کاربەدەستانی خاڵە سنووریەکانی عێراق چەندین هەوڵi بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەریان پووچەڵکردۆتەوە کە لە ئێرانەوە هێنراون بۆ وڵاتەکە، بەڵام کێشەکە هێشتا مایەی نیگەرانیهكی زۆره، سەرچاوە ئەمنییەکان بە دیارونایان وت.
شرۆڤەکاری ستراتیژی و سەربازی رەبیع جاوەری بە دیارونای وت قاچاخچییە ئێرانییەکان دەستی باڵایان هەیە لە بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرە قەدەغەکراوەکاندا لە عێراق، کە كێشەیکی نەخوازراوە و گەیشتۆتە "قۆناغێکی مەترسیدار".
ئەو چالاکییە نایاساییانە لەسەر سنوور بە پشتیوانیی چەند "کەسێکی گەندەڵ" بەڕێوەدەچن لەگەڵ ئەو کەسانەی پەیوەندییان هەیە بە هەندێك لهمیلیشیا عێراقییەکانی سەربە ئێران، ناوبراو وتی، لهكاتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه عێراق بۆتە "بازاڕێك بۆ گواستنەوە و ساغکردنەوەی [ماددەی هۆشبەر]".
جاوەری وتی هێزە ئەمنییەکان ئەرکی گرنگی خۆیان جێبەجێدەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنوور، وتیشی کێشەکە چارەسەر نەکراوە چونکە ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام دێنە وڵاتەکەوە.
قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستێكی مەترسیداردایه
لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە 17 تشرینی دووەم سەرۆکی پۆلیسی بەسرە، رەشید فلهیح رایگەیاند "لە سەدا 80 ماددە هۆشبەرەکانی دێتە پارێزگای بەسرە لە ئێرانەوە دێن".
وتی پۆلیسی عێراق لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی ناوخۆوە سەرپشککراوە بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنی گەورە بۆ گەڕان ئەنجامبدات بۆ پاراستنی ئەو سنوورە 94 کیلۆمەترییەی بەسرە لەگەڵ ئێران.
وتی: "بەباشی کاردەکەین بۆئەوەی ئەو سنوورانە بپارێزین بەهاوکاری فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و هێزە دەریاییەکانی بەسرە."
وتیشی: "ئاوی شەت ئەلعەرەب زیاتر چاودێریدەکرێت بۆئەوەی رێگە لە هاتنی ماددە هۆشبەرەکان بگیردرێت لە ئێرانەوە."
"بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و گواستنەوەی دووقات زیادیکردووە لە چەند ساڵی رابردوودا و ئێستا گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار،" فازڵ غەراوی وتی، کە ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤە.
بە دیارونای وت: "لە 2014، نزیکەی 400 کەس لەسەر بەکارهێنان و هەڵگرتن و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون."
وتی ئەمساڵ ژمارەی دەستگیرکراوان و سزاداراوان لەسەر ئەو تاوانانە بۆ زیاتر لە 8,000 کەس زیادیکردووە و زۆربەیان هەرزەکارن.
غەراوی وتی کۆمسیۆنەکە "چاوپێکەوتنی لەگەڵ 400 کەس کرد کە ماددە هۆشبەرەکانیان بەکاردەهێنا و چەندین هۆکاری پشتی بڵاوبوونەوەی ئەو دەرمانانەی دەستنیشانکرد وەك رەوشی ئەمنی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ لایەنە ئابووری و دەروونییەکان."
ناوبراو پێشنیاریکرد چەند رێکارێك بگرنەبەر بۆئەوەی بەکارهێنان و گواستنەوەی کەمبکرێتەوە وەك توندوتۆڵکردنی ئەمنییەتی خاڵە سنوورییەکان و زنجیرەیەك بەرنامەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
پێشنیاری ئهوهشی كرد كه بنکەی چاکبوونەوە و نۆرینگە دروستبکرێت بۆ بەرکارهێنەران و چارەسەرکردنی ئاڵوودەبووان بۆئهوهی "وەك نەخۆش چارەسەربکرێن کە پێویستە ئاگامان لێیان بێت نەك بخرینە زیندانەوە".
دهیان قاچاخچی دەستگیرکراون
لە دەستپێکی 2018 تا تشرینی دووەم، هێزە ئەمنییەکان " 187 تاوانی پەیوەند بە مادە هۆشبەرەکانیان تۆمارکردووە،" سەرۆکی دەسەڵاتی خاڵە سنووریەکانی عێراق کازم ئیقابی بە ماڵپەری هەواڵی سۆمەرییەی وت له 16 کانونی یەکەم.
ساڵی رابردوو، هێزەکانی پاسەوانی سنوور دهیان قاچاخچییان دەستگیرکرد لە خاڵە سنوورییەکانی شەلامجە، شیب و زەرباتیە و چەندین بڕی جۆراوجۆری ماددەی هۆشبەریان پێبوو کە لە ئێرانەوە هێنابوویان.
شارەزای ستراتیژی، عەلا ناشو وتی قاچاخچییە ئێرانییەکان عێراقیان گۆڕیوە بە "داڵانی گواستنەوەی ژەهر بۆ وڵاتانی هەرێمەکە".
ئەو چالاکییانە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی بەڕێوەدەبرێن و "مەترسییەکی گەورەن بۆ ئاسایش و داهاتووی وڵاتەکەمان،" ناوبراو بە دیارونای وت و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه بەکارهێنای ماددە هۆشبەرەکان لە زیادبووندایە لەناو گەجان و مێردمنداڵاندا.
ناشو وتی: "پێویستە ئەمڕۆ یاسایەکی توند دەربکرێت بۆ بەتاوانکردنی قاچاخچێتی و گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و سزای توندی لەسەر بدرێت و رێکارەکانی چاودێری پتەوبکرێن لەسەر خاڵە سنووریەکان لەگەڵ ئێران."