هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

سوریا هەڵدەکوتێتە سەر هه‌ڵاتوان لە خزمەتی سەربازی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

پیاوانی سوری لە دیمەشق دەستگیرکراون بۆ ئەوەی ببرێن بۆ خزمەتی سەربازی. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

پیاوانی سوری لە دیمەشق دەستگیرکراون بۆ ئەوەی ببرێن بۆ خزمەتی سەربازی. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

چالاکوانانی ناوخۆیی بە دیارونا دەڵێن رژێمی سوریا پیاوانی لە ناوچەکانی ژێر دەستی گرتووە بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە خزمەتی سەربازی زۆرەملێ ئەنجامدەدەن.

وتیان لە بەرامبەر هەڵمەتەکەشدا، هەزاران پیاوی ژێر تەمەنی 42 ساڵ کە له‌ ناوچەکانی ژێردەستی رژێمدا نیشتەجێن هەڵهاتوون یان خۆیان شاردۆتەوە.

"رژێمی سوریا دەستیکردووە بە توندکردنەوەی سەپاندنی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ و یەدەگ،" پارێزەری سوری بەشیر بەسام بە دیارونای وت.

وتی هەوڵەکە بۆ ئەوەیە ئەو کەلێنە پڕبێتەوە کە لە ژمارەی ئەندامانی ریزەکانی سوپادا هەیە.

پیاوانی گەنج لەبەردەم دەزگای خزمەتی سەربازیدا (ته‌جنید) لە دیمەشق کۆبوونەتەوە، لەو شوێنەی هەندێکیان هیوایان وایە بتوانن ته‌سریح بكرێن یان خزمەتی سەربازییان دوابخرێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك].

پیاوانی گەنج لەبەردەم دەزگای خزمەتی سەربازیدا (ته‌جنید) لە دیمەشق کۆبوونەتەوە، لەو شوێنەی هەندێکیان هیوایان وایە بتوانن ته‌سریح بكرێن یان خزمەتی سەربازییان دوابخرێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك].

روونیکردەوە کە ئەو کەلێنە بەهۆی لەدەستدانی سه‌ربازانی زۆرەوە لە بەرەکانی جەنگدا دروستبووە و هه‌روه‌ها خۆدزینه‌وه‌ خزمەتی سه‌ربازی و یەدەگ لەلایەن هەزاران گەنجەوە کە دژی رژێمن لەگەڵ سەنگەر گواستنەوەی هەزاران سەربازی دیکە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوه‌.

وتی: "ئەو کەلێنە زیادتری کرد لەدوای هەڵپەساردنی خزمه‌تی هەزاران لەو سەربازانەی بەشێكبوون لە دەستەی 102 کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ خزمەتی سەربازییان کردبوو."

مەودای ئەرکی خزمەتی سەربازی لە 21 مانگەوە کەمکرایەوە بۆ 18 مانگ لە ساڵی 2011.

بەسام وتی چەندین بارەگای تۆمارکردن لە هەموو ناوچەکان کراونەتەوە، "جگە لەو ئۆفیسە جێگیرانه‌ی لە زانکۆکاندا هه‌ن کە لێکۆڵینەوە ده‌كه‌ن لە فایلی خوێندکارەکان بۆئەوەی بەزۆر بیانبەن بۆ خزمەتکردنی سەربازی یان جێبەجێکردنی ئەرک وەك سەربازی یەدەگ".

وتی جیا لەوەش، " فەرمانێك دەرکرا کە دەرچوونی ئەو خوێندکارانەی راگرت کە خوێندنیان تەواوکردووە بەڵام هێشتا خزمەتی سەربازی زۆرەملێیان نەکردووە".

جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان

رژێمی سوریا پێشتر فەرمانێكی لێبووردنی لە خزمەتی سەربازی دەرکردبوو بۆ ئەو گەنجانەی کە لەدەرەوەی وڵات دەژین.

بەسام وتی ئێستا سەدان لەوانە کە لە دوو مانگی رابردوودا گەڕاونەتەوە دەستگیرکراون و براون بۆ کەمپی راهێنانی سەربازی.

وتی: "لیستەکانی ئەوانەی داواکراون بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ و خزمەتی یەدەگ زیاتر لە 250,000 ناویان تێدایه‌ لە هەموو هەرێمەکانی سوریا، بێجگە لە ئیدلیب و هەرێمی باکوری سوریا."

ئەو ناوچانە تا ئێستا لەدەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی رژێمن.

وتی رژێم بەڵێنەکەی شکاند بۆ ئەوانەی کە داواکرابوون بۆ خزمەتی سه‌ربازیی یەدەگ و ئەو فەرمانەشی جێبەجێنەکرد کە تێیدا رایگەیاند هەزاران ناو لە لیستەکان ده‌رهێنراون و لێبووردنیان بۆ دەرچووە لە سەربازی.

ئەو هەلەش کە هەبوو بڕێك پارە بدرێت لە بری خزمەتی سەربازی ئێستا لابراوە.

وتی: "فەرمانەکان وادەکەن هەزاران گەنج لە سوریا هەڵبێن بۆ خۆلادان له‌ چه‌ند ساڵێك خزمەتی سەربازی زۆرەملێ و لە رێگا قاچاخەکانەوە دەڕۆن کە چەندین ساڵە بەکاردەهێنرێن یان بە یاسایی دەڕۆن بۆ وڵاتانی دراوسێ."

توڕەیی زیادده‌كات

چالاکوانێك لە رۆژهەڵاتی غوتە، محەمەد بەیك وتی: "توڕەییەکی قوڵ ناوچەکانی ژێردەستی رژێمی داپۆشیوە چونکە هێزێكی زۆری پۆلیسی سەربازی لە هەموو ناوچەکان بڵاوکراونەتەوە بۆئەوەی پیاوان و گەنجانی ژێر تەمەنی 42 ساڵ دەستگیربکەن."

بە دیارونای وت ئەو پیاوانەی کە له‌ تەمەنی خزمەتی سەربازیدان یان دەبرێن بۆ بنكه‌كانی راهێنان بەرلەوەی دەستبکەن بە خزمەتی سەربازی زۆره‌ملێ، یان بۆ پۆستی سەربازی تا ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن وەك سەربازی یەدەگ.

وتی توڕەیی "زۆر بەربڵاوە لەو ناوچانه‌ی پشتیوانییان له‌ رژێم ده‌كرد، وەك دیمەشق و لازقیە و تەرتوس، ئەمەش بەهۆی ئەو شێوازە نەشیاوەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بەکاریدەهێنن بۆ گەڕان و دەستگیرکردنی گەنجەکان."

وتیشی: "بە شێوازێکی زۆر توند دەستگیردەکرێن و دەبرێن بۆ ناو ئه‌و لۆریانه‌ی هەندێکیان پێشتر بۆ گواستنەوەی گۆشت بەکارهاتوون، لەکاتێکدا قاچیان به‌ زنجیر به‌یه‌كدییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ وەكو تاوانكاران."

بەیك وتی بنکەکانی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ یان ئه‌وانه‌ی مۆڵەتی گەشتکردن دەدەن پڕبوون لە گەنجەکان و ئەندامانی خێزانەکانیان کە داوا دەکەن کوڕەکانیان لێبوردنیان بۆ دەرچێت یان خزمەتەکەیان دوابکەوێت لەسەر بنەمای چەند هۆکارێك."

وتی: "بەڵام هەموو ئەو مۆڵەتانەش راوەستێنراون و مۆڵەتی گەشتکردن نادرێت، بێگومان ته‌نها به‌ کوڕی بەرپرسە باڵادەستە سەربازی و سیاسییەکان نه‌بێت."

وتیشی خێزانی ئەو بەرپرسانە توانیویانە کوڕەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵات یان ناوەکانیان لە لیستی داواکراواندا بۆ خزمەتی سەربازی دەربهێنن.

پێشێلکردنی رێکەوتنه‌كانی ئاگربەست

بەیك وتی هێزەکانی رژێم گەمارۆیان سەپاندووە بەسەر رۆژهەڵاتی غوتەدا و هەڵمەتی رۆژانە ئەنجامدەدەن بۆ گرتنی گەنجان بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملی.

ناوبراو وتی ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی رێکەوتنه‌كانی ئاگربەستگەنجانی هەرێمەکە دەبێت بۆ یەك ساڵ لێبووردنیان بۆ دەرچێت.

چالاکوانێك لە دەرعا، جومعە مەسالمە بە دیارونای وت: "هەرێمەکانی باشوری سوریا، بەتایبەتی دەرعا و چواردەوری، توڕەییان لێدەبارێت لەسەر گرتنی گەنجانی تەمەن سەروو 18ساڵ بۆ خزمەتی سەربازی و ئەرکی سەربازیی یەدەگ."

وتی ئەو دەستگیرکردنانە لەکاتێکدان رێکەوتنکراوە لەنێوان دانیشتووانەکە و رژێمدا بۆ دواخستنی خزمەتی سەربازی لانیكه‌م بۆ یەك ساڵ.

وتی زیاتر لەوەش، رێکەوتنەکە لەگەڵ رژێم دەڵێت چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمەکە بکشێنەوە و چەکەکانیان رادەستبکەن و ژمارەیەکی زۆری گەنجیش له‌ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ ده‌به‌خشرێن.

مەسالمە وتی: "زۆربەی زۆری گەنجەکان کە دەستگیرکراون براون بۆ ناوچه‌ گەرمەکانی شەڕ لە ئیدلیب و دێرەزوور، هەرچەندە رێکەوتنەکە دەڵێت دوای به‌سه‌رچوونی یەك ساڵ ناوچەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بۆ گەنجەکان دەرعا و باشوری سوریا ده‌بێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500