شاری راوە لە رۆژئاوای ئەنبار هەینی (1 شوبات) رایگەیاند پاکێجی چەند پرۆژەیەکی دەستپێکردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو وێرانکارییەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دوای خۆی بەجێیهێشتووە.
سەرۆكی شارەوانی راوە، حسێن عەکیدی بە دیارونای وت ئیدارەی ناوخۆی راوە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی 15 پرۆژە بۆ دروستکردنەوەی شارەکە و لابردنی دوا شوێنپێی داعش.
وتی: "پرۆژەکان لەلایەن بودجەی فیدرالیەوە پشتیوانی دەکرێن و چەند کارێك لەخۆدەگرن، وەك چاکردنەوە و قیرتاوکردنی تۆڕی شەقامە تێکدراوەکان، لهنێویاندا رێگای کیلۆ 7، کە راوە بە چەند گوندێكەوە دەبەستێتەوە."
وتیشی بنیاتنانەوە و کارەکانی چاکردنەوە ئامانجیان دابینکردنەوەی کارەبا و ئاوی خواردنەوەیە، ئاماژەشی بۆ ئەوه کرد كه پلانیش هەیە بۆ چالاککردنەوەی خزمەتگوزارییە حکومییەکان.
وتی پلانی بنیاتنانەوە کارگەی جلوبەرگی راوە لەخۆدەگرێت، کە زۆر خراپ وێرانکرا ئەوکاتەی داعش ناوچەکەی لهژێردهستدا بوو.
هێزەکانی عێراق راوەیان کۆنترۆڵکردەوە -- کە ئەو کاتە دواههمین شار بوو لە عێراق لەژێردهستی داعشدا -- لە 17 تشرینی دووەمی 2017.
وتی بەر لە هاتنی داعش، کارگەی جلوبەرگ هەلی کاری بۆ ژنانی شارەکە رەخساندبوو، "هیواشمان وایە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەوشەی جارانی و باشتریش ببێت".
عەکیدی وتی بەگشی پێشکەوتن لە راوە بەرەو بنیاتنانەوە "بەباشی دەڕوات بە خێراییەکی زۆر".
وتیشی: "بەپشتیوانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بە سەرۆکایەتی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، توانیومانەوە تەقەمەنییەکان و پاشماوەکانی شهڕ و داروپهردووهكان لە شاقەمان لادەین، کارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیش دانراونەتەوە."
"چوار قوتابخانەشمان چاکكردۆتەوە کە بەتەواوی رووخابوون."
خێزانەکان دەگەڕێنەوە و ئەمنییەت گهڕێندراوهتهوه
عەکیدی وتی: "بۆ هەوڵەکانی هێنانەوەی خێزانە ئاوارەکان، دەتوانین بڵێین لەسەدا 70 دانیشتووانی راوە (مەزەنە دەکرێت 20,000 کەس بن) گەڕاونەتەوە شارەکە و ئاماژەشی بەوە كرد كه "خهڵكهكه بەردەوام دەگەڕێنەوە".
وتی: "شارەکەمان ئەمڕۆ ئارامترینە لە پارێزگاکەدا، چونکە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تیا ئەنجامنەدراوە لە دوای شکستی داعشەوە. هێزەکانی فەوجی 28ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە ئەمنییەت بەرپرسیارن جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی و پیاوانی خێڵەکان."
وتیشی: "دەسەڵاتی ئەمنی چەندین بازگە و کامێرای چاودێرییان داناوە بۆ چاودێریکردن و رێگریکردن لە هەر چالاکییەکی دزەکردنی تیرۆریستەکان."
داعش چەند پاشماوەیەکی ماوە کە هێشتا خۆیان حەشارداوە لە بیابانەکانی چواردەوردا "بەڵام ئەوان پارێزراو نین، چونکە بەردەوام لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق و هاوپەمانی نێودەوڵەتیەوە دەکرێنە ئامانج".
وتی: "هەفتەیەك لەمەوبەر، پەناگەیەکیان لەوێ بۆردومانکرا."
سێ لە چەکدارەکانی لەو شوێنە خۆیان حەشاردابوو کوژران، "چەك و تفاق و پشتێنی تەقەمەنییەکانیشیان کە پێیانبوو لەناوبران".