وتاربێژی مزگەوتەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگای نەینەوا بەردەوام لەلایەن کاربەدەستانەوە هاندەدرێن سەرکۆنەی توندڕەوی بکەن لە مینبەرەکانیانەوە و برەوبدهن بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
وتاربێژان لە قەزاکانی شورە و حەمام عەلیل، باشوری موسڵ، بەشدارییانكرد لە خولێكدا لە 8 کانونی دووەم کە لەلایەن رێکخراوی تەحریر بۆ گەشەپێدانەوە سازكرابوو، لەگەڵ وەقفی سوننەی نەینەوا و پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان.
خولەکە، بە ناونیشانی "رێگەکانی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەڕێی گوتاری ئایینییەوە"، تەرکیزی دەخستە سەر بڵاوکردنەوەی مەعریفە و کارامەیی وا کە یارمەتی وتاربێژان بدات برەو بە لێبووردەیی ئایینی بدەن لە وتارەکانیاندا و لە تائیفیەت دووربکەونەوە.
ئەم هەوڵە بەشێكە لە کارنامەیەکی نیشتیمانی بۆ تەرکیزخستنە سەر میانڕەوی لەڕێی پەروەردەی ئایینییەوە، بەتایبەتی لە پارێزگا رزگارکراوەکان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
عەلی عوسمان لە یەکەی وەقفی سوننەی نەینەوا وتی خولی راهێنانەکە هەوڵیدەدا "هانی پیاوانی ئایینی و وتاربێژان بدات پەیوەندی گەرم دروستبکەنەوە و یەکێتی نەتەوەیی لەنێو پێکهاتە هەمەڕەنگەکانی کۆمەڵگەدا دروستبکەنەوە".
بە دیارونای وت پیاوانی ئایینی هاندەدرێن وتاربێژییەکی میانڕەو بەکاربهێنن.
وتی خولەکە 60 پێشنوێژ و وتارخوێنی شوێنە دوورەدەستەکانی نەینەوای راکێشا، کە راهێنانیان پێکرا لەلایەن کاربەدەستانی رێنمایی وەقفی سوننەی نەینەواوە.
بەڕێوبەری رێکخراوی تەحریر بۆ گەشەپێدان، عەبدولعەزیز جەربا وتی خولی لەمشێوەیە دەکرێت ببنە دیوارێکی کلتوری و ئایینی بۆ رێگرتن لە گروپە توندڕەوەکانی وەك داعش لە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە.
بە دیارونای وت تەرکیز "لەسەر وتاربێژی مزگەوتە دوورەدەستەکان بووە، چونکە پەیوەندیگرتن و تێکەڵاوبوون بە خەڵکی ئەو ناوچانە لاوازە".
رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی
وتەبێژی دار ئیفتا لە عێراق، عامر بەیاتی وتی خولەکانی دژ به توندڕەوی گرنگن لەبەرئەوەی "گەر وتاربێژێك میانڕەوی بڵاوبکاتەوە، دەکرێت رووبەڕووی ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان ببێتەوە کە لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.
بەیاتی بە دیارونای وت وتاربێژیی ئایینیی میانڕەو دەکرێت رووبەڕووی ئەم جۆرە لە ئایدۆلۆژیای توندڕەو و توندوتیژ ببێتەوە کە لەسەر ئینتەرنێت پروپاگەندەی بۆ دەکرێت لەلایەن بڵاوکراوە رۆژنامەوانیەکانی داعشەوە.
وتیشی وتارە میانڕەوەکان وەك شمشێرێك وان "دژی وتاربێژە یاخی و تائیفی و توندڕەوەکان" کە لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنران بۆ بڵاوکردنەوەی رقوكینه لە کۆمەڵگەی زۆر ئیمانداردا.
وتی بەڵام کاربەدەستە حکومییەکان و رێکخراوە ناحکومییهكان و خوێندنگەکان دەبێت رۆڵیان هەبێت لە ریشەکێشکردنی توندڕەویدا.
ههروهها وتی: "رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی تەنیا ئەرکی وتاربێژ و پیاوانی ئایینی نیە، بەڵکو ئهركێكی نیشتمانییه لهسهر شانی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە."
ئاماژەیکرد بەوەش كه "توندڕەوی پهیوهست نیه به تهنیا تایەفهیەك، نەتەوەیەك یان گروپێكهوه، بهڵكو لە هەموو ئایین و نەتەوە و گروپه ئێتنیەکاندا دەبینرێت".