هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هەزاران ئەندامی داعش رووبەڕووی دادگا دەبنەوە لە عێراق

خالید تائی

ئەندامانی بەناو "ویلایەتی دیالە"ی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستگیرکران لەم وێنەیەدا له‌ ئەیلولی 2016 دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگری عێراق]

ئەندامانی بەناو "ویلایەتی دیالە"ی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستگیرکران لەم وێنەیەدا له‌ ئەیلولی 2016 دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگری عێراق]

هەزاران ئەندامی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەسەر تاوانی تیرۆریزم دەستگیرکراون لە 2014 ەوە و لەوکاتەوە رووبەڕووی دادگاییکردن و سزادان بوونەتەوە لە سیستمی دادی عێراقدا.

بەرپرسانی عێراق دەڵێن دەستگیرکردنەکان بەگوێره‌ی رێکارە یاساییەکان ئه‌نجامدراون و بەپێی بەندەكانی مافی مرۆڤی جیهانی.

سەرۆکی دەزگای کەلتووری یاسایی، تاریق حەرب بە دیارونای وت دەستگیرکردنەکان دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەرەوە ئەنجامدەدرێن. دوای ئەوەی داوا پێشکەشدەکرێت یان دوای ئەوەی کەسێك "لەکاتی کردەوەکەدا ده‌ستگیرده‌كرێت" لەکاتێكدا هەوڵدەدات هێرشێکی تیرۆریستی ئەنجامبدات.

وتی دەستگیرکراوەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر ئه‌و تاوانانه‌ی پێی تۆمەتبارن لەگەڵ زانیاری دیکە وەك شوێن و هاوکارەکانیان.

حەرب وتی: "دوای ئەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارەکە و شایەتحاڵەکان تۆماردەکرێن، دادگای تاوانەکان دەستبەکاردەبێت بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر تاوانەکە و بەڵگەکان بەرلەوەی سزا دەربکات."

وتی دواکەوتنی حوكمدان له‌ چەند کەیسێكدا دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاکتەرێك، له‌نێویاندا "كاتێك تۆمەتبارەکە لە چەند تاوانەوە تێوەگلابێت، لە چەند شوێنی جیاواز و چەندین هاوکاری هەبێت".

وتیشی لەو حاڵەتانەدا لێکۆڵینەوەی درێژخایەن پێویستە.

حەرب وتی یاسای عێراق بە بەرپرسیارێتیەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسی تیرۆریزم دەکات "بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەریی داد بۆئەوەی کەسی بێتاوانیش بەهەڵە تۆمەتبارنەکرێت."

وتیشی: "هەموو شتێك بە رێکاری یاسایی بەڕێوەدەچێت، لە دەستپێکی گرتنەوە تا لێپێچینەوە و تا دەگاتە دوا بڕیاری دادگا و سزادان."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەوانەی لەسەر تاوانی تیرۆریزم ده‌ستگیركراون ژمارەیان دەگاتە چەند هەزارێك." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لە زیندانی تۆکمەدا دەستبەسەرن و "بەگوێره‌ی بەند و پرەنسیپه‌ جیهانییەکانی مافی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."

حەرب وتی: "نزیکەی 100 کەس ئەمساڵ لە سێدارەدران دوای ئەوەی بەڵگەی یەكلاییكه‌ره‌وه‌ هەبوو کە ده‌یسه‌لماند تاوانی کوشتنیان ئه‌نجامدابوو."

ئەمنییەتی توند لە زیندانه‌كاندا

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كه‌عود وتی نزیکەی 2,300 دەستگیرکراو لە ئەنبار بەندکراون لەسەر تاوانەکانی پەیوەند بە تیرۆریزمەوە.

بە دیارونای وت كه‌ سزادراوەکان بۆ ئەو زیندانانە نێردراون کە ئەمنییەتیان زۆر پتەوە و رێکاری زۆر توند و وردی ئەمنی رەچاودەکرێت "بۆ پاراستنی زیندانەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".

وتی: "رێکارە ئەمنییە توندەکان دەبینین لەکاتی سەردانماندا بۆ زیندانەکان و زیندانییەکانیش باش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و رێیاندەدرێت بەشداریبكه‌ن له‌ چەندین بەرنامەی چاکسازیدا."

وتیشی وێركشۆپ و خولی راهێنان بۆ زیندانییەکان دانراون و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ رێنوێنی ئایینیش وەردەگرن کە ئامانجی چاکسازییە لە بیروبۆچوونە گومڕاكانیاندا.

كه‌عود وتی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئەنبار چەندین لیژنەی هەیە لەسەر تاوانەکانی تیرۆریزم کاردەکەن و پێکهاتوون لە دادوەر و لێکۆڵەرەوەکان و بەرپرسانی هەواڵگری، کە لێپێچینەوە لە دەستگیرکراوەکان دەکەن لەسەر ئه‌و تاوانانه‌ی پێی تۆمەتباركراون.

وتیشی دوای ئەوەی تاوانەکان پشتڕاستدەکرێنەوە "دەبرێن بۆ دادگاکان بۆئەوەی رووبەڕووی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە ببنەوە".

پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەڵێت 2,000 کەسیان بە تۆمەتی تاوانی تیرۆریزم دەستگیرکردووە.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکان بۆ راوەدوونان و ده‌ستگیركردنی ئەندامانی داعش "بەپتەوی لەلایەن دانیشتووانە ناوخۆییەکەوە پشتیوانی دەکرێت".

وتی: "مەدەنییەکان هێزە ئەمنییەکان دەبەنە سەر شوێنەکانی داعش." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ هاوکارییەکانی نێوان دانیشتوانە مەدەنییەکە و هێزەکانی عێراق زۆر پتەوترە وه‌ك بەر لەو کاتەی داعش هات لە ناوەڕاستی 2014.

وتیشی: "ئێستا رووبەڕووی واقعێکی دیکە بووینەتەوە کە تیایدا مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان پشتیان بە پشتی یەکەوەیە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆریزم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500