیژانه لەنێوان ئەو دوو گروپە توندڕەوەدا.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند دەوترێت چەکدارەکان ئەندامی شانەیەکی نوستووی داعش بوون بە چەکی ئۆتۆماتیك دەستیانکرد بە تەقەکردن لە ئەندامانی تەحریر شام و چەند دانەیەکیان بریندارکرد.
عەساف وتی ئەندامانی تەحریر شام بەدوای هێرشبەرەکان کەوتن کە بە پیكابێك و ئۆتۆمبیلێکی وەرزشی هەڵاتن و توانییان دەستنیشانی ئەو ماڵە بکەن کە خۆیان لێ شاردبووهوە لە گەڕەکی قوسور لە بەشی خۆرئاوای شارەکە.
پێکدادانی سەختی بەدواداهات بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، کە تێیدا پێنج ئەندامی داعش کوژران و شەش کەس خۆیان تەقاندەوە بەو پشتێنە بۆمبڕێژکراوەی بەستبوویان.
دوو ئەندامی تەحریر شام کوژران و چواری دیکە برینداربوون.
عەساف وتی هێرشبەران و ئۆتۆمبیلەکانیان دەستبەجێ دەستنیشانکران لەبەرئەوەی تەحریر شام کامێرای چاودێریی داناوە لەنێو شارەکەدا لەگەڵ شاشەی تۆمارکردن لە هەر شەقام و ناوچەیەکی گەڕەکەکانی.
دۆخی ئیدلیب 'نیگەرانکەرە'
عەساف دۆخی ئێستای شاری ئیدلیبی بە "نیگەرانکەر" لهقهڵهمدا بەهۆی پێکدادانی نێوان ئەو دوو گروپە توندڕەوەوە، بەجۆرێك دوای کردەیەکی دیکەی توندوتیژی لە هەینیدا پێکدادانی دیکە روویدا.
وتی خۆکوژێکی داعش لە رێستۆرانتێك خۆی تەقاندەوە کە تەحریر شام زۆر سەردانیان دەکرد و هەشت کەسی کوشت، لەنێویاندا شەش فەرماندەی تەحریر شام.
روانگەکە رایگەیاند كه زۆربەی مردووان چەکداری بیانی بوون.
تەحریر شام وەڵامیدایەوە بە لەسێدارەدانی 10 ئەندامی داعش رۆژی دواتر، لەبەردەم رێستۆرانتەکەدا.
عەساف وتی رێستۆرانتەکە بەناوی فوسیۆن لەلایەن ئەندامێکی پاکستانی تەحریر شامەوە خاوەندارێتی دەکرا و زیاد لە جارێك لە رابردوودا ئامانجی تەقەلێکردن بووە.
وتیشی دروستبوونی بارگرژی هاشانی پاشاگەردانیی بەربڵاوه لەنێو شاری ئیدلیب و دەوروبەریدا، کە کوشتن و تەقینەوە و رفناندن بێوچان بەردەوامە.