http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/11/21/feature-02

×
×

مافی مرۆڤ |

تۆپبارانی ناوچەی ئارامی ئیدلیب سەردەکێشێت بۆ ئاوارەیی

وەلید ئەبولەخەیر لە قاهیرە

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

زۆربەی دانیشتوانی شارۆچکەی ئوم جەلالی پارێزگای ئیدلیب هەڵاتوون دوای تۆپبارانێكی سەختی رژێم زیانێكی زۆری گه‌یاند به‌ موڵكوماڵی خه‌ڵك. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]

تۆپبارانی سەختی رژێمی سوریا کە چەند بەشێكی پارێزگای ئیدلیبی کردۆتە ئامانج بۆتە هۆی ژمارەیەکی زۆر قوربانی و زیان له‌ موڵكوماڵی دانیشتوانه‌كه‌، لەگەڵ ناچارکردنی چەندین مەدەنی بە هەڵاتن، چالاکوانێکی سوری چوارشەممە (21 تشرینی دووەم) وتی.

چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت هەندێك شارۆچکە بەتەواوی چۆڵبوون لە دانیشتوان، لەکاتێکدا ئەوانیدی زیانێکی بەرفراوانیان بەرکەوتوە و بۆ ژیان ناشێن.

وتی شارۆچکە و گوندەکانی خۆرهەڵات و باشوری ئیدلیب رۆژانە کەوتوونەتە بەر تۆپبارانی خه‌ست، هەرچەندە ناوچەکە دانراوە بەناوچەیەکی ئارامی لە چەك داماڵراوبەگوێرەی دوایین رێکەوتن و ئاگربەستێكی راگەیەنراو.

خێزانێکی ئاوارە لە باشوری پارێزگای ئیدلیب خێوه‌ت هه‌ڵده‌ده‌ن لە کێڵگەیەکی كشتوکاڵیدا. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]

ئەندامانی بەرگریی شارستانی سوری (کڵاوسپییەکان) ناوچەیەك دەپشکنن کە رووبەڕووی تۆپباران بووەوه‌ لە باشوری پارێزگای ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: هەیسەم ئیدلیبی]

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند روسیا و تورکیا لە ئەیلول رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوچەیه‌كی لە چەك داماڵراو بۆ بەرگرتن بە هێرشی رژێمی سوریا، بەڵام ئەو توندڕەوانەی نزیکەی له‌سه‌دا 70 ناوچەکەیان بەدەستەوەیە، کشانەوەیان رەتکردەوە.

شەڕکردن لەو ناوچانە بەردەوامبووە، بەجۆرێك توندڕەوان هەینی 22 چەکداری رژێمیان کوشت لە باکوری خۆرئاوای پارێزگای حەما، نزیك بەو ناوچە لە چەك داماڵراوه‌.

ئیدلیبی بە دیارونای وت: "هەندێك شارۆچکە رووخێنراون بەهۆی دوایین تۆپبارانی رژێمەوە و بۆ ژیان ناشێن، لەنێویاندا ئوم جەلال، کە ئەنجومەنی خۆجێیی بە ناوچەی کارەساتباری لەقەڵەمداوە."

وتی لانیکەم 11 مەدەنی کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون لە تۆپبارانەکەدا، کە بووە هۆی شەپۆلێكی ئاوارەیی لە ئوم جەلال، بابولین، جەرجیناز، تەمانعە، ئەبومەکی، وەبیدە، سەکیك و تەح.

ئاوارەکان بێ پەناگەن

ئیدلیبی وتی خەڵكە ئاوارەکە رۆیشتن بەرەو ناوەوەی پارێزگای ئیدلیب، هەندێکیان بەرەو شاری ئیدلیب چوون و ئەوانیدی لە کێڵگە و باخەکاندا خێوه‌تیان هه‌ڵدا.

وتی هیچ ماڵێك نیە بۆ پەنادانی شەپۆلی نوێی ئاوارەکان، چونکە "ئیدلیب پڕ بووە بە ئاوارە و ناتوانێت زیاتر لەخۆبگرێت".

ئیدلیبی وتی بەگوێرەی ئەو خەڵکەی لە تۆپباران هەڵاتوون، "تۆپبارانەکە یەکێك بووە لە سەختترینەکان لەوکاتەوەی شەڕی سوریا دەستیپێکردووە".

پێیانوتووە وا دەردەکەوت ئامانجی سەرەکی "چۆڵکردنی ناوچەکە بێت لە مەدەنیەکان و کردنی بە ناوچەیەکی بێلایەنی لە چەك داماڵراو کە هیچ ژیانێكی مرۆیی تێدانەبێت".

ئیدلیبی وتی ئەنجومەنی خۆجێیی ئیدلیب بانگەوازی فریاکەوتنی بڵاوکردەوە و داوای لە رێکخراوە مرۆییەکان کرد بەهانایانەوە بێن و یارمەتی ئاوارەکان بدەن کە تووشی دۆخێكی زۆر سەخت بوونەتەوە.

وتیشی ناوچەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی سه‌رما و بارانی زۆر بۆتەوە و ئاماژەیکرد بەوەی دەیان خێزان وێڵبوون لە کێڵگەکاندا بەبێ پەناگە.

وتی: "جگه‌ لەوەش، کاری مرۆیی و فریاگوزاری لە ناوچەکە هەڵپەسێردراوەچونکە زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کشاونەتەوە لە ناوچەکە و رەتیدەکەنەوە لەو دۆخەدا کاربکەن،" کە کارمەندانیان دەخاتە مەترسییەوە.

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
4
0

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha