ئهو کردانهی رفاندن كه تاڕادەیهك رۆژانە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەغدایان گرتبووهوە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە، تەنیا هەندێك رووداوی پەرتهوازه لەئێستادا روودەدەن، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە تشرینی دووەم رایگەیاند.
بۆ ماوەیەك، شارەکە ئەزمونی زنجیرەیەك لە رفاندن و بەبارمتەگرتنی تاوانکارانە یاخود سیاسییانەی دەکرد، بەجۆرێك زۆرینەی رفاندنەکانی بەغدا لە رەسافە روویاندەدا، بەری خۆرهەڵاتی رووباری دیجلە.
راگەیاندنی ئەنجومەنەکە باس لە باشتربوونی ئەدای دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دهكات لە رووبەڕووبوونەوەی رفاندندا.
رایگەیاندووە كه لە سێ ساڵی رابردوودا، 374 گومانلێکراو بە تۆمەتی رفاندن دەستگیرکراون و ئاماژەیکرد بەوەش كه ئەم کەسانە سەر بە باندی رێکخراو بوون کە پێکهاتبوون لە سێ بۆ 14 ئەندام.
دادوەریی عێراق 638 سزای دەرکردووە بۆ ئەم تاوانانە، كه لهسهدا 90یان سزای مەرگ بوون، لەکاتێکدا ئەوانیدی سزای زیندانیی هەتاهەتایی بوون.
سەیف محەمەد لە نوسینگەی زانیاریی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە دیارونای وت ئەم ژمارانە هی ئەو کەیسانەی دادگان کە کۆتاییان هاتووە و ئەو کەیسانە لەخۆناگرن کە لە لێکۆڵینەوەدان.
وتی: "هەموو ئەو کەیسانە لەلایەن یەکەی دژ به رفاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە بڕیاریان لەسەر دراوە، کە دادوەرێك سەرپەرشتی دەکات لە دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی."
لەناوبردنی هۆکاره ریشهییهكانی تاوان
پسپۆڕی ئەمنی، سەفا ئەعزەم وتی دەبێت هەوڵێك هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رهگوڕیشهی ئەم تاوانانە، تا دیاریبکرێت "ئایا لە چوارچێوەی تیرۆریزمدا ئەنجامدراون یاخود تاوانی رێکخراو".
بە دیارونای وت: "هۆکاری زۆربەی رفاندنەکان بەربڵاویی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کارە بۆ لاوان."
وتی ئەمە وایکردووە هەندێکیان بەشداریبکەن لە رفاندندا بەرامبەر پارە بە سوودی گروپە تیرۆریستیەکانی وەك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) یان باندە تیرۆریستیەکان.
ئەعزەم وتی بە کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئەمنیەت دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و شارەکانی باشور. ئاماژەیکرد بەوەش كه زۆربەی هەوڵە ئەمنیەکان "چڕکراونەتەوە لە بەرەکانی شەڕدا کە زۆر دوورن لە شارەکانی ناوەند و باشوری وڵاتهوه".
پسپۆڕی ئەمنی، حەیان خەیات وتی دادوەریی عێراق تاوانەکانی رفاندن لە دوو رووەوە دەبینێت: وەك تاوانی هێرشکارانە یاخود وەك تاوانی تیرۆریستی.
بە دیارونای وت رفاندنی تاوانکارانە "بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی 1960 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت" لەکاتێکدا رفاندنی تیرۆریستیانە بەگوێرەی یاسای دژەتیرۆریزمی ژمارە 13ی 2005 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
وتی ئەو دوو یاسایە هەموو جۆرەکانی رفاندن دەگرنەوە، جا بەهۆی گروپە تیرۆریستیەکانەوە بن یاخود بەمەبەستی پارە سەندن، قاچاخچێتی ئەندامی جەستە، بهکۆیلەكردنی سێكسی یان تەنانەت هۆکاری خێزانی بێت.
خەیات وتی هەردوو یاساکە "بەمەبەستی بەرپێگرتن دانراون، کە له زۆربەی دۆخەکاندا دەگەنە سێدارە یاخود هەتاهەتایی".