دەسەڵاتی ناوخۆی ئەنبار دەیەوێت وەبەرهێنەران رابکێشێت و بۆ ئەوەش چاوی لەسەر رێکەوتنێکی نوێیە بۆ دروستکردنی شارێكی زرنگ (تهكنهلۆژی) بۆ خستنەوەگەڕی ئابوریی ئەو پارێزگایەی کەوتۆتە ئەوپەڕی رۆژئاوای عێراق.
بەرپرسانی ئەنبار 11 کانونی یەکەم یاداشتێکی لێکتێگەشتنیان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانیدا ئیمزاکرد بۆ دروستکردنی شاری زرنگ لەسەر کەنارەکانی دەریاچەی حەبانییە.
ئەمە یەکەم پرۆژەی لەوشێوەیەیە دوای دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە شارەکانی پارێزگای ئەنبار ساڵی رابردوو.
سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان لە پارێزگای ئەنبار، ئەحمەد هاشم وتی پرۆژەی شاری زرنگی حەبانییە نیشانەی "دەستپێکردنی هەوڵەکانمانە بۆ وەبەرهێنان لە دوای رزگاری".
بە دیارونای وت: "یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ کۆمپانیای کۆریای باشور (تراك) و چهند کۆمپانیایهكی تری ئەمریکی ئیمزاکرد بۆئەوەی پشتیوانی ئەم پرۆژە گەورەیە بکەن."
هاشم وتی شارە نوێکە دروستدەکرێت "لەسەر نوێترین دیزانی ئەندازیاری لەسەر کەنارەکانی دەریاچەی حەبانییە لە رۆژهەڵاتی ئەنبار".
شارەکە شوێنی نیشتەجێبوون و گەشت و گوزار و پەروەردە و تەندروستی و وەزرش لەخۆدەگرێت لەگەڵ هێڵی ئاسنین بۆ بەستنەوەی شارەکە بە بەغدای پایتەختەوە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆ لەنێوان هەردوو شارەکەدا.
وتی وەبەرهێنەرەکان دروستکردنی "کارگەی ژینگەپارێز" دروستدەکەن بۆئەوەی ئەو ماددە خاوانە دابینبکەن کە پێویستن بۆ دروستکردنی شارەکە.
هاشم وتی هیواخوازە پرۆژەکە "ببێتە دەستپێکی وەبەرهێنانی گەورە"، وتیشی: "لەوەتەوی شارەکانمان لە داعش رزگاركردووه، هەنگاوی گەورەمان ناوە بەرەوە بنیاتنانەوە و چەندین پرۆژەمان تەواوکردووە بۆ بەرقەراربوونی ئارامی."
وتی سەرنجی پرۆژەکان لەسەر ژێرخان و کردنەوەی دەزگا خزمەتگوزارییەکانە لەگەڵ چاکردنەوەی شەقامەکان و پرد و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا.
وتیشی: "پلانمان بۆ [ئەم] ساڵ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورەی 600 قەرەوێڵەییە لە رەمادی لەگەڵ درووستکردنی 86 پرد لەسەر رێگای نێودەوڵەتی کە دەگاتە سنووری سوریا و ئوردن لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی دیکە."
راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ئەنبار
ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی ئەنبار، تەها عەبدولغەنی، کە سەرۆکی لیژنەی بنیاتنان و خزمەتگوزاری شارەوانییە، وتی حکومەتی ناوخۆیی ئەنبار زیاتر لە 64 هەلی وەبەرهێنانی دابینکردووە لە چەندین سێکتەردا.
بە دیارونای وت: "ئەو هەلانە خرانەڕوو لە کۆنفرانسی بنیاتنانەوەی ئەنبار کە 17 تشرینی یەکەم لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەسترا."
وتی: "ئەوەی لەدەستمانبێت دەیکەین بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەران بدەین بێن بۆ پارێزگاکە." جەخیشیکردەوە كه ئەمڕۆ ئەنبار "ئارامە و کەشێکی لەباری هەیە بۆ وەبەرهێنان".
عەبدولغەنی وتی ئەنبار زۆر لایەنی سەرنجڕاکێشی هەیە بۆ وەبەرهێنەران بەوەی ناوچەیەکی فراوانی جوگرافییە و دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و ماددەی خاو، وتیشی راکێشانی وەبەرهێنانی گەورە "ئەو رێگایەیە کە لێوەی دەتوانین ئارامی و گەشەسەندن بەدەستبهێنین".
وتی شاری زرنگی حەبانییە، کە پێش داگیرکردنی داعش پلانی بۆکرابوو، "دەستپێکێکی سەرکەوتووە و هەنگاوێکی گەورەیە بۆپێشەوە".
وتیشی ئەو پرۆژەیە ههلی کار دێنێتهكایهوه "بۆ هەزاران کەسی بێکار لە پارێزگاکە و ئابوری پتەودەکات و دەبێتە پشتیوانی بۆ گەشت و گوزار و گەشەکردن".
عەبدولغەنی وتی شارە زرنگەکە لەسەر16,000 دۆنم زەوی دروستدەکرێت و کۆی نرخی وەبەرهێنانی دەگاتە نزیکەی 9 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
'دهرهێنانهوهی شارەکان لەژێر داروپهردووهوه'
سەرۆكی شارەوانی شارۆچکەی خالیدیە، عەلی داود بە دیارونای وت شاری زرنگی حەبانییە بە پێنج قۆناغ دروستدەکرێت لە ماوەی 10 ساڵدا.
وتی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە مانگی ئازار دەستپێدەکات بە دروستکردنی ئوتێلێکی گەورەی 36 نهۆمی لەگەڵ شوقە بۆ مانەوە وەك ئوتێل و دەزگاکانی دیکەی گەشت و گوزاری.
وتی قۆناغەکانی دیکە دروستکردنی بینای نیشتەجێبوونە کە 10,000 شوقە و ڤیلا لەخۆدەگرن لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی 300 قەرەوێڵەیی.
وتی ئەمە جگە لە زانکۆکان و قوتابخانە و شاری یاری و چەندین خزمەتگوزاری دیکە.
وتیشی ئیدارەی خالیدیە زۆربەی پرۆژەکانی شارەوانی دووبارە دەستپێکردۆتەوە کە بەهۆی شهڕهوه وەستابوون و وتی بەمنزیکانە چەند پرۆژەیەکی بنیاتنانەوە دەستپێدەکهن، وەك دروستکردنی رێگای سەرەکی شارۆچکەکە و شەقامە لاوهكیهكان و خزمەتگوزاریەکانی ئاوی خواردنەوە.
ههروهها وتی: "شەڕی ئێمە دژی تیرۆریزم تەواوبووە و ئێستا دەبێت شارەکان لەژێر داروپهردووی شەڕەوە دهربهێنینهوه و ناوەستین تا بوژانهوهی تهواوی بەدەستدەهێنین."