هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هەوڵەکانی لابردنی مین پێشکەوتن بەخۆوە دەبینن لە عێراق

خالید تائی

ئەندامێكی ستافی بەڕێوبەرێتی چالاکی مین رێنمایی ژن و منداڵان دەکات لە پارێزگای نەینەوا لەسەر ئەوەی چۆن خۆیان لە مین و تەقەمەنییەکانی پاشـاوەی شه‌ڕ بپارێزن لەم وێنەیە کە لە 29 ئایار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی چالاکی مین]

ئەندامێكی ستافی بەڕێوبەرێتی چالاکی مین رێنمایی ژن و منداڵان دەکات لە پارێزگای نەینەوا لەسەر ئەوەی چۆن خۆیان لە مین و تەقەمەنییەکانی پاشـاوەی شه‌ڕ بپارێزن لەم وێنەیە کە لە 29 ئایار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی چالاکی مین]

بەرپرسان دەڵێن تیمەکانی دژە مین کارەکانیان ئەنجامدەدەن لەگەڵ دەزگا شارەزا نێودەوڵەتییەکان بۆ لابردنی ئه‌و مینانه‌ی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) چاندبوونی لەگەڵ تەقەمەنییەکانی دیکەی پاشـاوەی شه‌ڕ بەرلەوەی گروپەکە ده‌ربپه‌ڕێنرێت.

هاوشانی ئەم هه‌ڵانه‌، تیمە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسی تەقەمەنییەکان.

عیسا فەیاز لە بەڕێوبەرێتی چالاکی مین وتی: "دەمانەوێت هەوڵەکان زیادبکەین بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی دانیشتووانە ناوخۆییەکە."

بە دیارونای وت: "یەکە گەڕۆکەکانمان ئێستا چەند هەڵمەتێك رێکدەخەن بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێزانە ئاوارەکان و ئەوانەش کە گەڕاونەتەوە ناوچه‌كانیان، لە مەترسییەکانی تەقەمەنی و مین و پاشـاوەکانی دیکەی شه‌ڕ."

منداڵان ئه‌و پۆستەرانه‌یان پێیه‌ كه‌ هۆشداری به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن له‌ شتی گۆماناولێكرا نزیكنه‌بنه‌وه‌ وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لە 29 ئایار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی چالاکی مین]

منداڵان ئه‌و پۆستەرانه‌یان پێیه‌ كه‌ هۆشداری به‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن له‌ شتی گۆماناولێكرا نزیكنه‌بنه‌وه‌ وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە لە 29 ئایار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی چالاکی مین]

وتی ئەو یەکەیە رێنماییدەدات لەسەر ئەوەی چیبکرێت کاتێك شتێكی گومانلێكراو دەدۆزرێتەوە و ژمارەیەکی تەلەفۆنی بێبەرامبەریش (182) ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست بۆ په‌یوه‌ندیكردن بە ستافی بەڕێوبەرێتی چالاکی مینه‌وه‌.

بەرگری شارستانی بەڕێوبەرێتیەکەش دەکرێت لەسەر هێڵی تەلەفۆنی بێبەرامبەری (115) ئاگاداربکرێتەوە.

فەیاز وتی هەڵمەتەکانی هۆشیاری و سیمینار و وانەکان لە چەند شوێنێكی پیرۆز و قوتابخانە و شوێنە گشتیەکان ئەنجامدراون و سەردانی مەیدانیش رێکخراون بۆ ماڵی دانیشتووانەکە و کەمپی ئاوارەکان.

وتی پۆستەر و بڵاوکراوە پەروەردەییەکانیش بڵاوکراونەتەوە.

پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکان

فەیاز وتی ستافی بەڕێوبەرێتی چالاکی مین لەگەڵ دەزگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان کاریشیان کردووە لەسەر پوچەڵکردنەوەی ئامێرەکانی تەقەمەنی کە لەژێر زەویدا شاردراونەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کێشەکە بەربڵاوە، بەتایبەتی لە ئەنبارو پارێزگای نەینەوا.

وتی: "سوپاس بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی رۆژانەمان بۆ لێکۆڵینەوە و پاکردنەوەی ناوچە بەرکەوتووەکان، ئەنجامی ئەرێنیمان بەدەستهێناوە."

"توانیومانە هەزاران ئامێری تەقەمەنی لەناوبەرین."

چەکدارانی داعش تەقەمەنییان لە هەموو شوێنێك دادەنا -- لە گه‌ڕه‌كه‌كان و باڵه‌خانە گشتییەکان -- وەك هەوڵێك بۆ پێشگرتن لە پێشڕەویکردنی ئۆتۆمۆبیلە سەربازییەکان و رێگرتن لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و تێکدانی ئارامی.

سەرۆکی بنکەی باکوری بەڕێوبەرێتی چالاکی مین، موعەمەر سەڵاحەدین عەبدولسەلام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد زیاتر لە 10,000 ئامێری تەقەمەنی مین تەنیا لە موسڵ لابراون.

بە دیارونای وت ئەو ناوچە بەرکەوتووانەی کە ماون لە پارێزگای نەینەوا تەنیا بریتین لە دوو کیلۆمەتری چوارگۆشە.

وتی: "پێشکەوتنی بەرچاومان به‌ده‌ستهێناوه‌ و شەو و رۆژ کاردەکەین بۆ نەهێشتنی مەترسی ئەو پاشـماوانە و دابینکردنی کەشێكی ئه‌مین بۆ مەدەنییەکان."

وتیشی: "لەم دواییانەدا زۆربەی شارە رزگارکراوەکان بە تەقەمەنی و مین داپۆشرابوون بەڵام ئێستا پاککراونەتەوە و ژیانی مەدەنی تیایاندا پڕجۆشه‌."

عەبدولسەلام وتی ئەمە زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەندین لایەن هاوکاربوون بۆ لابردنی تەقەمەنییەکان.

هەوڵه‌ هاوبەشه‌كان

ناوبراو وتی: "کاردەکەین لەگەڵ بەڕێوبەرێتی ئەندازیاریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری و بەڕێوبەرێتی لابردنی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ" لەگەڵ چەند رێکخراوێکی شارەزای نێودەوڵەتی.

ئەو رێکخراوانە بریتین لە ماین ئەدڤایسه‌ری گروپ، هاڵۆ ترەست، سویس فاوندەیشن فۆر ماین ئەکشن، هاندیکاپ ئینتەرناشناڵ، دەینیش دیماینین گروپ لەگەڵ نۆرویجیان پیپلس ئەید.

عەبدولسەلام وتی: "نەك تەنیا لەگەڵ ئەو دەزگایانە کاردەکەین بۆ لابردنی مین، بەڵکو پرۆژەی هاوبەشیشمان هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە خۆپاراستن لە تەقەمەنییەکان."

وتی بەرنامە پەروەردەییەکان توانیویانە ئاستی هۆشیاری بەرزبکەنەوە لەسەر کێشەکە و هانی دانیشتووانەکە بدەن زانیاری بدەن و رێگرییان لێبکرێت دەستکاری بابەتی گومانلێكراو بکەن.

وتی هەموو ئەو رێکارانە هاوکاردەبن بۆ ئەوەی ژیانی هاوڵاتیان بپارێزرێن و وتیشی سەرباری ئەو هەوڵانە، مەترسی تەقەمەنییەکان هێشتا ماوە.

لە 22 تشرینی دووەم بۆمبێکی چێنراو لە نزیك شارۆچكه‌ی شورا لە نەینەوا تەقیەوە و چوار خوێندکاری کوشت و حەوتی بریندارکرد لەسەر رێگای چوونیان بۆ خوێندنگا.

لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، بارانی زۆر حەشارگەیەکی چەکی ژێر زەویی ئاشكراکردلە ناوچەی کیلۆ 160 لە بیابانی ئەنبار.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت دوای بارانە زۆرەکە و دروستبوونی لافاو، سوپا بێووچان هەوڵیدا ئەو کەسانە رزگاربکات کە لەو ناوچەیە بوون بۆئەوەی لە مەترسی بیانپارێزن.

وتی: "سەرنجمان خستۆتە سەر هەوڵەکانی رزگارکردن و گواستنه‌وه‌ی مەدەنییەکان لەو ناوچانە و تەپۆڵکەی خۆڵمان بەرزکردەوە بۆئەوەی رێگربن لە هاتنی ئاو بۆ ناوچەکانیان کە دەکرێت لەگەڵ خۆیدا پاشماوەی مەترسیدار بهێنێت."

وتیشی تیمەکانی ئەندازیاریی سەربازی پشکنینی مەیدانییان کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ناوچەکان پاککراونەتەوە لە تەقەمەنییەکان و هاوکارییش ده‌كه‌ن لە هەڵمەتەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریدا بۆ مەدەنییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500