هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

دوا هەنگاو دەنرێت بۆ پاکردنەوەی موسڵ لە تەرمەکانی داعش

عەلا ئەبو حسێن لە بەغدا

تەرمی چەکدارانی داعش هێشتا لەژێر داروپه‌ردووه‌كانی چەند ناوچەیەکی شاری کۆنی موسڵدا ماون. [خاوەنی وێنە: لەیس راشدی]

تەرمی چەکدارانی داعش هێشتا لەژێر داروپه‌ردووه‌كانی چەند ناوچەیەکی شاری کۆنی موسڵدا ماون. [خاوەنی وێنە: لەیس راشدی]

حکومەتی خۆجێی موسڵ هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆئەوەی کارەکانی ئەنجامبدات بۆ لابردنی تەرمی چەکدارەکانی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)لەژێر داروپه‌ردووه‌كانی شاری کۆنی موسڵدا.

سەدان چەکداری داعش کەوتنەژێر داروپه‌ردووی ماڵ و بینیا حکومیەکان کاتێك هێزەکانی عێراق شه‌ڕیانده‌كرد بۆئەوەی رۆژئاوای شارەکە لە دەست گروپەکە دەربێننه‌وه‌ لە تەمموزی 2017.

سەرۆكی شاروانی موسڵ، زوهەیر ئەعرەجی بە دیارونای وت هەفتەی رابردوو دوا هەنگاو نرا بۆ "سڕینەوەی پاشماوەکانی داعش لە موسڵ".

وتی کار دەستیپێکردووە لەلایەن تیمە سەربازییەکانەوە بە هاوکاری شارەوانی و بەرگری شارستانی و تیمەکانی پزیشکی دادوه‌ری و دەزگا تەندروستییەکان.

هێزەکانی عێراق بۆ هەفتەی دووەمی کانونی یەکەم هەڵمەتێكی نوێیان دەستپێکرد بۆ سڕینەوەی پاشماوەکانی داعش لە موسڵ، وەك لابردنی پاشماوەی چەك و تەرمەکان، وەك لەم وێنەیەکدا دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: لەیس راشدی]

هێزەکانی عێراق بۆ هەفتەی دووەمی کانونی یەکەم هەڵمەتێكی نوێیان دەستپێکرد بۆ سڕینەوەی پاشماوەکانی داعش لە موسڵ، وەك لابردنی پاشماوەی چەك و تەرمەکان، وەك لەم وێنەیەکدا دەبینرێت. [خاوەنی وێنە: لەیس راشدی]

ئەعرەجی وتی: "هەموو تەرمەکانی داعش لە هەڵمەتەکانی پێشتردا لابراون." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوانەی ماونەتەوە پارچەی لاشەکانن کە لەژێر داروپه‌ردووه‌كاندان لە چەند ناوچەیەك.

هەڵمەتە نوێکە بەشێكە لە زنجیرەی هەوڵەکان بۆ لابردنی تەرمەکان، كه‌ ئەمجارە ناوچەکانی مەیدان و تەوالیبی شاری کۆن دەگرێتەوە.

هەڵمەتەکان پێشتر تەرمەکانیان لە ناوچەکانی فاروق و باب جەدید و راس جەدا و نەبی شیت و چەند به‌شێكی دیکەی شاره‌ کۆنه‌كه‌ لابرد.

ئەعرەجی وتی: "دەمانەوێت کارەکە بەتەواوی ئەنجامبدەین بۆ پاکردنەوەی شارەکە لە پاشماوەی تەرمەکان."

وتی دوای تەواوبوونی هەڵمەتەکە، تیمێکی شارەزا ناوچەکە ده‌پشكنێت بۆئەوەی بزانرێت ئاخۆ رەوشەکە پێویستی بە کاری زیاتر ده‌بێت و ئەو تیمە پێویستە لە یەك مانگدا راپۆرتەکەی خۆی ئامادەبکات.

داوای هاوکاری

ئەعرەجی وتی لابردنی تەرمەکان بەبێ هەوڵی لابردنی داروپه‌ردووه‌كان ئەنجامنادرێت، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زۆری جەستەیی و هاوکاری دارایی هەیە.

وتیشی کارەکە مەترسی ئەمنیشی هەیە بەهۆی بوونی مین و ئەو تەقەمەنیانەی نەتەقیونەتەوە.

وتی لە دووەم رۆژی دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەدا تیمەکان زیاتر لە دەرزەنێك قایشی تەقەمەنی چەکدارەکانی داعشیان دۆزیەوە لەگەڵ 100 تۆپی قەبارە جیاواز.

وتی: "ئەمە نیشانیدەدات چەندە هاوکاری حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گرنگە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئەو هەوڵانە تێچوویان زۆرە، چونکە ده‌بێت چەندین تەن داروپه‌ردوو به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌مین لاببرێن.

وتی ئەوەش پێویستی بە بیلدۆزەرە لەگەڵ تیمە شارەزا سەربازیەکان و کرێکار بۆئەوەی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لابەرن.

وتیشی هاوکاری دیکە پێویستە بۆئەوەی بەردە بەنرخە مێژوویەکان بهێڵرێنەوە و زیاتر زیانیان پێنەگات.

ئەعرەجی وتی خۆبەخشەکان و دەزگاکانی شارەوانی بەتەنیا توانای ئەم جۆرە کارەیان نیە، چونکە رۆڵی ئەوان پاکردنەوەی شەقامەکان و لابردنی داروپه‌ردووه‌ قورسەکەیە.

مەترسییە تەندروستییەکان

ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فاتن حیلفی وتی مەترسییەکان لەسەر تەندروستی و ژینگە و ناجێگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەردەوامدەبێت لە شارەکەدا تا تەرمەکان بەتەواوی لانەبرێن.

بە دیارونای وت ئه‌و تەرمانه‌ی شیبوونەتەوە "مەترسییان هەیە بۆ خاك و ئاو و ژینگە". وتیشی نیگه‌رانییه‌كی دیکەی دانیشتوانەکە ئەوەیە كه‌ هەندێك لە تەرمەکان دەکرێت تەڵەی تەقەمەنییان لەژێردابن.

حیلفی داوای هاوکاری زیاتری حکومەتی کرد بۆ نوسینگه‌ی کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆئەوەی رێگای بۆ بکرێتەوە کارەکانی گەڕان و لابردنی تەرمەکان لەگەڵ بەڕێوبەرێتییەکانی موسڵ ئەنجامبدات.

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهم وتی: "پشتگیری دانیشتوانەکە زۆر پێویستە لەم قۆناغەدا لەڕوانگەی ئەوەی ئاگاداری بدەن کاتێك تەرمێکی داعش دەبینن."

وتی دەزگا حکومییەکان کاردەکەن بۆ لابردنی تەرمەکان "بەڵام دۆزینەوەی ئەو تەرمانە لەناو داروپه‌ردووه‌کاندا پێویستی بە کەسێكە تیمە شارەزاکان بباتە سەریان، ئەمەش ئەو رۆڵەیە دانیشتوانەکە دەتوانن بیگێڕن".

هۆشداریشی دا کەس نەچێتە لای ئەو تەرمانەی گومانیان لێده‌كرێت بۆمبڕێژكرابن یان تەقەمەنی و مادده‌ی مەترسیداریان له‌ ده‌وروبه‌ر بێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500