مەسیحیەکانی عێراق بەمدواییانە سەردانێکی قەزاکانی خالیدیە و حەبانیەی ئەنباریان کرد بۆ نزاکردن لە سێ کەنیسە کە پشتگوێخرابوون.
دانیشتوان و بەرپرسانی ناوچەکە، لەنێویاندا زۆرێك موسڵمان، لە کانونی دووەم هاتنە نێو کەلدانیە کاسۆلیکەکانەوە لە کەنیسەی مار کۆرکی، مار ساوا و مەریەمی پاکیزە لە پارێزگای ئەنبار بۆ نوێژكردن.
ئەو بۆنەیە یەکەمین رووداوی لەوجۆرە بوو لەوکاتەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تێکشکێنرا و ژمارەیەك خێزانی مەسیحی لە بەغداوە راکێشا، لەگەڵ چەند نوێنەرێك لە ئەنجومەنی کەنیسەکانی عێراق.
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی، عەلی داود بە دیارونای وت: "قەزای خالیدییە یەکەمین قەداس و ئاهەنگی [کەلدانییە] کاسۆلیکەکانی بەخۆوەبینی."
وتی سەردانکەرانی مەسیحی لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بەگەرمی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکە و بەرپرسانی عێراقەوە پێشوازییان لێکرا، کە بەشدارییانکرد لە سروشی نوێژكردنهكهدا.
داود وتی ئەندامانی شاندی سەردانکەر "زۆر خۆشحاڵبوون بە بۆنەکە" و ئاماژەیکرد بەوەی بۆنەکە نیشانیدەدات "عێراق بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە و خەڵکەکەی یەکتری لەئامێزدەگرن و پهسهنددەکەن".
وتی گەڕەکی سیسی لە قەزای خالیدیە "عێراقێکی بچوککراوەیە، کە دەتوانیت کەنیسە ببینیت بە تەنیشت مزگەوتی شیعە و سوننەوە" و وتیشی بۆ دەیان ساڵه "هەمووان بەئاشتیانە پێکەوە دەژین".
گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەنبار وایکردووە هەموو گروپ و تائیفە ئایینیەکان بتوانن جارێکی دیکە ئاهەنگی جەماوەری بگێڕن.
بەڕێوبەری لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی قەزای خالیدیە، ئیبراهیم فەهداوی وتی: "دوای ئازادکردنی لە باندی تیرۆریستی داعش، خەڵکی ئەنبار ئێستا دەتوانن سوود لە ئەمنیەت و سەقامگیری و بنیادنانەوە ببینن."
بە دیارونای وت ئەنجامدانی قەداسی مەسیحی و توانای خێزانە مەسیحیەکان بۆ ئازادانە سوڕانەوە بە شەقامەکانی خالیدیە و حەبانیەدا "دەیسەلمێنێت كه ئەمنیەت و سەقامگیری هەیە و ئەنبار گەڕاوەتەوە بۆ دۆخێکی ئاسایی".
پلانی نۆژەنکردنەوە و گەڕانەوە
فەهداوی وتی: "کەنیسەکانی سیسی لە گرنگترین پێگە ئایینیەکانن کە خەڵکی ناوچەکە توانیویانە بیانپارێزن."
وتیشی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم پێگانە، لەبەرئەوەی گرنگییەکی مێژووییان هەیە بۆ هەموو خەڵکی ئەنبار.
شێخ مەحمود خلێفاوی کە کەسایەتییەکی خێڵەکیی بەناوبانگە لە سیسی، وتی تا ئەوکاتەی زۆرێکیان لەلایەن داعشەوە بەزۆر دەرکران، خێزانە مەسیحیەکان بۆ چەندین ساڵ بە ئاشتی دەژیان لەگەڵ خێزانە سوننە و شیعە و کوردەکان.
بە دیارونای وت: "بۆ ماوەی چەندین ساڵ مەسیحییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی خۆیان بەڕێدەکرد، بەجۆرێك حەبانیە بووبووە شوێنی وەرزشوان و شاعیرە مەسیحیەکان." ئاماژەیكرد بە شاعیر سەرجۆن بۆلۆز وەك "مەزنێکی نوێکەرەوهی ئەدەبی".
ئەندامی لیژنەی مەسیحیە سەردانکەرەکان کە ئێستا لە هەولێر دەژی، سەیفان ماتی وتی: "زۆربەی خێزانە مەسیحیەکان، لەنێویاندا خێزانی من، لە سیسی دەژیاین."
ماتی بە دیارونای وت: "دراوسێکانی خۆمان دەناسمەوە، وەك ئوم محەمەد، کە دوکانێکی کۆنی شیرینیی هەیە و دراوسێکەمان حاجی ستاریش."
وتی: "شەقامەکانی سیسی لە یادەوەریمدا دەبریسکێنەوە و ئەوەش وایکرد سەردانی خێزانەکانمان بکەین لە ئەنبار." وتیشی كه ئێستا گەڕاوەتەوە، پلانی هەیە زیاتر سەردان بکات.