هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق تۆڕێكی تونێلەکانی داعش لەناو دەبەن کە دەچوونە ناو سوریاوه‌

خالید تائی

سەربازانی عێراق لە تەنیشت ئەو تونێلەوە راوه‌ستاون کە لە ئەنبار دۆزرایەوە و چەکدارانی داعش هەڵیانکەندبوو وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌ته‌وە له‌ 25 کانونی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق لە تەنیشت ئەو تونێلەوە راوه‌ستاون کە لە ئەنبار دۆزرایەوە و چەکدارانی داعش هەڵیانکەندبوو وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوه‌ته‌وە له‌ 25 کانونی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەرپرسان دەڵێن هێزەکانی عێراق، بەپشتیوانی خێڵە ناوخۆییەکان، تۆڕێکی چەندین تونێلییان لەناوبرد کە لە سنووری عێراقەوە دەچووە ناو سوریا و لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەکاردەهێنرا بۆ دەربازکردنی چەکداران و چەك.

تونێلەکان، کە تێکڕا 11 دانە بوون، لە شارۆچکەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار دۆزرانەوە.

وەك رێگای هاتوچۆی نێوان عێراق و سوریا بەکاردەهێنران و یەکێك لە تونێلەکان -- كه‌ ئەوەندە گەورەیە بە ئاسانی خەڵك دەتوانێت پێیدا بڕوات -- سێ كیلۆمه‌تر درێژده‌بێته‌وه‌.

سەرۆكی شارەوانی قائیم، ئەحمەد دولەیمی بە دیارونای وت ئەو تونێلانە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 2014 و 2017، ئەو کاتەی ئەنبار لەژێر دەستی داعشدا بوو.

هەلیکۆپتەرێکی عێراقی ئەرکی چاودێری ئەنجامدەدات لە بیابانی رۆژئاوای ئەنبار بۆ گەڕان بەدوای حەشارگەکانی داعشدا لەم وێنەیەدا له‌ 11 کانونی یەکەمی 2017. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

هەلیکۆپتەرێکی عێراقی ئەرکی چاودێری ئەنجامدەدات لە بیابانی رۆژئاوای ئەنبار بۆ گەڕان بەدوای حەشارگەکانی داعشدا لەم وێنەیەدا له‌ 11 کانونی یەکەمی 2017. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

وتی تۆڕی تونێلەکان "بەشێكه‌ لەو خەندەق و تونێلانەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خێڵەکان سەرەتا دۆزیاننەوە دوای رزگارکردنی قائیم و کۆنترۆڵکردنەوەی سنووری عێراق و سوریا".

دولەیمی وتی تونێلەکان دوای لێکۆڵینەوەی زۆر و ئۆپەراسیۆنی گەڕان لەلایەن هێزە عێراقییەکانه‌وه‌ دۆزرانەوە لە ناوچە بیابانییە سنوورییەکە، لەکاتی هەوڵەکانی گەڕان بەدوای حەشارگەكانی چەکدارەکاندا.

وتیشی: "ئەندامانی داعش هەوڵیانداوە ئەم رێگا شاراوانە بەکاربهێنن بۆئەوەی لە سوریاوە بێنەناو عێراق و چەك بێنن و بەرن بەبێ ئەوەی ئاشکرابن."

ناوبراو ستایشی ئامادەباشی دەورییەکانی سەر سنووری کرد لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و هێزە خێڵەکییەکان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەو هێزانە دەستیان توندوتۆڵە لە ناوچە سنوورییەکان. ئەو ئەرکانەشیان بە پشتیوانی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدەن.

دزه‌كه‌ران له‌سه‌ر سنوور گیریانخواردووه‌

هێزەکانی عێراق چەندین هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی داعشیان بەرپەچدایەوە لە مانگی شوباتدا دوای ئەوەی ویستبوویان سنوورەکە ببەزێنن لە باغوزی سوریاوە.

دولەیمی وتی 11 چەکدار کوژران کاتێك هەوڵیاندابوو لە شەڕ هەڵبێن لە رۆژهەڵاتی سوریا لەو شوێنەی داعش ئێستادوا شەڕی خۆی دەکات دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات 13 شوبات دەستیانکرد بە دوا شەڕی دەرکردنی داعش لە دوا شوێنی ئه‌و بەناو دەوڵەتەی لە 2014 رایگەیاندبوو لە سوریا و عێراق.

لەکاتێكدا شەڕی دەرکردنی گروپەکە بەردەوامە لە سوریا، هێزەکانی عێراق رێکاری زیاتری پاراستنی سنووریان داناوە، بە ناردنی زیاتر لە 20,000 چەکداری هێزەکانیان بۆ سەر سنوورەکە بەچەکی قورس و تۆپخانەوە.

دولەیمی وتی ئەو هێزانە دەوریە ئەنجامدەدەن لەگەڵ ئەرکەکانی گەڕان و هەڵمەتی چاودێریکردن.

فەرماندەی هێزە خێڵەکییەکان لە فوراتی سەروو، عەقید موسا حەمەد سەناد وتی: "ناردنی هێزە سەربازییەکان ئەمنییەتی پتەوکردووە و ئەو بۆشاییەی داخستووە کە تیرۆریستەکان بەکاریاندەهێنا بۆ دزەکردن و بەزاندنی سنوورەکە بۆناو وڵات."

کردنە ئامانجی تۆڕی تونێلەکان

سەناد بە دیارونای وت کردنە ئامانجی تۆڕی تونێلەکان وەك یەکێك لە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووە پلانبۆکراوەکانی دژ بە گروپەکە ئەژماردەکرێت.

وتی: "ئەندامانی داعش ئەو تونێلانەیان بۆ دەربازبوون بۆ ناو عێراق بەکاردەهێنا لە ئەنجامی ئەو فشارە سەربازییەی لەسەریانبوو لە سوریا." وتیشیلەناوبردنی تونێلەکان کۆتایی بەو چالاکییانە هێناوە.

سەناد وتی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشتر دژی داعش ئەنجامدران نزیکەی 100 تونێلیان دۆزیەوە کە دەچوونە ناو خاکی سوریاوه‌.

وتی: "پشتیوانیی سوپا و هێزەکانی دەوریەی سنوور دەکەین لە هەموو چالاکییەکانیاندا بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکە و بیابانی رۆژئاوای ئەنبار."

وتیشی هەندێك چەکداری داعش کە هەڵهاتوون لە دەستی هێزە عێراقییەکان ئێستا لە بیابانی رۆژئاوای وڵاتەکە خۆیان حەشارداوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ژمارەیان کەمە.

وتی هێزە ئەمنییەکان "بە توندی ئەو سەرکەوتنە دەپارێزن کە بەسەر داعشدا بەدەستیانهێناوە و بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان بۆ بنه‌بڕکردنی چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بەو مەترسییەی هەیانە".

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئه‌نبار، ئەسەل فەهداوی بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان هێشتا رووبەڕووی سەختی دەبنەوە لە پاکردنەوەی ناوچە بیابانییەکان لە پاشماوەکانی داعش.

وتی هەرچەندە چەکدارانی داعش ناتوانن سنوورەکە ببەزێنن وەك پێشتر دەیانکرد، پاشماوەکانی گروپەکە "لە دۆڵ و ئەشکەوت و تونێلە شاراوەکاندا خۆیان حەشاردەدەن و سەختە بە چاودێری ئاسمانی بدۆزرێنەوە".

وتیشی: "ژێرزەمینەکانیان بەردەوام بەهێزەوە دەکرێنە ئامانج بەڵام پێویستیی زیاتر هەیه‌ بە چاودێری ئاسمانی و هاوکاری زیاتری سەربازی پێویستە بۆ هێزە خیڵەکییەکان بۆئەوەی بەتەواوی مەترسی تیرۆریستەکان لەناوببرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500