هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سەری بڕاو ده‌دۆزرێنه‌وه‌ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نزیك مۆڵگه‌یه‌كی داعش لە سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

فیرقەی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی خێرا له‌ بەرگری شارستانیی رەققە جەستەکان کۆدەکەنەوە دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی قوربانیانی داعش نزیك بە شاری رەققەی باکوری سوریا لە 19 شوبات. [فازیل سێنا / ئاژانسی فرانس پرێس]

فیرقەی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی خێرا له‌ بەرگری شارستانیی رەققە جەستەکان کۆدەکەنەوە دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی قوربانیانی داعش نزیك بە شاری رەققەی باکوری سوریا لە 19 شوبات. [فازیل سێنا / ئاژانسی فرانس پرێس]

جەستە و سەری بڕاو دۆزراونەتەوە لە گۆڕێكی بەکۆمەڵدا نزیك بە دوایین بنکەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرهەڵاتی سوریا، بەرپرسانی کورد پێنجشەممە (28 شوبات) رایانگەیاند.

وتەبێژێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) عەدنان عەفرین وتی "نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە لە ناوچەیەکی رزگارکراو،" نزیك بە باغوز.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "جەستەی پیاوان و سەری بڕاوی ژنانیشی تێدایە."

هەسەدە، هاوپەیمانێتیەکی عەرەبی-کوردییە كه‌ شەڕی داعش دەکات لە سوریا بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەند رۆژێكی کەمی ماوە لە گرتنی دوایین ناوچەی ژێردەستی ئەو گروپە توندڕەوە لە قەراغ روباری فورات، نزیك بە سنووری عێراق.

عەفرین وتی ژمارەی جەستەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەدا هێشتا نازانرێت و وتیشی شوێنەکە بە رێکەوت دۆزرایەوە کاتێك بلدۆزەرێك کاری لە ناوچەکە دەکرد.

بەرپرسێکی مانگی سووری کوردی، ئازاد دودێکی، بە دیارونای وت گۆڕە بەکۆمەڵەکە لە قەراغی باغوز دۆزرایەوە "رێك له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵەکان".

وتی پاشماوەی ژن و پیاویشی تێدایە کە وادیارە لەسێدارە دراون و ئاماژەیکرد بەوەی ژمارەی ژنانی نێو گۆڕەکە زۆر بەرزه‌ و زۆربەیان سەربڕاون، لەکاتێکدا زۆربەی پیاوەکان کوژراون بە گوللە به‌ سەریانه‌وه‌.

دودێکی وتی: "لەم چەند هەفتەیەی دواییدا زانیاری پشتڕاستکراوە گەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات ژمارەیەکی زۆر لەو مەدەنیانە كوژراون کە هەوڵیانداوە ناوچەی گروپەکە به‌جێبهێڵن، یان تۆمەتبارکراون بەوەی كاریانكردووه‌ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان هەسەدە."

وتیشی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعشیش لە سێدارە دراون لەبەر رەتکردنەوەی شەڕ یان هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە دوایین ناوچەی ژێردەستی گروپەکە.

قوربانیانی ئێزدی

وادیارە هەندێك لە قوربانیان سەر بە کۆمەڵگەی ئێزدین، کە کەمینەیەکی ئایینییه‌ له‌ عێراق و بە کوردی قسەدەکەن، داعش بە زەندیق ناوزەدیان دەکات.

بەڵام عەفرین وتی قوربانیەکان هیشتا نەناسراونه‌ته‌وه‌.

دودێکی وتی: "وا بڕواده‌كرێت ژنەکان ئه‌و ژنه‌ ئێزدییانه‌ بن كه‌ گروپەکە وەك سەبیە (کۆیلەی سێکسی) ده‌ستگیریكردبوون و چارەنوسی زۆرێکیان هێشتا نادیارە."

داعش سەدان پیاوی ئێزدیی كوشت کە دەستگیریكردن کاتێك بەشێکی گەورەی باکوری عێراقی گرت لە 2014 و سەدان ژن و کچیشی بەکۆیلە برد.

نوسینگەی کاروبای ئێزدییە رفێندراوەکان پێنجشەممە رایگەیاند كه‌ لە دەستپێکی ئەمساڵەوە، 45 ژن و منداڵی ئێزدیی رفێنراو له‌ده‌ست داعش لە سوریا ئازادکراون.

بەڕێوبەری نوسینگەکە لە دهۆك، حسێن قائیدی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ 14 له‌وانه‌ لەم هەفتەیەدا ئازادکراون.

قائیدی پێنجشەممە رایگەیاند: "لە 48 سەعاتی رابردوودا، 14 منداڵی ئێزدیی تەمەنی نێوان پێنج و 16مان ئازادکردووە لەدەستی داعش لە سوریا."

وتیشی: "هەوڵەکانمان بۆ ئازادکردنی رفێنراوان و هێنانەوەیان بۆلای خێزانەکانیان بەزووترین کات، بەردەوام دەبێت."

پێشتر، لە شوباتدا، بەرپرسانی کورد لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا گۆڕێکی بەکۆمەڵیان نزیك بە شاری رەققە دۆزییەوەکە بە خەمڵاندن 3,500 جەستەی تێدابوو -- كه‌ گەورەترین بوو تا ئەمڕۆکە.

دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ جەستەی مەدەنیەکان و چەکدارانی کوژراوی دەستی داعشیان تێدایە کە لەنێو سوریا و عێراقدا لەم چەند ساڵەی دواییدا دۆزراونەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500