عێراق هێزی زیاتری ناردۆتە سەر سنووری سوریا وەك بەرپێگرییهك دژی هێرش یان هەوڵی دزەکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، پسپۆڕێکی ئەمنی عێراقی دووشەممە (11 شوبات) بە دیارونای وت.
پسپۆڕی ئەمنی، سەعید جەیشی، وتی سنووری عێراق-سوریا "ئامادەکاریی سەربازیی چڕوپڕ بهخۆوهدهبینێت و هێزی زیاتر نێردراوە بۆ پتهوكردنی یەکەکان لەوێ".
وتی: "هێزی زیاتر بە تۆپخانە و چەکی قورسەوە نیردراون بۆ ناوچە سنورییهكه."
هێزەکانی عێراق چەند هەنگاوێکیان ناوە بۆ پتهوکردنی ناوچە سنورییەکان، لهوانه ناردنی فڕۆکەی چاودێری، بورجی چاودێری، بازگەی چاودێری و کامێرای شەوبین.
بە دیارونای وت: "هێشتا چەند تیرۆریستێك بوونیان ماوە لە خاکی سوریادا بە تەنیشت سنووری عێراقهوه. بەڵام [تیرۆریستان] وردهوورده دهسهڵات و كاریگهرییان بەسەر ناوچەکەدا لەدەستدەدەن."
جەیشی وتی: "ئامادەکارییه سەربازییهكانی ئەمدواییە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی بەرپێگرانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی کتوپڕ بۆ بەرگرتن بە مەترسی دزەکردنی تیرۆریستان، بەتایبەتی دوای ئەوەی فشاری سەربازی لەسەریان چڕبۆتەوە."
وتیشی: "عێراق ئامادەکاری دهكات بۆ خراپترین دۆخ. سەرکەوتن بەسەر داعشدا بە خوێن و قوربانی بەهادار بەدەستهات و نامانەوێت پاشماوەی ئەم گروپە تیرۆریستیە لە سوریاوە هەڵبێن تا بێنە وڵاتەکەمان و دووبارە هەڕەشە لە ئەمنیەتی شارەکانمان بکەنەوە."
پشتگیریی فەرەنسا
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند كه دوایین هێرش دەکات بۆ گرتنەوەی ناوچەكهی ژێردەستی داعش نزیك بە گوندی باغۆز نزیك بە سنووری عێراق، رۆژی شەممە، دوای ماوەی نزیکەی هەفتەیەك وەستان تا رێ بە مەدەنیەکان بدەن هەڵبێن.
هێزێکی تۆپخانەی فەرەنسی، کە لە بیابانی دۆڵی فورات جێگیرکراوە لەنێو عێراقدا و وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەندین هێرشی دژی داعش ئەنجامداوە لە دێرەزوور، بە تۆپی 155 ملم.
تۆپەکان، بە مەودای 40 کیلۆمەترەوە، له چەند ئامانجێکی سەربازییان دا لەنێو قوڵایی خاکی سوریادا.
"لێرەدا کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە هێڵی شهڕهوه دوورین،" عەقید فرانسوا رێگیز لێگریهر، فهرماندهیهێزی ئۆپەراسیۆنی واگراموتی، کە گروپێکی تۆپخانەی فەرەنسییە لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لێگریهر، کە فەوجی 68ی بەشداریکرد لە گرتنەوەی موسڵدا لەدەستی داعش لە 2016، وتی: "چەند سەد چەکدارێکی داعش لە باغۆز بەجێماون، لەوە زیاتر نیە."
وتی: "لە موسڵ شەڕێکی نۆ مانگە کرا و 10,000 تۆپی تێدا بەکارهات. لەم بهرەیەدا، چوار مانگ تێپهڕیوه و گهیشتووینهته تۆپی ژمارە 3,500."
وەزیری بەرگری فەرەنسا فلۆرێنس پارلی، کە سەردانی تیمی ئۆپەراسیۆنەکانی واگرامی کرد لە قائیم لە بەغداوە رۆژی شەممە پەیامێکی هەبوو: "کۆتایی نزیکە."
"تیرۆریستان بەبێ سەرکردەن، بەبێ پەیوەندین، شێواون، خەریکە دەڕوخێن. با شەڕەکە تەواوبکەین،" وەزیرهكه بە گروپێکی 40 سەربازیی فەرەنسی وت کە بازگەکەیان دەپاراست لەگەڵ 100 سەربازی ئەمریکی.
خاتوو پارلی کە هەینی رابردوو گەیشتە بەغدا، زنجیرەیەك راوێژکاریی ئەنجامدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەربارەی هەوڵەکانی هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم.
پسپۆڕی ئەمنی، جەیشی، وتی: "ئەم سەردانە، کە دوای سەردانێکی سەرکەوتوانە دێت لەلایەن وەزیری دەرەوەی فەرەنساوه، ژان-یڤس لۆ دریان، پەیوەندیی نزیکی نێوان عێراق و فەرەنسا دەردەخات."
وتیشی: "تیمی سەربازیی فەرەنسی بەردەوامە لە پشتگیریکردنی عێراق، لەلایهنی پشتیوانی سەربازی و راهێنان و راوێژکارییهوه، لەگەڵ بەشداریی راستەوخۆ بۆ ریشەکێشکردنی داعش لە سوریا."
سوپاس بۆ ههوڵهكانتان. تكایه نهخشهیهكی ناوچهكهش بڵاوبكهنهوه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت