هێرشێکی خۆکوژی کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە ئەستۆ گیرا 16 کەسی کوشت، لانیکەم دوو کارمەندی ئەمریکایان تێدابوو، لە رۆژی چوارشەممە (16 کانونی دووەم) لە شاری مەنبیجی باکوری سوریا نزیك بە سنوری تورکیا.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند نۆ مەدەنی و پێنج ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەنێو کوژراواندا بوون لە هێرشێكدا بۆ سەر چێشتخانەیەك لەو شارە پڕمەترسییە.
بەگوێرەی روانگەکە، لانیکەم دوو کارمەندی ئەمریکی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەنێو کوژراوانی ئەو هێرشەدا بوون کە دەوریەکەیانی کردبووە ئامانج.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند کارمەندانی ئەمریکی لەنێو کوژراوانی هێرشەکەدا بوون، بەبێ دیاریکردنی ژمارەیان.
وتەبێژی هاوپەیمانێتیەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کارمەندانی ئەمریکی لەنێو کوژراوانی ئەو تەقینەوەیەدا بوون لەکاتێکدا ئەمڕۆ دەوریەیەکی ئاساییان ئەنجامدەدا لە سوریا."
"هێشتا زانیاریمان بەدەستدەگات و دواتر وردەکارییەکان دەخەینەڕوو."
ڤیدیۆیەکی ئاژانسێکی هەواڵی کوردی نیشانیدا داروپەردوو بەردەمی چێشتخانەکەی تەنیوه لە ناوەندی شار و رووکاری بە تەقینەوەکە رەشبووبوو.
روانگەکە رایگەیاند ئەوە یەکەمین هێرشی خۆکوژی لەوشێوەیە بوو لە شارەکە دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە 10 مانگدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
ئەو ناوەی لەلایەن داعشەوە درا ئاماژەی ئەوەی تێدابوو خۆکوژەکە سورییە.
چیتر داعش لە مەنبیج پێگەی ژێردەستی خۆی نەماوە و لەئێستادا بەرگری لە دوایین شوێنەکانی ژێردەستی دەکات دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە خۆرهەڵاتی سوریا.
بەڵام هێشتا گروپەکە توانای ماوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی کوشندە لە زۆرێك لە شوێنەکانی وڵاتەکە.
کوردەکان پلانی 'ناوچەی ئارام' رەتدەکەنەوە
ئەو تەقینەوەیە لەکاتێکدا بوو کە کوردەکان، کە بەشێكی گەورەی باکوری سوریایان بەدەستەوەیە، پلانی تورکیایان بۆ دامەزراندنی "ناوچەی ئهمنی" رەتکردەوە لە بەری سنوری سوریا.
دوای پێشنیازێکی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا سێشەممە رایگەیاند ئەنکەرە "ناوچەی ئهمنی" دادەمەزرێنێت لە باکوری سوریا.
ئەو ناوچە پلان بۆ دانراوە بەشێکی زۆر لە هەرێمی خۆسەریی کوردەکان دەگرێتەوە کە لە باکور و باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دایانمەزراندووە.
سەرکردەیهكی سیاسی باڵای کورد، ئاڵدار خەلیل وتی هەر جێگیربوونێکی تورکیا لە ناوچەکانی ژێردەستی کورد "پهسهند ناکرێت".
خەلیل وتی کوردەکان جێگیرکردنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان پهسهنددەکەن بەدرێژایی هێڵی جیاکردنەوەی نێوان چەکدارانی کورد و سوپای تورکیا.
وتی بەڵام "بژاردەکانی دیکە پهسهندنەکراون چونکە سەروەریی سوریا و سەروەریی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکەمان ناپارێزن".
یەکە کوردییەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعشدا.
لهگهڵ نزیکبوونەوەی هەڵمەتەکان لە کۆتایی، داعش زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەجۆرێك لە ناوچەیەکی بچوکبووەوەدا گەمارۆدراوە کە تەنیا 15 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.