هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزە عێراقییەکان 10 کەس دەستگیردەکەن بەتۆمەتی هاوکاریکردنی داعش

خالید تائی

ئەندامێكی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەیەكدایە لە دەروازەی شارۆچکەی شەرگات لەم وێنەیەدا کە 23 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی شەرگات]

ئەندامێكی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەیەكدایە لە دەروازەی شارۆچکەی شەرگات لەم وێنەیەدا کە 23 تشرینی یەکەم لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی شەرگات]

هێزەکانی عێراق 10 کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی چەکدارانی "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق سوریا" (داعش) لە شارۆچکەی شەرگات لە باکوری پارێزگای سەڵاحەدین، بەرپرسێکی ناوخۆیی هەینی (16 تشرینی دووەم) وتی.

سەرۆکی شارەوانی بەشی رۆژهەڵاتی شەرگات، عەبدولڕەحمان عەلی ئیبراهیم وتی: "هێزە ئەمنییەکان ئەم هەفتەیە لە ناوچەکانی باکوری شەرگات گه‌ڕان و پشكنینیان ئه‌نجامدا."

بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکان تائێستا دەستگیرکردنی 10 کەسیان لێ کەوتۆتەوە کە تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی توندڕەوەکان بە دابینکردنی هاوپشتیی لۆجستی لە بەرامبەر بڕە پارایەکی زۆردا.

وتی ئەو کەسانە خواردن و پێداویستی دیکەیان بە پاشماوکانی داعش فرۆشتووە، وەك پۆشاك و کەلوپەلی چێشتلێنان و بەتانی بە نرخێك کە 10 قات زیاترە لە نرخی بازاڕ بۆئەوەی قازانج بەدەستبێنن.

ئەو سێ پیاوەی سه‌ربه‌ داعش كه‌ هەواڵگریی عێراق لە شارۆچکەی شەرگات دەستگیریکردن لەم وێنەیەدا دەبینرێن کە 20 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگری سەربازی]

ئەو سێ پیاوەی سه‌ربه‌ داعش كه‌ هەواڵگریی عێراق لە شارۆچکەی شەرگات دەستگیریکردن لەم وێنەیەدا دەبینرێن کە 20 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگری سەربازی]

ئیبراهیم وتی دابینکردن و دابەشکردنی کەلوپەلەکان زۆرجار لە کاتی تاریکیدا بەنهێنی ئەنجامدراون.

وتی یەکێك لە فرۆشیارەکان لەوکاتەدا دەستگیرکرا کە لەسەر رێگا بوو بۆئەوەی بڕێکی زۆر خۆراك و ئامێر بگەیەنێت کە لە تراکتۆرەکەیدا شاردبوونییەوە.

وتیشی گرتنیان به‌هاوكاریی راسته‌وخۆی دانیشتوانه‌ ناوخۆییه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، كه‌ راپۆرتیان دا له‌سه‌ر چالاكیه‌كان و شوێنه‌كانی داعش. [دانیشتوان ده‌توانن په‌یوه‌ندیبكه‌ن به‌ ژماره ‌130 بۆ راپۆرتدان له‌ چالاكیه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كانیان.]

ئیبراهیم وتی ئەو سەرەداوانەش بوونە هۆی گرتنی ئه‌ندامانی داعش "لەسەر ئه‌و تاوانانه‌ی بینرابوون". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ گیراوەکان ئێستا لێپێچینەوەی ئەمنییان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر کار و چالاکیەکانیان و پەیوەندییان بە داعشەوە.

وتیشی: "ئه‌وانه‌ کەسایه‌تییان لاوازە و هیچ گوێنادەنە ئەمنییەت و پاراستنی ناوچەکانیان و تەنیا دوای پارە کەوتوون، بۆیە دەبێت بە سزای خۆیان بگەن."

بڕینی هێڵەکانی گەیاندنی شمەك بە داعش

ئیبراهیم وتی هەوڵە هاوبەشەکانی هێزە ئەمنییەکان و دانیشتوانه‌كه‌ "هاوکارن بۆ توندکردنی گەمارۆ لەسەر تیرۆریستە پاشماوەکان و بڕینی هێڵەکانی گەیاندنی شمەك پێیان."

وتیشی هەندێك چەکداری داعش ماون كه‌ لە بیابان و ئەشکەوت و دورگه‌كانی نێوان رووبارەکاندا خۆیان حەشارداوە، وەك دورگەی حیلو لە باکوری شەرگات، نزیك به‌ سنووری پارێزگای نەینەوا.

وتی: "لە کەمبوونەوەدان و کاریگەری و جموجۆڵیان کەمبۆتەوە لە دەرئەنجامی راوەدوونانیان و هێرشە چڕە ئاسمانییەکان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە."

ئیبراهیم وتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند هێرشیکی نوێیان بۆسەر حەشارگەکانی داعش ئەنجامدا و بوونه‌ هۆی کوشتنی 50 توندڕەو.

وتیشی دێهاتییەکان دەنگی پشتگیرییان بەرزکردۆتەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکان.

هه‌روه‌ها وتی: "هاونیشتمانیان ئه‌وه‌ به‌ هەواڵی خۆش له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن كه‌ ده‌بیستن ده‌رباره‌ی ئەنجامی بۆردومانه‌كان و هەڵمەتە ئەمنییە بەردەوامەکان بۆ له‌ناوبردنی تەواوی مۆڵگه‌كانی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ناوچەکانیان ده‌كه‌ن،"

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

پێویستمان به‌ زۆر ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و گه‌ڕان و پشكنینه‌ دژی ئه‌و گومانلێكراوانه‌، چونكه‌ هێشتا كه‌سانی نه‌فس نزم و بێغیره‌ت هه‌ن كه‌ پێداویستیه‌كانی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) دابینده‌كه‌ن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌