هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

پاسداران و رژێم لە دێرەزوور لە دووبەرەکیەوە ده‌گلێن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

نەواف بەشیر، فەرماندەی لیوای باقری سەر بە پاسداران، لەگەڵ چەکدارانی وەستاوە لە لیواکەی. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

نەواف بەشیر، فەرماندەی لیوای باقری سەر بە پاسداران، لەگەڵ چەکدارانی وەستاوە لە لیواکەی. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

بارگرژی لەنێوان سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) و میلیشیا هه‌واداره‌كانیدا لەگەڵ رژێمی سوریا گەیشتۆتە خاڵی تەقینەوە لەسەر کێشەی کۆنترۆڵکردنی شاری دێرەزووری خۆرهەڵات، چالاکوانێکی سوری وتی.

توڕەییه‌كی بەرفراوانیش هەیە لەدژی داواکاریی رژێمی سوریا بۆ ئەو لاوانەی لە ریزی میلیشیاکانی سەر بە پاسداراندا شەڕدەکەن بۆ خۆتۆمارکردنیان بۆ خزمەتی سەربازیی زۆره‌ملێ و یەدەگلە خزمەتی دەوڵەتی سوریادا.

چالاکوان جەمیل عەبد بە دیارونای وت ململانێی ئەو دوو لایەنە لە شاری دێرەزوورەوە تەشەنەی سەندووە بۆ ناوچەکانی دەوروبەر، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن خێڵەکانی ناوچەکەوە کۆنترۆڵکراون.

سەرکردەی خێڵی به‌كاره‌ نەواف بەشیر کە راستەوخۆ لەژێر فەرمانی پاسداراندایه‌، هەوڵدەدات ناوچەی ژێردەستی میلیشیاکەی فراوانبکات بۆ دێرەزوور و دەوروبەری تا شاری ئەلبوکەمال، لەسەر حسابی رژێمی سوریا.

عەبد وتی: "سەرەتا پێکدادانێك دروستبوو لەنێوان بەشیر و ستوف مەرعیدا، كه‌ فەرماندەیەکی بەناوبانگی میلیشیایەکی سەر بە رژێمی سوریایه‌."

وتیشی: "دواتر دووبەرەکیەکە فراوانبوو تا سوبحی زاید حەنانیشی گرتەوە، کە ناسراوە بەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بە دەزگای هەواڵگریی رژێمەوە."

هه‌روه‌ها وتی حەنان ئەندامی خێڵی بەرەکەشە، بەڵام رەتیدەکاتەوە بچێتە ژێردەستی پاسداران. ساڵانی رابردوو پەیوەندیی خۆی پاراستووە بە رژێمەوە و پاڵپشتیكه‌ریشه‌ بۆبڕیاری خزمەتی سەربازی و یەدەگ.

بانگێشتکرا لەلایەن رژێمی سوریاوە

بەشیر چەند رۆژێك لەمەوبەر لەلایەن دیمەشقەوە بانگێشتکرا و لەوێش ماوەتەوە.

عەبد وتی بانگێشتەکە لەبەر ناکۆکییەکان و رەتکردنەوەی بەشیر بوو بۆ فەرمانەکان کە لەلایەن رژێمەوە دەرکراون دەربارەی جێبەجێکردنی خزمەتی سەربازیی زۆره‌ملێ و یەدەگ.

ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ بەشیر بەئاشکرا رایگەیاند رەتیدەکاتەوە فەرمانەکە جێبەجێبکات لە گردبوونەوەیەکدا لە شاری دێرەزوور.

عەبد وتی: "لە تێڕوانینی بەشیرەوە، جێبەجێکردنی فەرمانەکە لە دەسەڵاتی ئەو کەمدەکاتەوە، چونکە هەموو ئەندامانی ئەو میلیشیایەی بەڕێوەیدەبات داواکراون بۆ خزمەتی سەربازیی بەزۆر."

وتیشی هەربۆیە هەوڵدەدات چەکدارانی کۆبکاتەوە و بیانگوێزێتەوە بۆ گوندی موحەیمیدە، شوێنی لەدایکبوونی خۆی، کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی رژێم و پاسداراندایە، تا یارمەتییان بدات خۆیان لە خزمەتی سەربازی و یەدەگ لابده‌ن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500