هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەوڵە ئەمنیەکان ئەنجامیان دەبێت لە موتەیبیجەی عێراق

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 17 ئابی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە سەرکردە سەربازییەکانی عێراق گفتوگۆ دەربارەی پلانێك دەکەن بۆ بەئامانجکردنی پاشماوەکانی داعش لە موتەیبیجە. [خاوەنی وێنە: بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی سەلاحەدین]

لەم وێنەیەدا کە 17 ئابی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە سەرکردە سەربازییەکانی عێراق گفتوگۆ دەربارەی پلانێك دەکەن بۆ بەئامانجکردنی پاشماوەکانی داعش لە موتەیبیجە. [خاوەنی وێنە: بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی سەلاحەدین]

هەنگاوی ئەمنی زیاتر و هەڵمەتی بەردەوام ئەنجامی لێکەوتۆتەوە لە ناوچەی سه‌ختی موتەیبیجە له‌نێوان سەلاحەدین و دیالەدا، کە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئامادەیی کەمدەبێتەوە، بەرپرسانی عێراق وتیان.

لە ناوەندی 2018وە، هێزەکانی عێراق و دەزگای دژەتیرۆریزم بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی شه‌نوكه‌وكردندا کردووە بۆ باشترکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و سەلاحەدین شانبەشانی هێزەکانی پۆلیسی خۆجێی لە هەردوو پارێزگاكه‌ کاریانکردووە بۆ دەستپێکردنی چەند هەڵمەتێك بۆ بەئامانجکردنی پاشماوەکانی داعش و حەشارگە و جبەخانەکانیان.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆریزم، سەباح نوعمان بە دیارونای وت: "هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆریزم چەندین ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان ئەنجامداوە کە سەرکەوتووبوون لە هەڵوەشاندنەوەی شانە نوستووەکاندا" لە موتەیبیجە و ناوچەکانی دیکە.

لەم وێنەیەدا له‌ 17 تەمموزی 2018 یەکە سەربازییەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە لە موتەیبجە وەك بەشێك لە هەوڵێكی هەماهەنگیکراو بۆ بەئامانجکردنی حەشارگەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین]

لەم وێنەیەدا له‌ 17 تەمموزی 2018 یەکە سەربازییەکانی عێراق بڵاوکراونەتەوە لە موتەیبجە وەك بەشێك لە هەوڵێكی هەماهەنگیکراو بۆ بەئامانجکردنی حەشارگەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین]

لە ئۆپەراسیۆنێکی 14 شوباتدا، بە هاریکاریی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزێك لە فەوجی 2ی دژەتیرۆریزم هێرشێکی لەناکاوی ئەنجامدا بۆ سەر شانەیەکی توندڕەو کە خۆیان لە ماڵێکدا شاردبۆوە.

نوعمان وتی: "ماڵەکە لە بەشێكی ئاڵۆز و نهێنی موتەیبیجە بوو کە ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان نەیاندەتوانی بچنە نزیکی."

وتی: "هێزی هێرشبەر شەش سەرکردەی گرنگی داعشیان کوشت کە لەکاتی هێرشەکەدا لەنێو ماڵەکەدا بوون." وتیشی دواتر ماڵەکە لەلایەن هاوپەیمانی نیودەوڵەتییەوە روخێنرا.

هه‌روه‌ها وتی ئەو ئەندامانەی داعش سەرکردەی خۆجێی بوون کە ئامادەکارییان دەکرد بۆ هیرشی خۆکوژی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوك.

بەئامانجکردنی حەشارگەکانی داعش

نوعمان وتی: "داعش هەوڵدەدات پاشماوەی ئەندامانی یەکبخات بە سوودبینین لە خاکی سه‌ختی موتەیبیجە."

وتی: "بەڵام هێزەکانمان بەتوندی رووبەڕووی جوڵەکانیان دەبنەوە لەڕێی ئۆپه‌راسیۆنی ئاستی باڵا و چاودێریی ئاسمانی و گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگرییه‌وه‌ لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

وتیشی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هێزەکانی عێراق 16 حەشارگەی داعشیان روخاندووە لە ناوچە دوورەدەستەکانی بەیجی لە سەلاحەدین و دەریاچەی سەرسار و بیابانی قائیم لە خۆرئاوای ئەنبار.

بەڕێوبەری لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، سەبهان مولا جیاد بە دیارونای وت: "دۆخی ئەمنی [موتەیبیجە] باشترە لە چەند مانگێك لەمەوبەر."

وتی: "ئەندامانی داعش چالاکییان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەهۆی هەوڵە چڕوپڕەکانی هێزە ئەمنیەکان و سەرکەوتنیان لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی گەورەی ئەم ناوچە ستراتیژییە."

موتەیبیجە لە چەندین شارەوە نزیکە، لەنێویاندا سامەڕا و بەلەد و تکریت.

جیاد ستایشی "جێگیرکردنی هێزەکان و هەوڵەکانیانی [کرد] بۆ پاراستنی ناوچەکە و بنیاتنانی هێڵەکانی بەرگری و چاودێری، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان چیاکانی حەمرین و مەکحوله‌وه‌".

وتی بەڵام ئەندامە توندڕەوەکان هێشتا لە ئەشکەوته‌كانی چیاکه‌ و دۆڵه‌كاندا خۆیان حەشارداوە و وەك سەرچاوەیەکی هەڕەشە دەمێننەوە بۆ ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە نێوان سنوری کارگێڕی پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و کەرکوكه‌وه‌.

پلانی ئەمنی پێویستە

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ساجد عەنبەکی وتی: "داعش چەندین ئەندامی لەدەستداوە کە خۆیان لە موتەیبیجە شاردبۆوە لەگەڵ ئەوانەی نێو چیاکان و دەشتودەری حەمرین و مەخیسە."

بە دیارونای وت: "خەمڵاندنەکانمان ئاماژە بە بوونی نزیکەی 150 تیرۆریست دەکەن کە بەنهێنی لەم ناوچانە هاتوچۆ دەکەن." روونیشیکردەوە کە ئەم پاشماوانە وادەرناکەوێت بتوانن هێرشی فراوان بۆ سەر شارەکان ئەنجامبدەن.

وتی لەجیاتی ئەوە کردەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن "وەك تەقەکردن بە نیشانگر، چاندنی بۆمبی دەستکرد و رفاندن".

عەنبەکی جەختیکردەوە لەوەی لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش "پێویستی بە پلانێکی ئەمنیی پتەوە کە گەڕان و بەدواداچوون لەخۆبگرێت" لەگەڵ بڵاوەپێکردنی زیاتری سەربازی بۆ چەندین ناوچەی کێشەدار.

وتی هەنگاوی دیکە دەبێت زیادکردنی ژمارەی کردەی چاودێریکردنی له‌خۆبگرێت، لەگەڵ باشترکردنی کاری هەواڵگری و هەنگاوی بنیاتنانی متمانە لەگەڵ خەڵكی ناوچەکە، جگه‌ له‌ کۆنترۆڵکردنی چەکی دەستی مەدەنیەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500