چەکدارانی سوری، پاڵپشت بە تۆپخانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دووشەممە (11 شوبات) هێرشیانکردە سەر دوایین ناوچەی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات شەممە رایانگەیاند دوایین هێرش دهكهن بۆ دەرکردنی سەدان توندڕەو لە دوایین ناوچەی ژێردەستیان لە خۆرهەڵاتی سوریا لهسهر سنووری عێراق.
هاوپەیمانان بەردەوامبوون لە بۆمبارانی بەردەوامی پاشماوەکانی داعش رۆژی دووشەممە دوای دژەهێرشێكی بەیانی زوو کە بووە هۆی چەندین قوربانی لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا.
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مستەفا بالی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "داعش دژەهێرشێکی ئەنجامدا دژی هێزهکانمان و لەئێستادا بە موشەك و هێرشی ئاسمانی و پێکدادانی راستەوخۆ وەڵامدەدەینەوە."
وتی: "دەیان ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلایەن داعشەوە بە بارمتەگیراون" لەنێو دوایین ناوچەیاندا، بەڵام نکۆڵیی كرد لە دەنگۆی كوشتوكوشتار.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه ئەو هاوپەیمانێتیە عەرەبی کوردییە دووشەممە بهرهوپێش چوو، هەرچەندە ئاستەنگی سەختی لەبەردەمدا بوو.
بەڕێوبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهێواشی پێشڕەوی دەکەن لەو مۆڵگانهی لهدهست داعشدا ماونهتهوه" لە کەنارەکانی گوندی باغۆز لە پارێزگای دێرەزوور.
وتی بەڵام مینەکان و نیشانگرەکانی داعش و ئەو تونێلانەی توندڕەوان لێیانداوە بۆ بەرگری، دەبنە بەربەست لەبەردەم پێشڕەویدا.
'پێشڕەویی راستەقینە'
ئەفسەرێكی هێزەکانی سوریای دیموکرات، فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکی دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان راگەیاندووە دوای وەستان بۆ ماوەی زیاد لە هەفتەیەك تا رێ بە مەدەنیەکان بدەن هەڵبێن.
وتی داعش "هەموو رێگاکانی دەرچوونی داخستوە تا رێ لە مەدەنیەکان بگرێت لەوەی دهرچن تا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت".
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکان بەپشتگیریی تەواوی ئاسمانی و لۆجیستییەوە دەستیانپێکردۆتەوە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، "بەجۆرێك لە شەممەوە زیاد لە 50 هێرشی ئاسمانی لەلایەن هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانهوە ئەنجامدراون".
خۆجە وتی: "تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکان مەبەستیانە تەواوی هێڵەکانی پەیوەندی ببڕن لە ناوچەکە کە ئەندامانی داعش بەکاریاندەهێنن."
وتیشی دوو تونێل و چەندین جبەخانەی داعش تێکشکێنران و 10 رێگای سهركیش گیران.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بڕێك چەك و تەقەمەنی داعشیشیان گرت كه لەو ئەندامانەوە جێمابوون کە له جێگەکانی خۆیان ههڵهاتبوون.
وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات "پێشڕەویی راستەقینەیان کردووە،" هەرچەندە پێشڕەوییەکە هێواشە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە مینهوه کە لەلایەن داعشەوە چێنراون بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
خۆڵبارانی جارناجار و بارانی بەخوڕیش ئۆپەراسیۆنەکانیان خاوکردۆتەوە.
خۆجە وتی چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو قۆناغەی هێرشەکە لە "10 رۆژ زیاتری پێنەچێت چونکە ناوچەكهی ژێردەستی گروپەکە لە چەند کیلۆمەترێکی چوارگۆشە تێپەڕنابێت".
وتی هەماهەنگی بەردەوامە لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ رێگرتن لە ئەندامانی هەڵاتووی داعش لەوەی دزەبکەنە نێو عێراقەوە و "ئەستەمە بۆیان دوایین ناوچەی ژێردەستی خۆیان لە سوریا بپارێزن".
بەغدادی 'پێدەچێت لە سوریا نهبێت'
لە کانونی یەکەمەوە، دەیان هەزار کەس، زۆربەیان ژن و منداڵی پەیوەندیدار بە چەکدارانی داعشهوه، هەڵاتوون بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
هێزەکانی سوریای دیموکرات گەیشتووە نوێکانیان پشکنیوە، تا ئەگەر توندڕەوێکیان تێدابێت لێکۆڵینەوەی لهگهڵ بكهن.
دووشەممە، دەیان لە چەکدارانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات جێگیرکران لە بازگەیەک بۆ پشکنینی گەیشتووە نوێیەکان لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەر زیاد لە 20 پیاوەوە وەستابوون کە لەسەر زەوی راکشابوون.
روانگەکە رایگەیاند كه نزیکەی 600 کەس توانییان یەکشەممە بگەنە ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوای هەڵاتن لە شەڕ.
روانگەکە رایگەیاند كه لەنێویاندا 20 گومانلێکراوی داعش هەبوون، لهوانه دوو ژنی فەرەنسی و حەوت تورك، لەگەڵ سێ ئۆکرانی.
هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکشەممە رایانگەیاند كه 40 پێگەیان لە داعش گرتۆتەوە دوای شەڕی راستەوخۆ بە چەکی سووك.
ئەو هاوپەیمانێتیە پێشتر رایگەیاندبوو کە 600 توندڕەو لەگەڵ چەند سەد مەدەنییەك دەکرێت لەنێو ناوچەیەکی چوار کیلۆمەتریی چوارگۆشەدا مابنەوە.
وتەبێژ بالی وتی سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی لەنیو ئەواندا نیە و رەنگە لە سوریا نەبێت.