قاچاخچێتی نەوت جارێكی تر لە پارێزگای نەینەوای عێراق بەدیکراوە و چالاکوانانیش لە موسڵ بە دیارونا دەڵێن ئەمە سەرچاوەیەکی نوێی داهاتە بۆ "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).
بەرلەوەی داعش لە موسڵ وەدەربنرێت دەستیگرتبوو بەسەر بازاڕی بە قاچاخبردن و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نهوتییهکاندا لەنێوان عێراق و سوریادا، بەڵام ئهو بازرگانییەی لهدهستدا لە 2017، دوای ئەوەی بۆ ئەودیو سنوور دەرپەڕێندرا.
رۆژنامەوان و چالاکوانی موسڵ، لەیس راشدی، بە دیارونای وت هاتنەوەی ئەم بازرگانییە نایاساییە ئیتر بۆ هیچ کەس نهێنی نیە.
وتی سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمەکانی نەوت کە لە سوریاوە دێن بەئاسانی لە شارەکە دەشاردرێتەوە، چونکە بەئاسانی دەست هەر کەس دەکەون و کەسیش پرس لە سەرچاوەکەی ناکات یان چۆن هێنراونەتە وڵاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه لە هەمانکاتدا داعش لەودیو سنووری عێراق بوونی هەیە لە سوریا.
بەگوێرهی راشدی، یەکێك لە گەورەترین بازرگانەکانی بەرهەمە نهوتییهكان لە موسڵ وتوێتی تانکەرەکانی ئەو بەردەوام دەچنە ئەودیو سنوور بۆ سوریا لەو رێڕهوانهوه كه کراونەتەوە له بهربهسته خۆڵەکانی سەر رێگاکانی نێوان سنووری هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی نزیك شەنگال بە ئاراستەی خاڵی سنووری رەبیعە.
ئهو بازرگانی نەوته وتووێتی شۆفێرەکان نەوتی سپی لە داعش دەكڕن لە سوریا و بەهەمان رێگادا دەگەڕێنەوە. كاتێكیش دهپهڕنهوه بۆ ناو سنووری عێراق، پسوڵهی کڕینهكهی له داعش دەدڕێنن.
راشدی وتی ئەم چیرۆکانەی لە چەندن شۆفێری تانکەریشەوە بیستووە، کە پشتڕاستیدەکەنەوە داعش ئەو گروپەیە کە پارەکەی بۆ دهچێت.
هەواڵەکانی قاچاخچێتی گەورەکراون
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نهینهوا، محەمەد ئیبراهم بە دیارونای وت هەواڵەکان لەسەر قاچاخچێتی بەرفراوان گەورەکراون.
ناوبراو وتی: "ئەو قاچاخچێتییەی داعش سوودی لێدەبینی بەڕێژەیەکی زۆر کەمبووهوە دوای ئەوەی گروپەکە لە موسڵ دەرکرا، زیاتریش دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی سنوورەکەیان کردەوە."
وتیشی دەکرێت لێرە و لەوێ قاچاخچێتی رووبدات بەڵام داعش سوودیان لێنابینێت، هەرچەندە لەوانەیە گروپی دیکە هەبێت بەشێوەیەك لە شێوەکان پەیوەندییان پێیانەوە هەبێت.
وتی لە ئێستادا سنووری عێراق و سوریا ئەمنییەتی پارێزراوە لەلایەن سوپای عێراق و هێزە خێڵەکییەکانەوە و بۆ قاچاخچییەکان زەحمەتە پێشێلکاری ئەنجامبدەن.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه دەزگا ئەمنی و حکومییەکان، بە دەزگای کۆنترۆڵکردنی تاوانی ئابوریشەوە، چەندین دەوریە ئەنجامدەدەن لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.
وتی ئەو دەوریانە شمەکە قاچاخەکان دەستنیشاندەکەن لەگەڵ ئەوانەی بۆ خواردنی مرۆڤ ناشێن یان هەر نرخێكی بەرز بە فێڵ دانرابێت.
داعش بەشی خۆی لە پرۆسەکە وەردەگرێت
شارەزای بواری سەربازی، سەفا عەسام بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی بەدڵنیایەوە لەنێوان عێراق و سوریادا ئەنجامدەدرێن بەڵام راستەوخۆ لەلایەن داعشەوە ناکرێن.
روونیکردەوە كه لەلایەن چەند گروپێکەوە دەکرێت کە بەشی داعش لە پرۆسەکە دەدەن، چونکە ئەو ناوچەیەی ئەودیوی سنوور لەژێردەستی داعشدایە.
وتیشی: "سنووری عێراق و سوریا لەلایەن چەندین دەزگای هێزە چەکدارەکانەوە ئەمنییەتی پارێزراوە، ئەوان رێگریدەکەن لە چالاکی گروپە چەکدارەکان ... بەڵام کۆنتڕۆلیان زۆر توند نییە بۆ ئەوەی رێگریبکەن لە جموجۆڵی تاکە کەسەکان."
وتی هەندێك لە قاچاخچییەکان جارجارە بەو نێوانهدا دەچن.
ههروهها وتی: "ئێستا زۆر سەختە قاچاخچێتی لەناوببرێت لەو رەوشە نائارامەی سوریای دراوسێی تێدایە، لەکاتێکیشدا لەودیوەوە داعش ناوچەیەکی لەژێردەستدایە.
عەسام داوای لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرد هەوڵەکانیان زیاتربکەن بۆ رێگرتن لە قاچاخچێتی، کە شادەماری داعش و گروپە توندڕەوەکانە و وتی ئەمە گرنگە ئەنجامبدرێت گەر پێویستش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەریش بکات.