هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنبار رێدەدات بە خێزانە پشكنراوەکانی داعش بگەڕێنەوە

خالید تائی

بەرپرسێکی ئەمنی چاودێریی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان دەکات بۆ ماڵەکانی خۆیان لە قائیمی خۆرئاوای ئەنبار لەم وێنەیەدا کە له‌ 10 تشرینی یەکەمی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

بەرپرسێکی ئەمنی چاودێریی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان دەکات بۆ ماڵەکانی خۆیان لە قائیمی خۆرئاوای ئەنبار لەم وێنەیەدا کە له‌ 10 تشرینی یەکەمی 2018 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

ئەنبار لە چارەسەر نزیکدەبێتەوە دەربارەی کێشەی ئاڵۆزی خێزانی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، کە سەرچاوەی بارگرژییە لە ئاکامی شکستی گروپەکەوە، بەرپرسانی ناوچەکە وتیان.

وتیان کۆبوونەوەی نێوان سەرکردە خێڵەکیەکانی ئەنبار بەردی بناغەی سەقامگیریی داناوه‌ بۆ قۆناغی دوای داعش، بە رێگەدان بە خێزانی چەکدارانی داعش کە تاوانبار نەکراون بە تیرۆریزم بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵه‌كانیان.

فەرماندەی هێزە خێڵەکیەکان لە قەزای بەغدادی، شێخ قەتەری سەمەرمەد، وتی: "لاپەڕەی قۆناغێکی تاریكی تیرۆریزم هەڵدەدەینەوە بە هەموو کێشەکانیەوە و لەئێستادا بەرەو پەرەپێدانی گەشەکردن لە پارێزگاکە هەنگاو دەنێین."

بە دیارونای وت: "پێویست بەوە ناکات ئاوڕبدەینەوە یان ئاستەنگ بۆ پێشكەوتن دروستبکەین. دەمانەوێت ئەو لاپەڕەیە هەڵبدەینەوە و دەست بە دانەیەکی نوێ بکەین لەسەر بنەمای لێبوردەیی و رەتکردنەوەی رق و توڕەیی و تۆڵە."

ئاوارەیەکی ئەنبار چاوەڕێیە تا پشکنینی ئەمنی بۆ بکرێت پێشئەوەی رێگەی پێبدرێت بگەڕێتەوە شارەکەی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

ئاوارەیەکی ئەنبار چاوەڕێیە تا پشکنینی ئەمنی بۆ بکرێت پێشئەوەی رێگەی پێبدرێت بگەڕێتەوە شارەکەی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار]

وتی: "دەمانەوێت بەسەر هەموو کێشەکاندا زاڵبین، لەنێویاندا کێشەی خێزانەکانی داعش."

دیدگایەك بۆ داهاتوو

سەمەرمەد وتی خێڵەکانی ئەنبار کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی کێشەکە و قایلبوون لەسەر دیدگایەکی هاوبەش بۆ قۆناغی دوای داعش و داهاتووی پارێزگاکە.

وتی ئەمەش بریتییه‌ له‌ "بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی ئاشتی، سەقامگیری و ئاشتبوونەوە و رێگرتن لە تۆڵەکردنەوە و بەسەردادانی خەڵکی بێتاوان کە دەستیان نەبووە لەوەی خزمانی تیرۆریستیان ئەنجامیانداوه‌."

وتیشی داوای رێزگرتن لە حوکمی یاسا دەکات و روونیدەکاتەوە ئەوانەی کە خەمێکیان هەیە "دەبێت لە دادگاکان داوای دادپەروەری بکەن، نەك پەنابەرنە بەر توندوتیژی".

سەمەرمەد وتی خێڵەکانی خۆرئاوای ئەنبار رێخۆشکەرییان کردووە بە رێگەدان بە خێزانەکانی ئەندامانی داعش بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵه‌كان و ژیانی ئاسایی خۆیان.

وتی: "زۆرێك لە خێزانەکان گەڕاونەتەوە بۆ کەمپی ئاوارەکان دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی پشتڕاستیانکردۆتەوە کە بێتاوانن لە تاوانی تیۆریستان و پشتگیریی خزمانی داعشیان نەکردووە."

وتیشی لە قەزای بەغدادی، هەموو خێزانەکان گەڕاونەتەوە جگە لە سێ خێزان کە رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە له‌بەر هۆی ئەمنی.

وتی: "ئەمە به‌ هەمانشێوه‌یه‌ لە قەزاكانی دیکەی خۆرئاوای ئەنبار." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ تەنیا بڕێکی کەم لە خێزانەکانی داعش لە کەمپی ئاوارەکان ماونەتەوە.

هه‌روه‌ها وتی بەرپرسانی ئەنبار هەوڵدەدەن کێشەکە چارەسەربکەن هاوکات بە گەڕانەوەی کەسانی ئاوارەی دیکە.

وتی: "حکومەتی خۆجێی پلانی هه‌یه‌ بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە شارۆچکەی حەبانییە لە خۆرئاوای ئەنبار، کە 1,452 ئاوارەی تێدابوو لە حوزەیران."

سەمەرمەد متمانەی خۆی دەربڕی به‌و هەنگاوه‌ ئەمنیانه‌ی نراون بۆ جیاکردنەوەی خەڵكی بێتاوان لە تاوانباران.

ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ لە ئەنبار، 300 توندڕەو "یان سزای مەرگیان بەسەردا سەپێنراوە یان زیندانی هەتاهەتایی".

'هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان'

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، شەلال ناجی عوبێد بە دیارونای وت: "بەرپرسانی ئەمنی پارێزگای ئەنبار بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە کێشەی خێزانەکانی ئەندامانی داعش چارەسەربکەن."

وتی: "داتابەیسی هەموو خێزانەکانمان هەیە و لەئێستادا هیچ بەربەستێکیان لەبەردەمدا نیە، دوای لێکۆڵینەوەی ورد کە بێتاوانیانی سەلماند."

وتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هەنگاوی داهاتوو سەختە، چونکە زۆرێك لە دانیشتوانی ئەنبار نایانەوێت خێزانەکانی داعش لەنێویاندا بن چونکە ترسیان لە هێرشی تیرۆریستی و تۆڵەکردنەوە یان جۆری دیکە لە بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتی هەیە.

وتی بەڵام زۆرێکیان کراوەن بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ خێزانەکانیان، چونکە بێتاوانن و ناتوانن بێماڵ بمێننەوە: "دواجار دەبێت وەك هاوڵاتی وڵاتەکەمان مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، تەنانەت گەر یەکێك لە ئەندامانی خێزانەکەیان تیرۆریستیش بێت."

جەختیشی کردەوە له‌وه‌ی كه‌ بوونی كه‌سوكارێكی داعش "پاساوی سزادانی تەواوی خێزانەکە و دروستکردنی نەوەیەکی دیکە لە توندڕەوان نادات".

هێشتا کێشەیەکی گەرمە

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كەعود وتی کێشەی خێزانەکانی داعش لەکاتی خۆیدا بەتەواوی چارەسەردەکرێت.

بە دیارونای وت: "ئەمە هێشتا کێشەیەکی گەرمە لە تەواوی وڵاتدا." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ چەندین شاری رزگارکراو رێگە بە خێزانی ئەندامانی داعش نادەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵه‌كانی خۆیان، تەنانەت دوای ئەوەی لێکۆڵێنەوەکانیش بێتاوانییان دەسەلمێنێت.

وتی: "دەربارەی پارێزگاکەی ئێمەش، ویستێك هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان گەر بێتاوان دەرچن و منیش بەم هەڵوێستە قایلم. بەڵام دەبێت زۆر رێکار بگرینە بەر کە کاتی دەوێت."

کەعود وتی گرنگە زۆر کاربکەین بۆ بەهێزکردنی بەهای ئاشتەوایی لەنێو کۆمەڵانی خەڵكدا کە کاریگەریی خراپی تیرۆریزمیان لەسەرە.

وتی ئەمەش بەجۆرێك دەبێت کە قوربانیانی تیرۆریزم بەتەواوی قەرەبووبکرێنەوە و دڵنیابین لەوەی خێزانی ئەندامانی داعش چاکسازیی دەروونییان بۆ دەکرێت تا دڵنیابین لەوەی ئایدۆلۆژیای توندڕەویان لەخۆنەگرتووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

نابێت كه‌س به‌هۆی گوناهه‌كانی كه‌سانی تره‌وه‌ مه‌حكومبكرێت، ئه‌مه‌ش شتێكی لۆژیكییه‌. به‌ڵام له‌حاڵه‌تی ئه‌ندامانی داعشدا جیاوازه‌، چونكه‌ تیرۆریست هه‌رگیز لقێكی تاكوته‌نهای دره‌ختێك نیه‌، به‌ڵكوهه‌میشه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ ره‌گوڕیشه‌كه‌ی له زه‌ویی به‌پێزی ئه‌م بیركردنه‌وه‌ و گفتوگۆ تێۆرییه‌دا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

خودا خێڵه‌كانی ره‌مادی بپارێزێت! كۆمه‌ك و هاوكاریی ئێوه‌ یارمه‌تیی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیان دا شاره‌كانتان له‌ده‌ست جرجه‌كان رزگاربكه‌ن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌