هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

عێراق کەمپی ئاوارەکانی کیلۆ-80 لە رەمادی دادەخات

خالید تائی

پاسەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ گواستنەوەی پاشماوەی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپی کیلۆ-18 لە رەمادی بۆ ماڵەکانیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

پاسەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ گواستنەوەی پاشماوەی خێزانە ئاوارەکان لە کەمپی کیلۆ-18 لە رەمادی بۆ ماڵەکانیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

کەمپی کیلۆ-18ی ئاوارەکان لە خۆرئاوای رەمادی داخرا، حکومەتی خۆجێی ئەنبار سێشەممە (4 کانونی یەکەم) رایگەیاند.

"لە دوو رۆژی رابردوودا دەستمانکرد بە گەڕاندنەوەی دوایین خێزانە ماوەکان لە کەمپەکە بۆ ناوچە [رەسەنەکانیان] کە پێشتر لێی نیشتەجێبوون،" راوێژکاری قائیمقامی ئەنبار بۆ کاروباری ئاوارەکان مازن خالید دولێمی وتی.

بە دیارونای وت: "نزیکەی 30 خێزانمان گەڕاندۆتەوە و 40 خێزانی دیکە لەڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ ماڵەکانیان لە قەزای قائیم."

وتیشی نزیکەی 100 خێزان لە کیلۆ-18 گوێزرانەوە بۆ کەمپی شاری گەشتیاریی حەبانیە له‌ خۆرهەڵاتی ئەنبار و تێكه‌ڵده‌كرێن له‌گه‌ڵ پاشماوەی خێزانە ئاوارەکان لەو پارێزگایە.

یەکێك لە گەورەترین کەمپی ئاوارەکان لە عێراق، کیلۆ-18، نزیکەی 1,600 خێزانی نیشتەجێی لێبوو کە لە شوێنەکانی خۆیان ئاوارەکرابوون دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) دەستیگرت بەسەر شارەکانی ئەنباردا.

دولێمی وتی: "ئەم خێزانانە زیاتر خەڵکی رەمادی بوون و دواتر ئەوانیدی هاتنە پاڵیان لە شارەکانی دیکەی خۆرئاوای پارێزگاکەوە، به‌تایبه‌تی قائیم و راوە و عەننە، لەکاتێكی هەڵمەتێكدا بۆ ئازادکردنی ئەو شارانە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا."

وتی لە ساڵی رابردووەوە گەڕانەوە لەنێویاندا ئەنجامدەدرێت بەپلەبەندی و بە گروپی جیاواز.

وتیشی: "هەرکات شارێك رزگاربکرایە و لە بۆمب پاکبکرایەتەوە و کەرتی خزمەتگوزاری نۆژەنبکرایەتەوە، دەستماندەکرد بە یارمەتیدانی دانیشتوانە ئاوارەکە بۆ گەڕانەوە."

گەڕانەوەی خۆبەخشانە

جەختیکردەوە لەوەی "گەڕانەوە بەزۆر نیە، بەڵکو خۆبەخشانەیە" و بەگوێرەی سیاسەتەکانی حکومەتە کە هانی خەڵك دەدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان ببنەوە.

وتی کەمپی کیلۆ-60 لە خۆرائاوای رەمادی لە ناوەڕاستی 2017 داخرا، لەکاتێکدا کەمپی خالیدیە --کە پێکهاتبوو لە 11 کەمپی بچوکتر-- لە کۆتایی ئەیلول داخرا.

دولێمی وتی: "سێ کەمپە ماوەکە بریتین لە حەبانیە، عامریەت فەلوجە و بزه‌یبز کە لەئێستادا نزیکەی 6,000 خێزانی ئاوارەیان تێدایە."

وتی کەمپی بزه‌یبز سێیەم کەمپە لە لیستی ئەو کەمپانەدا كه‌ بەمزوانە دادەخرێن و "پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا دایبخەین و دواتریش دوو کەمپەکەی دیکە دادەخەین".

وتیشی: "دەمانەوێت کۆتایی بە ئاوارەیی بهێنین و ئەم لاپەڕەیە بۆ هەمیشە هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌. شارەکانمان ئازادکراون و لەئێستادا ئەزمونی سەقامگیری و ئاسایش دەکەین لەگەڵ زیادبوونی بیناسازی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500