هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق تۆڕە نهێنیەکانی داعش لە کەرکوك دەکەنە ئامانج

خالید تائی

پۆلیسی عێراق حەشارگەیەکی داعش لە ناوچەی داقوقی باشوری کەرکوك دەدۆزنەوە لە 12 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

پۆلیسی عێراق حەشارگەیەکی داعش لە ناوچەی داقوقی باشوری کەرکوك دەدۆزنەوە لە 12 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق]

هێزەکانی عێراق لە کەرکوك هەوڵەکانیان دووهێندە کردووە بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە پارێزگاکە بە زنجیرەیەك لە ئۆپەراسیۆن بۆ كردنه‌ ئامانجی گروپەکە، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوك، لیوا مەعەن سەعدی وتی لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنێك بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی 27 ئەندامی تیرۆریستان لە کەرکوك کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی تشرینی یەکەم لە شارەکە.

وتی ئەندامانی شانەکە، لەنێویاندا فەرماندەیەکی بەناوبانگی داعش ناسراو بە ئەبو عەبدولڕەحمان، پشتێنی بۆمبڕێژکراو و تەقەمەنییان پێگیرا كه‌ به‌س بوون بۆ دروستکردنی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو.

وتی شانەکە شەش مانگ لەمەوبەر پێکهێنراوە، وەك بەشێك لە بەناو ویلایەتی کەرکوكی داعش.

کارمەندانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشكنین لە کەرکوك ئەنجامدەدەن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوك]

کارمەندانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشكنین لە کەرکوك ئەنجامدەدەن. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوك]

چالاکیەکانی بەنهێنی ئەنجامداوە لە گەڕەکەکانی کەرکوك، کە ئەندامانی زانیارییان کۆکردۆتەوە و بە ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ هاتوچۆیانکردووە لە تاریکیدا بۆ گواستنەوە و شاردنەوەی تەقەمەنیەکان لە کەنارەکانی شارەکە.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەباح نوعمان بە دیارونای وت تۆڕەکە ویستی سەرنج بۆخۆی رابکێشێت بە ئەنجامدانی چەند هێرشێكی "ترسنۆکانە".

وتی: "بەڵام هێزەکانمان بەتوندی و بە زەبری کوشندە وەڵامیاندانەوە. دەزگا هەواڵگرییەکانمان چالاك بوون و توانییان تیرۆریستان دەستگیربکەن لەڕێی ئۆپەراسیۆنی ئاستی باڵای شوێنپێهەڵگرتنەوە."

نوعمان وتی: "لەئێستادا بەچڕی پشتدەبەستین بە هێز و کاریگەریی هەواڵگری بۆ شوێنپێهەڵگرتنی تۆڕە تیرۆریستیەکان، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵدەدەن خۆیان بشارنەوە لەنێو مەدەنیەکاندا."

دەستبەجێ چاودێری دەستپێدەکات

نوعمان وتی ئەندامانی ئەو تۆڕانە و جوڵەکانیان چاودێری دەکرێت، هەر كه‌ زانیاریی هەواڵگرییمان پێگەیشت و هەر ئه‌وه‌نده‌ی کاتەکە لەباربوو، هێزە ئەمنیەکان "بەتوندی رووبەڕوویان دەبنەوە".

وتی: "هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکەین، بە پێشکەشکردنی زانیاریی ورد دەربارەی حەشارگەکانی دوژمنتا دەستبەجێ بیانکەنە ئامانج." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ هێرشە ئاسمانیەکەی 5 تشرینی دووەم نمونەیەکی ئەو پێکەوەکارکردنەیە.

وتی ئەو هێرشە ئاسمانیە، کە 19 ئەندامی داعشی کوشت لە باکوری کەرکوك، ئەنجامدرا لەڕێی زانیاریی هەواڵگرییه‌وه‌ لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە.

وتیشی هاوکات، "هێزە ئەمنیەکانی عێراق زیاد لە 20 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووەلەماوەی نیوەی یەکەمی ئەم مانگەدا".

وتی دەستگیرکردنەکان لە ئەنجامی زانیاریی خەڵکە مەدەنیەکەوە بوون، لەگەڵ هەڵکوتانە سەر ماڵان و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بۆ کەسانی داواکراو لەنێو کەرکوكدا.

لەنێو دەستبەسەرکراوە بەناوبانگەکاندا سەرکردەیەکی داعش هەیە لە کەرکوك، ناسراو بە "ئەبو عەممار" کە لە "نوسینگەی وتاربێژی و پەروەردە"ی گروپەکە کاریدەکرد.

ئەبو عەممار لە 13 تشرینی دووەم لە شارۆچکەی لەیلانی باشوری خۆرهەڵاتی کەرکوك دەستگیرکرا.

ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی چەند تیرۆركردنێكی کارمەندانی پۆلیس و مەدەنیەکان لە شەپۆلێكی دەستگیرکردندا دەستبەسەرکران. ئەوان بەپرس بوون لە تەقەینەوە و هێرشە تیرۆریستیەکانی رابردوو، ناویشیان لەنێو کەسە داواکراوەکاندا بوو.

هەوڵەکانی لاوازکردنی داعش

بەڕێوبەری راگه‌یاندنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوك، ئەفراسیاو کامل وەیس، بە دیارونای وت: "ئەم هەڵمەتانە بەشێكن لە هەوڵێکی هەماهەنگیکراو بۆ لاوازکردنی چالاکیە تیرۆریستیەکانی چەکداران و بنەبڕکردنیان."

وتی: "چەند هێرشێکی بەرچاومان ئەنجامداوە لەدژی چەکدارە تیرۆریستەکان کە کاریگەرییان هەبووە. توانیومانە پلانەکانیان شکست پێبهێنین، لەبەرئەوەی بەردەوامین لە رووبەڕووبوونەوەی چالاکیە نهێنیەکانیان لە گەڕەکەکاندا و دواکەوتنیان لە دەرەوەی شارەکان."

وتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەسەر بنەمای پلانی ئەمنی و راپۆرتی هەواڵگریین لە خەڵکە مەدەنیەکەوە و بە هاریکاریی دەزگا ئەمنیەکانی دیکە ئەنجامدەدرێن.

"هەوڵە هەماهەنگیکراوەکانمان بوونه‌ته‌ هۆی دابینکردنی سەقامگیری لە تەواوی کەرکوكدا."

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، محەمەد کەمال بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق "کاری خۆیان دەکەن بە هەستی بەرپرسیارێتی و هاریکارییەوە".

وتی: "هیچ درێغی ناکەن لە هەوڵەکانیان تا ئێمه‌ ژیانێکی ئاسایی بژیین." وتیشی سەرکەوتووبوون لە کەمکردنەوەی هەڕەشەی ئەندامانی داعش.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك، بورهان عاسی بە دیارونای وت پێویستدەکات هێزی ئەمنی زیاتر بهێنرێتە نێو پارێزگاکە.

وتی: "پێمانوایە پێویستە ئەم هێزانە ژمارەیان زیادبکرێت و باشتر چەکداربکرێن، لەبەرئەوەی پارێزگاکەمان به‌رفراوانە و زۆر گوندی دوورەدەستی تێدایە. لەڕووی ئەمنیەوە، ئەنجامی بەرچاومان بەدەستهێناوە کە دەخوازین بەهێزتریان بکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

خودا سه‌رتانبخات!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌