هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دوای تەقینەوەی چێشتخانەیەك، موسڵ ئەمنیەت بەهێزدەکات

خالید تائی

لە 9 تشرینی دووەم، هێزە ئەمنیەکانی عێراق شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو دەپشکنن کە سێ کەسی تێدا کوژرا و دەیانی دیکە برینداربوون، کە شەوی پێشتر نزیك بە چێشتخانەیەك روویدا لە موسڵ، یەکەمین هێرشی لەوشێوەیە بوو لەوکاتەوەی داعش ساڵی رابردوو لە شارەکە دەرکرا. [زەید عوبێدی / ئاژانسی فرانس پرێس]

لە 9 تشرینی دووەم، هێزە ئەمنیەکانی عێراق شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو دەپشکنن کە سێ کەسی تێدا کوژرا و دەیانی دیکە برینداربوون، کە شەوی پێشتر نزیك بە چێشتخانەیەك روویدا لە موسڵ، یەکەمین هێرشی لەوشێوەیە بوو لەوکاتەوەی داعش ساڵی رابردوو لە شارەکە دەرکرا. [زەید عوبێدی / ئاژانسی فرانس پرێس]

رۆژانی دوای تەقینەوە کوشندەکەی 8 تشرینی دووەم لە چێشتخانەیەکی موسڵ، هێزەکانی عێراق رێکاری ئەمنیی توندتریان دانا بۆ بەرگرتن بە دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو شێوەیە، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

وتیان ئەم رێکارە ئەمنیە نوێیانە هاوشانن بە گەیشتنی زانیاریی "بێوێنە" لە خەڵکی مەدەنیەوە کە باس لە چالاکیی گومانلێکراو دەکەن.

سەرچاوە پزیشکی و ئەمنیەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان وت تەقینەوەی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکە، کە لەبەردەم چێشتخانەی ئەبو لەیلای شارەکەدا تەقیەوە، سێ کەسی کوشت و 12ی بریندارکرد.

ئەوە یەکەمین تەقینەوە بوو لەوکاتەوەی موسڵ گیرایەوە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) و دانیشتوانی تووشی دڵەڕاوکێ کرد.

هێزێکی سەربازی دەوری حەشارگەیەکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا' (داعش) دەگرێت لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشكنیندا لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]

هێزێکی سەربازی دەوری حەشارگەیەکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا' (داعش) دەگرێت لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشكنیندا لە باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا]

موسعەب، 25 ساڵ، کە کارمەندی چێشتخانەکەیه‌، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە ئازادکرابووین، بۆیە پێمانوابوو ئاسایش گەڕاوەتەوە."

ئۆتۆمبیلەکەی، کە لەو نزیکانە رایگرتبوو، لە تەقینەوەکەدا زیانی بەرکەوت.

وتی: "چوار ساڵ کارمکرد و پارەم کۆکردەوە تا بیکڕم، بەڵام لە چاوتروکانێکدا هەمووی تیاچوو."

'هێرشی دەستپێشخەرانەی توند'

قائیمقام زوهەیر ئەعرەجی وتی رووداوەکە "دزەکردنێکی ئەمنی بوو کە دەکرێت لە هەر شوێنێکی دونیا رووبدات و ئاماژەیەك نیە بە لاوازبوونی ئاسایش".

بە دیارونای وت: "هێرشەکە زیاتر سووریکردین لەسەر شکستهێنان بە پاشماوەکانی داعش و ئەندامە نهێنیەکانی گروپەکە لە شارەکەمان."

وتی: "دوای ئەم تاوانە، هێزەکانمان یەکەکانیان بڵاوکردەوە و پێگەکانیان بەهێزکرد لە کەناره‌كان [ی شارەکە]، بەتایبەتی لە خۆرئاوا."

ئەعرەجی وتی پلانە ئەمنیەکان پێداچوونەوەیەکی چڕوپڕیان تێداکراوە کە رێکاری ئەمنی پارێزگارانەتر دانراون.

وتی لەنێویاندا "چڕکردنەوەی چاودێری بەدەوری شارەکە و دەروازە سەرەکیەکەیدا و بەردەوامی لە هێشتنەوەی بازگەکان"، لەگەڵ "دووهێندەکردنی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئامانجی خانە نهێنیەکانی تیرۆریستان".

وتی: "لەکاتی هێرشەکەوە تا 15 تشرینی دووەم، هێزەکانمان سێ هێرشی بەرپێگرانەی توندیان لە دەوروبەری موسڵ ئەنجامداوە."

ئەعرەجی وتی ئەمانەش بوونەهۆی "کوشتنی 20 ئەندامی داعش کە خۆیان لە ناوچەکانی بادوش و ئاسکی موسڵ و حومەیدات شاردبووه‌وە".

لە هەمان ماوەدا، پۆلیسی نەینەوا 14 کەسی داواکراوی دەستگیرکرد لە قەزاکانی موسڵ جەدیدە، حەرامات، قودس، ئینتیسار و کەرامە، لەنێویاندا چەکدارەکانی داعش و ئەندامانی گروپی "حیسبە" (پۆلیسی ئایینی).

وریایی زیاتر

ئەعرەجی وتی دوای تەقینەوەکەی 8 تشرینی دووەم، دانیشتوان خواستێکی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی شارەکەیان و ئاماژەیکرد بەوەی زانیاریدان زیادیکردووە "لە ئاستێکی بێوێنەدا".

وتی: "دانیشتوان پەلەدەکەن لە هەواڵدان بە کارمەندانی ئەمنی دەربارەی چالاکی گومانلێکراو، ئۆتۆمبیل یان شمەکی بیانی. وریایی زیاتر و هۆشداری و هاوبەشی لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیدا دروستبووە."

وتیشی "ئەم رووداوە تیرۆریستییە تەنیا بەهێزتری کردین،" ئاماژەیکرد بەوەی خەڵکی شارەکە بەشێوەیەکی ئاسایی کارەکانی خۆیان راییدەکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، عاید لوەیزی بە دیارونای وت دوای هێرشەکەی موسڵ، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ فەرماندە ئەمنیەکان بۆ تاوتوێکردنی شێوازەکانی بەهێزکردنی رێکارە ئەمنیەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری.

وتی "هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش،" لەنێویاندا زیادکردنی ژمارەی یەکەکانی چاودوێریی تەقەمەنی (سۆنەر) لە هەشت دەروازەی شارەکە.

وتیشی لەئێستادا خاوەنکارانی شارەکە لەسەریانە کامێرای چاودوێری لە دوکانەکانیان دابنێن و ژمارەی کامێراکانی چاودوێری لە شوێنە گشتییەکان دووهێندە زیادیکردووە.

لوەیزی وتی هه‌روه‌ها رێکارە ئەمنیەکان بریتین له‌ "بەهێزکردنی رۆڵی موختاری گەڕەکەکانیش".

وتیشی هاوکات ئەنجومەنەکە داوای دامەزراندنەوەی ئەفسەرەکانی پۆلیس دەکاتلەگەڵ دامەزراندنی ئەفسەری نوێبۆ پڕکردنەوەی ژمارەی کەم.

وتی: "لەمبارەیەوە پێشنیازێکمان دا بە حکومەت، چونکە لە ئێستادا ژمارەی ئەفسەرانی پۆلیس ده‌گاته‌ 12,000، لەکاتێکدا پێویستمان بە 40,000 هەیە بۆ بڵاوکردنەوەیان بەنێو شارەکاندا و لەسەر سنوور."

هێشتنەوەی دەستکەوتە ئەمنیەکان

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەربا بە دیارونای وت سەرکەوتن بەسەر داعشدا "وەرچەرخانێکی مێژوویی پرشنگدار" بوو، "بەڵام قۆناغی دوای سەرکەوتن پێوسیتی بە هەوڵی فراوانە لە هەمووانەوە بۆ هێشتنەوەی دەستکەوتە مێژووییەکان".

وتی: "پێشێلکاریی ئەمنی بەمدواییانە رێکاری ئەمنیی خێرای بەدواداهات." وتیشی دانیشتوان "بە هەڵوێستێکی ئەرێنیانە" وەڵامیانداوەتەوە.

جەربا وتی: "بەڵام، پێویستە ئاگاداربین کە قۆناغی ئێستا پێویستی تەنیا بە رێکاری ئەمنی نیە، بەڵکو رێکاری ئابوریی و کۆمەڵایەتییش دەخوازێت."

جەختیکردەوە لەوەی ئاسایش پێویستی بە هەوڵی نائاسایی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و هەژاری و گەیشتن بە گەشەپێدان و بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

دانیشتوویه‌كی موسڵ، عیسام مەحمود، کە خەڵکی گەڕەکی زوهوری شارەکەیە، وتی تەقینەوەکەی 8 تشرینی دووەم "بەڵگەیە بۆ ترسنۆکیی تیرۆریستان".

بە دیارونای وت پاشماەوکانی داعش "پێیانوایە بەسەرماندا زاڵدەبن، بەڵام ئێمە وریاین و ئامادەین بۆیان. قوربانیمان دا بۆ بردنەوەی ئازادی و هەرگیز کۆڵنادەین".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خه‌ڵكی موسڵ ده‌بێت زۆر وریا بن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌