http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/01/02/feature-03

×
×
مافی مرۆڤ |

ژنانی عێراق خەباتدەکەن بۆ كۆتاییهێنان به‌ خەتەنە

ئاژانسی فرانس پرێس

ژنانی کوردی عێراق سەیری ئاهەنگی نەورۆز دەکەن لە سەربانێکەوە لە شارۆچکەی عەقرە لە 20 ئازار. [سەفین حامید/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئاسمانی تاریك هەڕەشەی بارانی دەکرد لە گوندێکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام ژنێك کۆڵینەدەدا و لەبەردەم ماڵێكدا وەستابوو کە تێیدا دوو كچ لەبەردەم مەترسی خەتەنەکردندا بوون.

"دەزانم لە ماڵەوەن! تەنیا دەمەوێت قسەتان لەگەڵ بکەم،" کوردستان رەسوڵ هاواریده‌كرد، چالاکوانێکی کوردی عێراق له‌ رێکخراوی قازانج نه‌ویستی وادی، کە هه‌ڵمه‌تده‌كات دژی خەتەنەکردنی ژنان.

خەتەنە، کە تیایدا بەشێك لە ئەندامی مێیینه‌ی ژنان یان کچان دەبڕدرێت یان لێدەکرێتەوە، ماوەیەك لە هەرێمی کوردستان زۆر باوبوو، بەڵام هەڵمەتەکانی وادی ئەو کردەیەی کەمکردۆتەوە.

کوردستان، 35 ساڵ، کە خۆی بە منداڵی خەتەنەکراوە، یارمەتی بنەبڕکردنی خەتەنە دەدات لە گوندی شەربوتی سەغیرە، له‌ خۆرهەڵاتی هەولێر.

ره‌سوڵ 25 جار سەردانی گونده‌كه‌ی کردووە و رووبەڕووی مه‌لاكه‌ی بۆتەوە دەربارەی دیدگای ئەوەی گوایە خەتەنە ئیسلام سەپاندوێتی و هۆشداریی داوه‌ بە مامانەکان دەربارەی نەخۆشی و گرێی دەروونی.

ئەو بەیانیە، منارەی مزگەوتەکەی بەکارهێنا بۆ بانگهێشتکردنی خەڵکی ئاوایی بۆ تاوتوێکردنی تەندروستییان. کاتێك هەشت ژن هاتنەژوورەوە، بە ئارامی باسی مەترسییەکانی خەتەنەی بۆ کردن.

لەکۆتاییدا، ژنێکی لاواز لە کوردستان نزیکبووه‌وە و وتی دراوسێکەی پلانی خەتەنەکردنی دوو منداڵه‌ ساوه‌كه‌ی هەیە.

ئەمەش وایکرد کوردستان بەنێو قوڕاوەکەدا وروژم بەرێت بۆ نێو ماڵەکە، سەرەتا لە دەرگای دا و دواتریش شێلگیرانە داوای مۆڵەتی چونەژوورەوەی دەکرد.

بەڵام دەرگاکە بە داخراوی مایەوە.

کوردستان، له‌كاتێكدا به‌نابه‌دڵیه‌وه‌ دوورده‌کەوتەوە، وتی: "ئێمه‌ بیروباوەڕی خەڵك دەگۆڕین. بۆیە زۆر سەختە."

'زۆر منداڵ بووم'

وادیارە چەند دەیەیەکە خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق پەیڕەودەکرێت، كه‌ زیاتر به‌وه‌ ناسراوە دیدێکی پێشکەوتووتری هەبێت دەربارەی مافەکانی ژنان.

قوربانیان بەشێوەیەکی ئاسایی لەنێوان تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵاندان، بەڵام چەندین ساڵ دوای ئەوە کاریگەریی هەیە لەسەریان لەشێوەی خوێنبەربوون، هەستیاریی کەم، دادڕانی کاتی منداڵبوون و خەمۆکی.

ئەو پرۆسه‌یه‌ دەکرێت کوشندە بێت، هەندێك کچ بەهۆی خوێنبەربوون و نەخۆشییەوە دەمرن.

دوای چەندین ساڵ لە هەڵمەت، دەسەڵاتدارانی کورد لە یاسای دژە توندوتیژی ساڵی 2011 خەتەنەکردنیان قەدەغەکرد و سزای تا سێ ساڵ زیندانی و نزیکەی 80,000 دۆلاریان دانا بۆ ئەنجامدەرانی.

لەوکاتەوە ژمارەکان زۆر کەمبوونەتەوە.

لە 2014، لە روماڵێکی ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتوەکان (یونیسێف)دا دەرکەوت كه‌ له‌سه‌دا 58.5 ژنانی هەرێمی کوردستان خەتەنەکراون.

ئەمساڵ، یونیسێف رێژەیەکی کەمتری تۆمارکرد: له‌سه‌دا 37.5 کچانی نێوان تەمەنی 15 بۆ 49 ساڵ له‌ هەرێمی کوردستان خەتەنەکرابوون.

ئەمە بەراورد بە کەمتر لە له‌سه‌دا یه‌ك لە تەواوی عێراقدا، کە هیچ یاسایەکی دژە خەتەنەی نیە.

شوکریەی 61 ساڵ دەربارەی ئەو رۆژه‌ی دایکی خەتەنەی کرد کە 50 ساڵ لەمەوبەر بوو، وتی: "خەتەنەی کردم، ئازارم هەبوو، ده‌گریام."

"زۆر منداڵ بووم. چۆن ده‌متوانی لە دایکم تووڕە ببم؟"

شەش کچەکەی شوکریە، کە گه‌نجترینیان 26 ساڵە، هەموویان خەتەنەکراون. بەڵام بەهۆی هەڵمەتی بەردەوامەوە دژی خەتەنە، ئەوان رەتیانکردۆتەوە هەمان کار لەگەڵ کچەکانیان بکەن.

چەند ساڵێك لەمەوبەر، زەینەبی 38 ساڵ رێی بە ژنانی خزمی دا کچە گەورەکەی خەتەنە بکەن كه‌ ئه‌وكاته‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵ بوو.

موچڕكه‌ی پێدا ده‌هات كاتێك بیری ده‌هاته‌وه‌ و وتی: "هێنده‌ ترسابووم كه‌ لەدوورەوە دەوەستام و دوای خەتەنەکەی ده‌چووم بیشۆرم."

دوای خولەکانی وادی، دوو کچەکەی دیکەی لە خەتەنەکردن پاراست.

"ئەوکاتو په‌سه‌ندم كرد، بەڵام ئێستا نایكه‌م. بەڵێ پەشیمانم. بەڵام تازه‌ ده‌توانم چی بكه‌م؟"

'ژنان دژی ژنان'

کوردستان وتی سەخت بوو رووبەڕووی توندوتیژییەك له‌سه‌ر بنه‌مای جێندەر ببینه‌وه‌ كه‌ ژنان خۆیان جێبەجێکەری بوون.

وتی: "پیاوان و ژنانی لاو قایلن بەوەی خەتەنەکردن دەبێت بوەستێنرێت. بەڵام دوای ئەوەی گوندەکە جێدەهێڵین، ژنانی به‌ته‌مه‌نتر قسەیان بۆ دەکەن و دەڵێن: 'وریابن، ئەو رێکخراوە ناحکومیە دەیەوێت کێشە بڵاوبکاتەوە.'"

روماڵی 2014ی نەتەوە یەکگرتوەکان دەریخست له‌سه‌دا 75 ژنان دایکی خۆیان وەك گەورەترین پاڵپشتیکاری خەتەنەکردنیان دەبینی.

کوردستان وتی: "بەم ژنانە دەڵێم: ئەمە توندوتیژییەکە بەدەستی خۆتان ئەنجامیدەدەن -- ژنان دژی ژنان."

ئەم نزیکییە وایکردووە قوربانیانی خەتەنە کەمتر داوای دادپەروەری بکەن.

پەروین حەسەن کە بەڕێوبەری یەکەی دژە خەتەنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وتی: "یاسای 2011 جێبەجێنەکراوە لەبەرئەوەی کچان سکاڵا ناکەن دژی دایك یان باوکیان."

پەروین هەمیشە دەیەوێت کار لەسەر کێشەکە بکات چونکە خۆی بەزەحمەت رزگاری بوو لێی: دایکی لە مامانەکەی دوورخستەوە لە دوایین ساتدا کە رای خۆی گۆڕی.

وتی: "لە 1991ەوە لەسەر کێشەکانی ژنان کاردەکەم، بەڵام ئەمەیان لەهەموویان ناخۆشترە بۆم. هەربۆیە بەڵێنمداوە بەتەواوەتی بنەبڕی بکەم."

وتی بەرپرسانی کورد ستراتیژێك دەخەنەڕوو لە ساڵی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی یاسای ساڵی 2011 و ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاریی زیاتر.

لەلای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتوەکان پێشبینی دەکات باشتر رووبەڕووی خەتەنە ببێتەوە لە 2019، بەشێکی بەهۆی کەمبوونەوەی هەڕەشەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە.

شاره‌زای بواری توندوتیژیی جێندەری لە یونیسێف، ئیڤانا چاپکاکۆڤا وتی دوای ئەوەی داعش لە 2014 دەرکەوت، رێکخراوەکان نەیانده‌توانی مامەڵە لەگەڵ خێزانە ئاوارەکان بکەن و هەڵمەتی قه‌ڵاچۆكردن ئەنجامبدەن.

وتی: "لەئێستادا کە ئەو دۆخە کتوپڕە تەواوبووە، دەتوانین خۆمان رێکبخەینەوە و دوایین هەنگاو بنێین بەرەو تووڕدانی خەتەنە بۆ رابردوو لە سه‌رتاسه‌ری عێراقدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
3

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha