هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

داعش گەورەترین زیانی لێدەکەوێت لە دیالە

خالید تائی

لەم وێنەیەدا کە 15 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە پۆلیسی عێراق فەرمانی پێدەگات پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێك بۆ پاراستنی سنووری خانەقین لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

لەم وێنەیەدا کە 15 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە پۆلیسی عێراق فەرمانی پێدەگات پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێك بۆ پاراستنی سنووری خانەقین لە خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

پاشماوەكانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لە پارێزگای دیالەی عێراق كه‌وتوونه‌ته‌ لێژی دوای "گەورەترین زیان" لە دەستپێکی ئەمساڵەوە پێیان گەیشتبێت، بەرپرسانی خۆجێی وتیان.

بەگوێرەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ساڵح حسێنی، هێزە ئەمنییەکان 40 ئەندامی داعشیان کوشتووە لە دەستپێکی ئەیلولەوە، لەکاتی هێرشەکانیاندا بۆسەر حەشارگەکانیان لەو پارێزگایە.

حسێنی بە دیارونای وت هێرشەکان ئەو حەشارگانەیان کردە ئامانج كه‌ گروپەکە بە "سەلامەت و پتەو"ی لەقەڵەمدەدان و بوونە هۆی "گەورەترین زیان کە گروپەکە ئەمساڵ پێی گەیشتبێت" لەگەڵ دەستگیرکردنی "دەیان" ئەندامی داعش.

لەنێویاندا فەرماندە و ئەندامی شانەی نوستو و چالاکی داعش هەبوون.

لەم وێنەیەدا کە 19 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی عێراق بەدوای پاشماوەکانی داعش دەکەون لە گوندەکانی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە]

لەم وێنەیەدا کە 19 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی عێراق بەدوای پاشماوەکانی داعش دەکەون لە گوندەکانی پارێزگای دیالە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە]

وتی: "هێزەکانمان بەدوای ئەو ئەندامانە دەکەون لە هەر کونجێکی پارێزگاکە بێت. لەئێستادا رووماڵی ئەمنی درێژبۆتەوە بۆ هەر ناوچە و گوندێك، جا هەرچەندێك دووربێت."

حسێنی وتی لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنیانەدا، هێزە عێراقیەکان توانییان دزەبکەنە نێو بنکە سەرەکیەکانی داعش لە بەناو ویلایەتی دیالە و تێکیانبشکێنن.

ئەمە بووە "گورزێکی کوشندە" بۆ گروپەکە، کە مەبەستی بوو ئەم شوێنە وەك ناوەندێکی سەرەکی بەکاربهێنێت بۆ رێکخستنەوەی ریزە تێکشکاوەکانی و دەستپێکردنەوەی چالاکی بۆ تێکدانی سەقامگیری.

دەستگیرکردن بەگوێرەی زانیاری هەواڵگری

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، عەمید میزهەر عەزاوی وتی لە ناوەندی تشرینی یەکەمدا، هێزەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە فەرماندەیەکی باڵای داعشیان دەستگیرکرد.

ناوبراو بە دیارونای وت لەکاتی لێکۆڵینەوەدا توانیان زانیاری بەدەستبهێنن کە سەریکێشا بۆ بنکەکانی ویلایەتی دیالە.

وتی: "هەر کە زانیاریەکەمان دەستکەوت، بەرەو شوێنەکە چووین، کە پێکهاتبوو لە 20 تونێلی ژێرزەمینی، لە کەناری دەریاچەی حەمرین. ئەو تونێلانە بەتەواوی تێکشکێنران."

وتیشی داعش ئەو تونێلانەی بەکارهێنابوو بۆ پاراستنی چەك، تەقەمەنی، خۆراك و شتومەکی ژیان.

هه‌روه‌ها وتی سێ فەرماندەی باڵای ویلایەتی دیالەی داعشیش لە هێرشەکەدا کوژران و وتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا یەکێك بوو لەو هەڵمەتە سەربازییانەی کە حەشارگەکانی پاشماوەکانی داعشیان کردە ئامانج لەنێو دیالەدا.

ئەمە بووە هۆی تێکشکاندنی حەشارگەکانی داعش لە ناوچەی کەمپی عایشە لە حەمرین؛ حه‌وزی تەبەج؛ زوور لە خانەقین؛ شێخ بابا لە جەلەولا؛ بەهرەزی باشوور؛ لەگەڵ سەرحە و عەیزم نزیك بە سنووری سەلاحەدین.

عەزاوی وتی لە 8 تشرینی دووەم، شانەیەکی نوستووی سێ ئەندامیی داعش هەڵوەشێنرایەوە لە ناوچەی کیلی، لەنێوان خانەقین و جەلەولادا لە خۆرهەڵاتی دیالە.

وتی: "یەکەی هەواڵگریی دیالە توانی ئەو شانەیە بدۆزێتەوە بەهۆی هەواڵگریی ورده‌وه‌ کە پێیانگەیشت."

وتیشی دەستبەسەرکراوەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بەهیوای ئەوەی زانیاری ئەوتۆ پێشکەشبکەن کە ببێتە هۆی دۆزینەوەی شانە تیرۆریستیەکانی دیکە.

عەزاوی وتی: "بەدوایان دەکەوین لە بیابان و ئەشکەوتەکاندا و دەیاندۆزینەوە، دەستبەجێ دەستبەسەریان دەکەین یان دەیانکوژین."

وتیشی: "دەرفەتی ئەوەیان نادەینێ خۆیان بنیاتبنێنەوە. سەربازەکانمان کاری خۆیان دەکەن و سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی تیرۆریزم."

'وانەیەکی سەخت' بۆ داعش

وتەبێژی فەرماندەییەکە، عەقید غالب عەتیە بە دیارونای وت هاوکات فەرماندەیی پۆلیسی دیالە "وانەیەکی سەخت"ی داوەتە پاشماوەکانی داعش لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییانەی دواییدا.

وتی: "هێزەکانمان توانیان حەوت تیرۆریستی مەترسیدار بکوژن" لەگەڵ دۆزینەوە و تێکشکاندنی 17 شوێنی حەوانەوەی گروپەکە.

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییە رووماڵی ناوچەکانی داعشیان لە باکور و خۆرهەڵاتی دیالە کردووە، کە داعش سوودی لێبینیون بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە بۆ خۆحەشاردان.

هه‌روه‌ها وتی: "لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکە کارەکانمان بە رۆحیه‌تی تیمەوە دەکەین و نەخشەڕێگەمان هەیە کە بەکاریدەهێنین بۆ دزەکردنە نێو شانە و حەشارگەکانی تیرۆریستان."

عەتیە وتیشی: "پێشڕەویی بەدەستدەهێنین، بەڵام هەندێك لەم ئەنجامانە لەئێستادا راناگەیەنرێن، تا ئەو پێشڕەوییەی بەدەستمانهێناوە بەربەستی نەکەوێتە بەردەم. دوژمن تێکدەشکێت و ئەوانەش کە دەمێننەوە لەسەر رێچکەی لەناوچوون یان زیندانن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500